بازاڕهكهی شارۆچکەی مەرکەدە لە سوریا گەڕانەوەی باری ئاسایی بەخۆوەدەبینێت دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەوێ دەرپەڕێندرا له 9 تشرینی دووەم.
شەقامەکانی ئهو شارۆچکهیه كه نزیکە لە شەدادییهوه لە پارێزگای حەسەکە له باشور، پڕبووە لە کڕیار دوای ئەوەی ئەو ناوچە ستراتیژییە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوورەوە رزگارکرا.
ژیان خێرا گەڕایەوە بۆ مەرکەدە، چونکە زۆربهی دانیشتوانەکەی مانەوە لە کاتی شەڕی دەرپەڕاندنی داعشدا لەبەرئەوەی شەڕە سەرەکییەکان لە رۆخی شارۆچکەکە و گوندەکانی چواردەوری روویاندا.
ئەفسەری هێزەکانی سوریا دیموکرات، فەرهاد خۆجە، کە لەو ناوچەیە جێگیرە، وتی ئەو ناوچانەش بریتیبوون لە عەلوە شەمسانی، زهینەت، جاد و عهناد.
![نووسینەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە دوای خۆیان بەجێیانهێشتووە لە دەروازیەکی شارۆچکەی مەرکەدە لە پارێزگای حەسەکە دوا پاشماوەی گروپەکەیە كه ماوەتەوە لە دوای دەرکردنیان له 9 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]](/cnmi_di/images/2017/12/14/10736-syria-markada-signs-600_384.jpg)
نووسینەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە دوای خۆیان بەجێیانهێشتووە لە دەروازیەکی شارۆچکەی مەرکەدە لە پارێزگای حەسەکە دوا پاشماوەی گروپەکەیە كه ماوەتەوە لە دوای دەرکردنیان له 9 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]
خۆجە بە دیارونای وت شارۆچکەكه پاككراوهتهوه لهو مینانهی داعش چاندبوونی و کاردەکرێت بۆ پاککردنەوەی گوندەکانی چواردەوری و ناوچە کشتوکاڵییەکان بۆ رێگەخۆشکردن بۆ دانیشتوانەکە تاکو بە ئازادی لە ناوچەکەدا بگەڕێن.
خۆجە وتی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە درێژەیانکێشا بەهۆی ئەو تونێلانەی چەکدارانی داعش بەکاریانهێنابوو وەك پەناگە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیماناندا.
رێگرتن لە دزەکردنی داعش
خۆجە وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین بازگەیان لە دەروازەکانی شارۆچکەکە داناوە و لەو شوێنانە بهدواداچوون بۆ ناسنامە و بەڵگەنامەکان دهكهن و چاودێریی هاتن و چوون دەکەن بۆ رێگرتن لە هەوڵهكانی دزەکردنی داعش.
وتیشی مەترسی هەیە چونکە زۆربەی چەکدارەکانی داعش لە شەڕەکاندا هەڵهاتوون بۆ بەشەکانی دیکەی دێرەزوور.
ههروهها وتی: "هاوئاهەنگی باش هەیە لەنێوان دانیشتوانەکە و هێزەکانی ئاسایشدا." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "زۆربەی ئەندامانی ئاسایش خەڵكی مەرکەدە و شەدادی و دەشتەکانی حەسەکەن، ئەمەش دڵنیایی داوەتە دانیشتوانەکە."
دانیشتووی مەرکەدە و بازرگانی ئاژەڵ، فەیسەڵ مهشوح، بە دیاونای وت شارۆچکەکە بە بازاڕەکەی بەناوبانگە، چونکە بنکەی سەرەکی دانیشتوانی حەسەکە و شەدادی و دێرەزوورە.
وتی لەدوای دەرکردنی داعشەوە ژیان گەڕاوەتە بۆ بازاڕەکەش، کە هەموو جۆرە خواردن و سەوزە و ئاژەڵێكی تیادا دەستدەکەون.
مهشوح وتی: "نرخەکان باشن و بەرزبوونەوەی خێرایان بەخۆیانەوە نەبینیوە وەك هەندێك ناوچەی دیکە."
وتیشی: لەوانەیە ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كه ئێرە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و خەڵکەکەی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن و پەیوەندییەکی نزیکی خزمایەتیش لەنێوانیاندا هەیە كه دهبێته رێگر لەبهردهم هەلقۆستنەوەی بارودۆخهكهدا."
سەرکەوتنێکی سەربازی ستراتیژی
مهشوح وتی ههڵكهوتهی شارۆچکەکە رێدەدات بازرگانەکان لە هەموو لایەکەوە بۆی بێن -- لە دێرەزوور، حەسەکە و تەنانەت لە عێراقیشەوە -- هەروەها هەبوونی ئەو هەموو شمەکە وایکردووە کەس بیرنەکاتەوە لە بەرزکردنەوەی نرخەکان.
چالاکوانی بواری کۆمەڵایەتی و میدیا، عەمار ساڵح، بە دیارونای وت رزگارکردنی مەرکەده سەرکەوتنێكی سەربازی گرنگ بوو بەهۆی ههڵكهوتهی ستراتیژیی شارۆچکەکەوه، چونکە لەسەر سنووری دیرەزوور و حەسەکەیە.
وتی وەکو شادەمارێکی گرنگی نێوان هەردوو ناوچەکەیە و رێڕەوێکی گرنی گەیاندنیشە لەنێوان دێرەزوور و عێراقدا.
وتیشی شارۆچکەکە زۆر نزیکه لە بیری گازی عومەرهوه، لەبەرئەوە "کۆنترۆڵکردنی مەرکەدە زۆر پێویستبوو بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانی دەورووبەری حەسەکە و دێرەزوور."
ههروهها وتی شارۆچکەکە ئێستا لەلایەن پیرانی خێڵهكانهوه بەڕێوەدەبرێت و هاوئاهەنگییان لەگەڵ سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و رێگرتن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە.