چەندین موشەك له بنکەیەکی سەربازییان دا لهتەنیشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە، رۆژی دووشەممە (9 کانونی یەکەم)، شەش سەربازی عێراقییان بریندارکرد، سوپا رایگەیاند.
بەیاننامەیەکی سوپا رایگهیاند كه هێزە ئەمنیەکان بنكهی هاویشتنی موشەکەکان و چهند موشهكێكیان دۆزییەوە کە بەشێوەیەکی دروست نهتهقێنرابوون و ئاماژەبوون بەوەی هێرشێکی گەورەتر پلانی بۆ دانرابوو.
ئەمە دوایین هێرش بوو لەو هێرشانەی بە موشەك ئەنجامدەدرێن و ئەو بنکە عێراقیانە دەکەنە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکایان لێیە یاخود باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا چەند لایەنێکی سەر بە ئێرانیان لە عێراق تۆمەتبارکردووە.
سەرچاوە ئەمنیەکان وتیان بریندارەکانی هێرشەکەی دووشەممە ئەندامی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق بوون، کە یەکەیەکی تایبەتە و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دروستکرا و راهێنرا.
سەرچاوەکان وتیان دووانیان دۆخێکی مەترسیداریان هەیە.
بنكه سەربازییەکە گروپێکی بچوكیش لە سەربازان و دبلۆماتکارانی ئەمریکای لێیە.
تائێستا لانیکەم نۆ هێرش دژی ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدراون لە ماوەی شەش هەفتەدا.
هیچ کەس بەرپرسیارێتی خۆی لێیان رانەگەیاندووە و کەسیش لە هێزەکانی ئەمریکا بریندار نەبوون.
هێزە ئەمنیەکان لانیکەم هێرشێکی هەفتەی رابردوویان پەیوەستکردووە بە کەتائیب حیزبوڵڵاوە کە میلیشیایهكی نزیکە لە تارانەوە و لەلایەن واشنتۆنەوە خراوەتە لیستی رەشەوە.
گەڕێکی نوێی سزاکان
وەزارەتی دارایی ئەمریکا رۆژی هەینی سزای سەپاند بەسەر قەیس خەزعەلیدا، سەرکردەی میلیشیای سەر بە ئێرانی عەسائیب ئەهل حەق.
وەزارەتهكه عەسائیب ئەهل حەقی تۆمەتبارکرد بە "سهرنگونكردنی زۆرهملێی بەرفراوان و رفاندن و کوشتن و ئەشکەنجەدان" بەگوێرەی یاسای گلۆباڵ ماگنیتسکی.
ئەم هەنگاوە ئاڵوگۆڕی دارایی بەرپێدەگرێت لەگەڵ گەشتکردن بۆ ئەمریکا لەلایەن ئەوانەوه کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ دەکەن یان گەندەڵن.
کەسێکی دیکەش کە سزا دراوە لەیس خەزعەلیە، برای قەیس، کە ئەویش سەر بە عەسائیب ئەهل حەقە، لەگەڵ ئهبو زەینەب لامی، کە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هێزەکانی حەشدی شەعبیە.
خاوەنکار و کەسایەتی سیاسیی عێراقیش، خەمیس خەنجەر، کە مامەڵەکارێکی سیاسیی دهستڕۆیشتووه و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەکیەکانی عێراق هەیە، بەر سزاکان کەوتووە بەتۆمەتی بەرتیل.
ئەمە دووەم گروپی هاونیشتمانیانی عێراقیە کە ئەمریکا سزایان دەدات بەگوێرەی یاسای گلۆباڵ ماگنیتسکی.