لە زۆربەی بەشەکانی پارێزگای ئیدلیب و بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناهەموارەوە، خوێندنگەکان داخراون لەترسی ئەوەی بەر تۆپباران یان هێرشی ئاسمانی بکەون، لهگهڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە ناوچهكانی دهوروبهری شارەکە.
شەڕ بەردەوامە لە چڕبوونەوە لەنێوان گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەك -- لەنێویاندا هەندێك لایەنی توندڕەو -- و رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی لەلایەکی دیکەوە.
مامۆستا و بەرپرسی بەڕێوبهرێتی پەروەردە، تۆفیق عەواد، وتی لهگهڵ چڕبوونهوهی شەڕدا، بەڕێوبهرێتی پەروەردەی ئیدلیب فەرمانێکی دەرکردوە و داوا لە دەزگا پەروەردەییەکان دەکات هەموو پرۆسەی پەروەردە هەڵپەسێرن.
وتی: "بڕیارەکە بەتایبەتی ناوچەکانی ئەبو زوهور، خان شەیخون و مەرعە دەگرێتەوە، کە نزیکن لە ناوچەی شەڕهوه، چونکە ئەو خوێندکارانەی دەچنە ئەو خوێندنگانە لەبەردەم مەترسی جدیی زیان پێگەیشتندان بەهۆی تۆپباران و هێرشی ئاسمانیەوە."
بهڵام عهواد بە دیارونای وت كه لەڕاستیدا پرۆسەی پەروەردە ماوەیەکە وەستاوە، چونکە زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەڵاتوون یان خۆیان بەدووردەگرن لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگە له ترسی ئهمنیهتیان.
ئاماژەی بەوەش کرد كه پرۆسەی پەروەردە لە زۆر بەشی دیکەی ئیدلیب هەڵپەسێردراوە و وتیشی تەنیا چەند خوێندنگەیەك بەکراوەیی ماونەتەوە لە بەشەکانی خۆرئاوای پارێزگاکە، چونکە ئەم دەزگایانە بەشێوەیەکی رێژەیی لەشەڕەوە دوورن.
سیستمی پەروەردە له ئاستهنگدا
عەواد توڕەبوو لە سووربوونی بەڕێوبهرێتیەکە لهسهر ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی وەرزی لەو خوێندنگانەدا کە هێشتا کراوەن و بە دیارونای وت بڕیارەکە رووبەڕووی ناڕەزاییەکی زۆر بووەوە لەلایەن ستافی فێرکارییەوە.
وتی بەڕێوبهرێتیەکە سوورە لەسەر ئەنجامدانیان، ههرچهنده لە 10 خوێندنگە زیاتر نەماوەتهوه کە بتوانرێت تێیاندا ئەنجامبدرێت.
عەواد وتی: "بەردەوامی لە پرۆسەی پەروەردە لە هەندێك خوێندنگە و بێبەشبوونی ئەوانیدیکە جیاوازی لە ئاستی پەروەردەیی خوێندکارانی هەمان ساڵ و ئاستی خوێندندا دروستدەکات."
وتی: "جگه لەوەش، خوێندکاران ناتوانن تەرکیزبکەن، کە ئامانجی تاقیکردنەوەکان پوچەڵدەکاتەوە."
ژمارەیەك خوێندنگەی شاری ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری بوونەتە پەناگە بۆ خەڵکی ئاوارەی ئەو ناوچانە کە کەوتوونەتەدەست رژێم و هاوپەیمانانیان، یان ناوچەکانی هاوسێیان.
عەواد وتی پرۆسەی پەروەردە لە ئیدلیب چەند مانگێکە خاوبۆتەوە بەهۆی کەمی پاڵپشتییەوە بۆی، کە بۆتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی مامۆستایان و خۆبەخشاندا.
مامۆستاکان پارەیان پێنادرێت و دەترسن
زۆر مامۆستا خۆیان لە فێرکردن بەدووردەگرن بەهۆی ئەوەی چەند مانگێکە موچەکانیان بڕاوە و ژمارەی خۆبەخشان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە.
وتی ئەمە زیاتر بەهۆی نەبوونی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکانەوەیە، کە لەلایەن تەحریر شامەوە رێگەی کارکردنیان لێگیراوە لە ناوچەکە.
روونیشیکردەوە كه لەوکاتەوەی هاوپەیمانێتیە توندڕەوەکە کۆنترۆڵی ناوچەکانی دەرەوەی ژێردەستی رژێمی گرتەدەست، هاتوچۆی خۆبەخشان مەترسی زۆری بۆ دروستبووە.
عەواد وتیشی تەحریر شام، کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشوەوە کۆنترۆڵکراوە، "رێگری دەکات لە ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشان کە وەك مامۆستا کاردەکەن بەهۆی دژایەتییانەوە بۆ هاوپەیمانێتیەکە".
ههروهها وتی هاوپەیمانێتیەکە ئەو خۆبەخش و مامۆستایانەی ناچاركرد کە ویستیان لە پیشەکەیاندا بمێننهوه، بە بینی راهێنان و خولی "شەریعە" پێش ئەوەی بەردەوامبن لە فێرکردن لە خوێندنگەکانی ناوچەکەدا.