حکومەتی عێراق 82 منداڵی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رادەستی ئازەربایجان کردۆتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف چوارشەممە (4 ئازار) لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزارهتهكه "یارمەتی گەڕاندنەوەی 82 منداڵی کۆماری ئازەربایجانی داوە کە دایکیان سزادراون بە زیندانی لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بەرامبەر ئەندامێتی لە داعشدا".
پسپۆڕێكی بواری هەواڵگری، فازل ئەبوڕەغیف وتی: "رادەستکردنهوهی منداڵانی داعش لەلایەن ئەو لیژنانەی حکومەتەوە ئەنجامدراون کە نوێنەرانی دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری و دادیان تێدایە، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری."
وتی: "گەڕاندنەوەی منداڵەکان لەڕێی کەناڵە دبلۆماسییەکانهوه و بەگوێرەی ئەو رێکەوتنانە کراوە کە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتەکانی وڵاتە پەیوەستەکانەوە ئەنجامدراون، کە زۆربەیان کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوون."
وتی ژمارەی منداڵانی بیانی گەڕێندراوە لە سێ ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە 828 منداڵ لە نەتەوەی جیاواز.
گەڕاندنەوە بەردەوامە
لە 2019، کاربەدەستانی عێراق لانیکەم 360 منداڵی بیانیی داعشیان رادەستی وڵاتانی رەسەنی دایکوباوکیان کردەوە لە تورکیا، روسیا، ئۆزبەکستان و تاجیکستان.
ئەبوڕەغیف وتی لەکاتی شەڕەکاندا بۆ ئازادکردنی شارەکانی عێراق لەدەست داعش لەنێوان 2014 و 2017، هێزەکانی عێراق چەندین ژنی بیانیی داعشیان دەستگیرکرد لەگەڵ منداڵەکانیان.
وتی: "ئەم ژنانە، لەگەڵ ئەوانەی دوای 2017 دەستگیرکران، لەئێستادا لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە دادگاییدەکرێن بەگوێرەی یاسا نیشتمانیەکان، لەنێویاندا یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969."
وتی کاتێك دوا بڕیار دەدرێت لەسەر بەشداربوونی گروپێك لە تیرۆریستان لە تیرۆریزمدا، دەزگا حکومییەکان منداڵەکانیان دەنێرنەوە بۆ وڵاتانی رەسەنیان. ئەو وڵاتانەش دواتر یاخود منداڵەکان رادەستی خێزانی دایکیان دەکەنهوه یاخود دەیانخەنە پەناگەوە.
ئەبوڕەغیف وتی رادەستکردنەوە بەردەوامدەبێت تا هەموو منداڵانی بیانی دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. ئەمە ئەو ژن و لاوانەش دەگرێتەوە کە ماوەی زیندانییان لە عێراق تەواودەکەن یاخود تۆمەتەکانی دژیان لەسەر لادەچێت.
وتیشی: "دادگاییەکانی ئێستا چەکدارانی بیانییان تێدایە جگه لە زیاد لە 1,500 ئەندامی داعش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وە دراونەتە حکومەتی عێراق دوای شەڕی باغوز لە ساڵی رابردوودا."
هیچ داتایەك لهبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی منداڵانی چەکدارانی بیانیی داعش کە لە عێراق دەستبەسەرن، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان ساڵی رابردوو ژمارەكهیان بە 1,100 منداڵ دانا.