فڕۆکە جەنگیەکان بەردەوامبوون لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە حەلەب رۆژی دووشەممە (26 ئەیلول) و دانیشتوانیش هۆشداریاندا لە کەمبوونی زیاتری خواردن و دەرمان، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی کردە ئامانج لە خۆرهەڵاتی ناوچەکە لە بەرەبەیاندا، بە تایبەت ناوچەکانی مەشهەد و سەیف دەولە.
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە "چەندین هێرشی ئاسمانی" کراونەتە سەر ناوچەکانی خۆرهەڵاتی حەلەب لە دوای نیوەشەوی رۆژی یەکشەممە، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی چەندینی تر.
ئەمە چوارەمین رۆژ بوو لە هێرشی چڕی ئاسمانی لە سەر شارەکە دوای شکستهێنانی ئاگربەستێکی کورتخایەن کە لەلایەن روسیا و ئەمریکاوه ئەنجامدرابوو.
روانگەکە رایگەیاند کە لە کۆتایی رۆژی پێنجشەممەوە تا دووشەممە لانیکەم 128 کەس، كه نزیکەی هەموویان مهدهنی بوون، کوژراون لە هێرشەکانی سەر خۆرهەڵاتی حەلەب، کە لە ناویاندا بیست منداڵ و نۆ ژن هەن.
روانگەکە وتی کە لانیکەم 36 هاوڵاتی، لە ناویاندا یانزە منداڵ و پێنج ژن، کورژان لەو هێرشانەی کە ناوچە لادێنشینەکانی پارێزگای حەلەبی کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە حەڵەبی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند کە نەخۆشخانەکان کێشەی چارەسەرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی بەرکەوتوانی بۆ دروستبووە چونکە پێداویستیە سەرەکیەکان کەمبوونەتەوە.
رێکخراوی یونیسێف رایگەیاند کە نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی بێ ئاوبوون رۆژی شەممە دوای بۆردومانی هێزەکانی رژێم کە زیانی بە پڕۆژەیەکی ئاو گەیاندووە و جەنگاوەرەکانی ئۆپۆزسیۆنیش یهكێكی تریان داخستووە له تۆڵەی ئهوهدا.
رێکخراوەکە وتی لەدەستدانی پێداویستیە سەرەتاییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن بووەتە جێی مەترسی جددی تەندروستی چونکە تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە ئەو بیرانەن کە بەتەواوی پیسبوون.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی-موون، رۆژی یەکشەممە داوای لە هێزە جیهانیەکان کرد کە شێلگیرانهتر کاربکەن بۆ کۆتاییهێنان بە "مۆتەکەی" سوریا و ئەنجومەنی ئاسایشیش کۆبووەوە بۆ ئەنجامدانی وتوێژی بەپەلە لەبارەی چڕبوونهوهی جهنگهكهوه.