هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق لە موسڵ پێشڕەوی نوێ دەکەن

هێزەکانی عێراق گەڕەکێکی نوێیان لە خۆرهەڵاتی موسڵ گرتەوە رۆژی سێشەممە (29 تشرینی دووەم)، سەرەڕای بەرگری توند لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا نەجمەدین کەریم جبوری بە دیارونای وت: "هێزەکانمان بەتەواوی گەڕەکی سۆکاریان گرتۆتەوە دوای شەڕێکی یەکشەوە کە تیایدا نزیکەی 40 چەکداری داعش کوژران و ژمارەیەك ئۆتۆمبیلیان سوتێندرا."

وتیشی: "ئاڵای عێراق لە ئێستادا بەسەر نەخۆشخانەی خەنساوە لە ناوەندی سۆکاردا دەشەکێتەوە، کاریش دەکەین بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە بەخێرایی چونکە بە دەیان خێزان لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە."

جبوری وتی لە هەمانکاتدا، سێ گوند لە بەرەی باشور و خۆرئاوا ئازادکراون، وتیشی: "پێشبینی دەکەین لە ماوەی رۆژێك یان دوانی دیکەدا فڕۆکەخانەی موسڵ بگرینەوە."

ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە رایگەیاند هێزەکانی عێراق سێ کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی موسڵەوە دوورن، کە رێك دەکەوێتە باشوری شارەکەوە.

بەیانی سێشەممەش هێرشێکیان دەستپێکرد بەدووری 90 کیلۆمەتر لە باشوری موسڵ بۆ گرتنی ناوچەیەکی ژێردەستی داعش لە خۆرهەڵاتی شەرگات، ئەو شارۆچکەیەی لە ئەیلولدا لەدەستی گروپەکەیان سەندەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500