پۆلیسی عێراق لە موسڵ بەردەوامن لەسەر هەڵکوتانە سەر پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە ئامانجگرتنی قاچاخچییهكانی چەك و زیاتر پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەکان لەگەڵ سوریا، چونکە لەوێ چەکدارانی داعش هێشتا بوونیان هەیە.
لە مانگی ئازاردا، هێزەکانی عێراق دوو لۆری پڕ لە چەکیان گرت کە بە قاچاخ دەبران بۆ پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق و لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەشدا چوار قاچاخچییان دهستگیركرد کە چەکیان بۆ گروپەکە دابیندەکرد.
بەرپرسان وتیان پۆلیس لۆریی یەکەمی له 6 ئازاردا گرت دوای ئەوەی لە شوێنێك وەستێنرابوو بەبێ شۆفێرەکەی لە رۆژهەڵاتی موسڵ.
فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا، عەمید حەمهد جبوری، وتی: "ژمارەیەکی زۆر لە چەکی قاچاخ دۆزرانەوە کە دانرابوون بگەیەنرێنە داعش بەڵام سوپاس بۆ هەوڵی هێزە ئەمنیەکان کە نەیانهێشت ئەوە رووبدات."
![ئەندامانی هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا لە تەنیشت ئەو چەکانەوە وەستاون کە دۆزیویانەتەوە لە حەشارگەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە رۆژئاوای موسڵ. [وێنەكه وەرگیراوە لە پەیجی فەیسبوکی فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا]](/cnmi_di/images/2018/04/05/12077-Iraq-Ninawa-police-600_384.jpg)
ئەندامانی هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا لە تەنیشت ئەو چەکانەوە وەستاون کە دۆزیویانەتەوە لە حەشارگەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە رۆژئاوای موسڵ. [وێنەكه وەرگیراوە لە پەیجی فەیسبوکی فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا]
جبوری بە دیارونای وت: "هەواڵگرییە وردهكانمان بەرەو ئەو شوێنەیان بردین کە لۆریەکەی لێ وەستابوو. دوای گەڕان 34 ئاڕ بی جی و موشەكهاوێژ و سەدان سندوقی فیشەکمان دۆزیەوە."
لۆریەکەی دیکە لە بادوش راگیرا لە رۆژئاوای موسڵ له 18 ئازار.
ناوبراو وتی ئەم لۆریە لە سنووری سوریاوە هاتبوو، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لهلایهن دهزگا هەواڵگرییه سهربازی و نیشتمانییهكانهوه گیرا.
بەگوێرهی جبوری، 83 مەخزەنی چەك لەناو لۆریەکەدا دۆزراونهوە لەگەڵ فیشەك بۆ چەکی سوك و مامناوهدنی و 69 رومانە و "بۆمبی لکێنراو" و ژماریەکەی زۆر لە چەك و تەقەمەنی دیکە.
ئهڵقهی قاچاخچێتی
جبوری وتی پۆلیسی عێراق لەم دواییانەدا چوار پیاوی لە موسڵ گرت کە بهشێكبوون له ئهڵقهیهكی قاچاخچێتی چەك و چەکیان بۆ پاشماوەکانی داعش دابیندەکرد.
وتی: "دانیان بەوەدا ناوە کە کاریان بۆ داعش کردووە بە دۆزینەوە و پەیداکردنی چەك بۆیان." وتیشی: "ئێمە هەموو رۆژێكچەك و حەشارگەکانی دوژمن دەدۆزینەوەو [پاشماوەی داعش]ی زیاتر دهستگیردهكهین کە هێشتا لە پارێزگای موسڵدا دەژین."
وتی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامدەبن تا چەکدارانی داعش بەتەواوەتی دەردەپەڕێنرێن.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم، وتی لەوەتەی نەینەوا لە داعش رزگارکراوە، هێزە ئەمنیەکان ئەرکەکانیان لە ئاستێکی باڵادا ئەنجامدەدەن.
ناوبراو بە دیارونای وت تێکڕای کارەکانی هێزە ئەمنیەکان "لە ئاستێكی بڵندی هاوئاهەنگیدا ئەنجامدەدرێن بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگاکە و رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکاریە ئەمنیەکان."
وتی: "سوپاس بۆ ئەو هاوئاهەنگیەی هەوڵە ئەمنیەکان کە وایکردووە بەرپەچدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بە قاچاخبردنی چەكی داعش ئهنجامبدرێن و دهرەنجامی باشیشیان بەدەستهێناوە."
ئیبراهیم داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی کرد هەر چالاکیەکی گوماناوی ببینن راپۆرتی لێبدهن و ئاماژەشیکرد بهوهی هەواڵگری لەو جۆرە "پایەی سەرەکی هەموو پلانە ئەمنیەکانە".
'کاری نموونەیی'
ئەندامی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب، وتی کردنە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی بە قاچاخبردن "کارێكی نموونەییە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئەنجام دەدرێت".
شەبیب بە دیارونای وت رێگرتن لە قاچاخچێتی چەك پێویستی بە چڕکردنەوی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکەیە، چونکە داعش تا ئێستاش لەودیوی سوریا بوونی هەیە.
وتی: "دەبێت ژمارەی هێزە پڕچەکە گەڕۆکەکانی سەر سنوور زیاتر بکەین و پاڵپشتیان بین لە رێی یەکەکانی سوپاوە تا بتوانین پهرده لهسهر سنووربڕینهكان و ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی لابهرین و بیاندۆزینەوە."
وتیشی: "پاراستنی سنوورمان لەگەڵ سوریا ئەرکێکی زۆر گەورەی سەرشانی هێزەکانمانە و ئەوانیش بە ئاستێکی بەرزی پیشەیی و كارامهییهوه ئەوە جێبەجێدەکەن."