دادگای ناوەندی تاوانەکانی بەغدا سزایەکی لەسێدارەدانی دەرکرد سێشەممە (31 کانونی دووەم) دژی کەسێکی سوری کە تاوانبار کرابوو بە گواستنەوەی پارە لە ئەوروپا و ئەفریقا و وڵاتە عەرەبیەکانەوە بۆ "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، عەبدولستار بەیرەقدار، لە راگەیەندراوێکدا وتی: "دادگاکە گوێبیستی کەیسێك بوو دژی تۆمەتبارێکی بە رەگەز سوری کە دەستگیرکرابوو لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی-زەمیندا لە نزیك سنوری عێراق و سوریا."
بەیرەقدار وتی: "هەموو بەڵگەکان تەواوبوون بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارەکە" کە پارەی گواستراوەی بەدەستدەگەیشت لە ئەوروپا و ئەفریقا و وڵاتە عەرەبیەکانەوە و دواتر ناردنی بۆ داعش، و ئاماژەیدا کە تاوانبارەکە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە بە پێی مادەی چواری یاسای دژە تیرۆر.