لە قهزای میقدادیە لە پارێزگای دیالە سەدان ماڵ چاکدەکرێنەوە کە بە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تێکدرابوون.
دەسەڵاتی ناوخۆیی لە دیالە لەگەڵ رێکخراوە جیهانیەکاندا کاردەکات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە رێگەخۆشبکەن ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و دەستبکەنەوە بە ژیانی ئاساییان.
بەرپرسانی نێوخۆیی دەڵێن زیاتر لە 5,000 خانوو ئاوەدانکراونەتەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی میقدادیە عەدنان حسێن خەڵەف وتی ئاستی تێکچوونی خانووەکان و سامانی هاوڵاتیان رێگربووە لە گەڕانەوەی ئاوارهكان له کەمپەکان.
![دوو کرێکار خانوویەك نۆژهندەکەنەوە كه زیانی پێگهیشتبوو لەکاتی شەڕدا دژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگای دیالە. [ خاوەنی وێنە: رێکخراوی کۆمەکی کەنەدی بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەی جیهانی]](/cnmi_di/images/2018/03/29/11984-fixing-cleaning-diyala-600_384.jpg)
دوو کرێکار خانوویەك نۆژهندەکەنەوە كه زیانی پێگهیشتبوو لەکاتی شەڕدا دژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگای دیالە. [ خاوەنی وێنە: رێکخراوی کۆمەکی کەنەدی بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەی جیهانی]
خەڵەف بە دیارونای وت: "داوامان لە چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن تا بەسەر بەربەستەکاندا سەربکەوین و هەندێکیان هاوکاریمان دەکەن."
وتی بە درێژایی ساڵی رابردوو رێکخراوی کۆمەکی کەنەدی بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەی جیهانی، 134 ماڵی بە تەواوەتی دروستکردۆتەوە و 240ی دیکەشی چاککردۆتەوە کە بهشێكیان زیانیپێگهیشتبوو.
هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە ژێر چاودێری دەسەڵاتی ناوخۆیی میقدادیەدا بەڕێوەدەچن و هێزی کاری شارەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی رەوشی ئابوریش باشترببێت.
ناوبراو وتی رێکخراوی کۆمەکی کەنەدی بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەی جیهانی و رێکخراوی کۆچی جیهانی پلانیان هەیە 400 ماڵ چاکبکەنەوە لە میقدادیە.
وتیشی: "لەگەڵ ئەو رێکخراوانە ئەوانەمان دیاریکردوە کە هاوکاریان بکرێت." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ئهو ناوچانهی پلانی بنیاتنانەوە دەیانگرێتەوە زۆربەیان دەکەونە باکوری میقدادیە.
چاککردنەوەی ماڵی خەڵك
سەرۆکی شارەوانی کاتیی میقدادیە حاتەم تەمیمی وتی ئۆفیسەکەی ئەو سەرپەرشتی کارەکان دەکات و "ئێستاش کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لهوهی رێکخراوەکان هەموو پێویستیەکیان بۆ دابینکراوە بۆ ئەوەی کارەکانیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامبدەن".
تەمیمی بە دیارونای وت ئهو ماڵانهی ئاوەدانکراونەتەوە دراونەتەوە بە خاوەنەکانیان، کە دوای ماوەیەکی زۆر لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوه ماڵەکانیان.
وتی: "پرۆژەیەکیش هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی چەند ماڵێکی دیکە و بە هیواین بە زووترین کات دەستپێبکەین."
وتیشی کۆمیتەیەکی حکومەتی فیدراڵی کە چەندین نوسینگهی هەیە لە پارێزگاکانی عێراقدا راسپێردراوه بە قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی شەڕی دەرکردنی داعش کاری لە ژیانیان کردووە.
ههروهها وتی: "کاردەکەین لەگەڵ ئەو نوسینگانه بە وەرگرتی فۆرمەكانی قەرەبووکردنەوە و پشكنینی ماڵە [روخاوەکان] و ئاستی روخاوییان بەرلەوەی بۆ کۆمیتەکەی بەرزبکەینەوە."
وتی تا ئێستا شارەوانیەکە 1,500 فۆرمی بەرزکردۆتەوە و چاوەڕێیە پارەکە وەربگرێت بۆ ئەوەی دابەشی بکات بەسەر خەڵكدا.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە عومەر کەراوی بە دیارونای وت: "رێکخراوە جیهانیەکان ئێستا رۆڵێکی چالاك دەگێڕن و هەستاون بە ئەرکەکانیان."
بەڵام داوای لێکردن خزمەتگوزاریەکان بەرفراوانتربکەن بۆ ئەوەی ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە لە پارێزگاکەدا.
وتی: "نزیکەی 4,000 خانوو هەن لە جەلەولا و عوزهیم و گوندەکانی دەوروبەریان و زۆر گرنگە هاوکاری خەڵك بکرێت لەوێ." داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی دارایی خێراتربکات.
ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد كه زۆربەی مەدەنیەکان پارەیان نیە خانووەکانیان چاکبکەنەوە و هیچ بژاردەیەکیشیان نیە جگە لە مانەوە لە کەمپی ئاوارەکاندا.