https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/05/29/feature-03

×
×
ئاساییش |

هێزەکانی عێراق بەدووی پاشماوەکانی داعش دەکەون لە موتەیبجە

خالید تائی

image

ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەگەڕێن لە ناوچەکانی دەوروبەری موتەیبجە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا کە شەممە (26 ئایار) دەستیپێکرد. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە]

هێزەکانی عێراق شەممە (26 ئایار) دەستیانكرد بە هەڵمەتێك بۆ بەتەواوی بنەبڕکردنی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکانی نێوان پارێزگای دیالە و سەلاحەدین.

پۆلیسی دیالە بە دیارونای راگەیاند ئەم هەڵمەتە بەردەوامە، کە زیاتر لە ناوچەی موتەیبجەیە، لەئێستادا "ئەنجامی بەرچاوی" بەدەستهێناوە لە نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیەی داعش هەیبوو بۆسەر شارە سەرەکییەکان لە هەردوو پارێزگاكه‌.

بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیس عەقید جاسم عەتیە وتی پۆلیسی دیالە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و سامەڕا و سەلاحەدین، فیرقەی 5 ی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی و خێڵەکی بەشداریدەکەن، سوپای عێراقیش پشتیوانی ئاسمانیی دەکات.

عەتیە بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنین ئەنجامدراوه‌ لە ناوچەی موتەیبجە و لە ناوچە و گوندە دووردەستەکانی سنووری کارگێڕیی نێوان دوو پارێزگاکە، لەنێویاندا مەییتە و سابییات و هاوی عەزیم.

image

فەرماندە عێراقییەکان سەرپەرشتیی هەڵمەتێکی ئەمنی بەردەوام دەکەن لە ناوچەی دەوروبەری موتەیبجە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە]

وتی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ئەنجامدرا کە ئاماژەیدەکرد بەوەی پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن داڵدە بدۆزنەوە لەوێ، "بە سوودبینین لە فراوانیی ئەم ناوچانە و سەختیی بەتەواوی رووماڵکردنیان لەڕووی ئەمنیەوە".

رێگرتن لە خۆجێگیركردنی داعش

عەتیە وتی چەندین پێگە کە گوماندەکرا ئەندامانی داعش خۆیان لێشاردبێتەوە، پشکنران و "ئەنجامی بەرچاو بەدەستهات لەڕووی نەهێشتنی هەڕەشەیان و رێگرتنه‌وه‌ لەوەی هیچ داڵدەیەکی ئارام دابمەزرێنن".

وتی تا سێشەممە، هێزە ئەمنییەکان شەش داڵدەی ئارامیان رووخاند کە ئەندامانی داعش خۆیان تێدا شاردبووه‌وە و "11 بۆمبی دەستکردیان پوچەڵکردەوە کە لە دەوری ماڵەکان دانرابوون بۆ پاراستنیان".

وتیشی ئەوان دەستیانگرت بەسەر "شوێنکارێکی گەورەدا بۆ بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل و دروستكردنی ته‌قه‌مه‌نی و مادە و پاڵپشتیی لۆجستیی تر" و ئاماژەشیکرد بەوەی ئۆپەراسیۆنەکە نەبۆتە هۆی دەستگیرکردن یان کوشتنی هیچ ئەندامێکی داعش.

وتی: "لەوەتەی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ دەستپێکراوە، هاوڵاتیان یارمەتیمان دەدەن بە پێدانی زانیاری هەواڵگری. هاریکارییه‌كانینا دەگاتە ئاستی بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەی تیرۆریستانیشدا."

وتیشی: "ئەمە هیچ نائاسایی نیە، چونکە خەڵك هەمیشە یارمەتییان داوین." هه‌روه‌ها ئاماژەیکرد بەوەی چەند رۆژێك بەر لە هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئێستا دانیشتوان یارمەتیی هێزە ئەمنیەکانیان دا بەرپەرچی هێرشێك بدەنەوە لە جەلەولا.

عەتیە وتی دابینکردنی ئەمنیەتی ناوچەکە، جا قەبارە و سروشتی هەرچۆنێك بێت، بەبێ هاریکاریی خەڵکەکەی ناکرێت و جەختیکردەوە لەوەی "ئەمە فاکتەرێکی گرنگە لە سەرکەوتنی هەر هەوڵێکی ئەمنیدا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha