فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رۆژی سێشەممە (13 ئەیلول) رایگەیاند هێزەکانی عێراق هێرشێكی فراوانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان تێکشکاندووە لە نزیک موسڵ و 70 چەکداری گروپەکەیان کوشتووە.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: " فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا بە پاڵپشتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشێکی تیرۆریستی داعشیان لە بەرەبەیانی سێشەممە بەرپەچدایەوە و گروپەکە هەوڵیدا بەرەوڕوی یەکینەکانی حود و شەبالی ببنەوە کە سەر بە فیرقەی 15ی پیادە و ئەو ناوچانەیە کە بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆی فەوجی 37ی [سوپایە]."
بەیاننامەکە وتی: "70 ئەندامی داعش کوژران و 7 ئوتومبێلیان تێكشكێندران لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا کە زیاتر لە پێنج کاتژمێریان خایاند." ئاماژەی بەوەشدا کە هێزەکانی ئاسایشی عێراق هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتوە.