لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی شەڕی موسڵدا، مەدەنیەکانی دوایین ناوچەكانی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەونە ژێر گوشاری زیاترهوه، دانیشتوانی شارەکە و بەرپرسان بە دیارونایان وت.
کاتێك هێزەکانی دهزگای دژەتیرۆری عێراق چوونە ناوچەی وارشان لە رۆژئاوای موسڵ لە 19 ئایار و ئازادکردنیان راگەیاند، شەڕکەرە ماوەکانی داعش هەڵهاتن بۆ ناوچەی موسڵی کۆن.
هەرچەندە پێش بەجێهێشتن، گروپەکە کۆڵانهكانی گەڕەکەکانی پڕکرد لە بۆمبی دەستكرد ئاماده بۆ تەقاندنەوە.
دانیشتویهكی وارشان، عومەر رەشید، تەمەن 56 ساڵ، وتی شەڕکەرانی داعش بۆمبیان دەچاند لەژێر دەرگای ماڵاندا بۆ رێگەگرتن لە هەڵهاتنیان.
رەشید بە دیارونای وت دەرەنجامی ئەو کارەی بەچاوی خۆی بینیوە.
وتی دوو پیاو کوژران و دوو منداڵ و سێ ژن بریندار بوون کاتێك بۆمبێکی دەستكرد تەقییەوە، لهكاتێكدا هەوڵیاندەدا ماڵەکەیان بەجێبهێڵن و هەڵبێن، چەند کاتژمێرێك پێش ئازادکردنی گەڕەکەکە.
قەڵغانی مرۆیی
رەشید وتی: "چەکدارەکان ئەو ماڵانەیان بەکاردههێنا کە خەڵکیان تێدا دەژیا وەك ناوهندێك بۆ هەڵگرتنی چەکەکانیان و دروستکردنی مین و بۆمبی دەستكرد. قەراغ شەقامەکانیان بۆمبڕیژکرد و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان لەهەموو شوێنێك جێگیرکرد بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی یەکە سەربازیهكان و کردنە ئامانجی خێزانە هەڵاتووەکان."
وتیشی: "ئەوان هەڕەشەیانکرد کە تەقەمانلێدەکەن ئەگەر هەوڵبدەین هەڵبێین و کاتێك هاتوچۆیان دەکرد لەنێوان گەڕەکەکاندا، خەڵکیان لەگەڵ خۆیان دەگرت بۆ خۆحهشاردان لەپشتیانهوه."
هەروەها وتی: "چەند رۆژێکی کەم پێش ئازادکردنەکە چەند خێزانێکیان هێنا لە ناوچەکانی زەنجیلی، خازرە و موسڵی کۆنهوه بۆ گەڕەکی ئێمە."
"ئەوانه قەڵغانی مرۆیی بوون."
هاوکات بارودۆخی ژیان بەشێوەیەکی ترسناك خراپتردهبوو.
وتی: "خەریكبوو لە برسان دهمردین دوایئەوەی خۆراك تەواوبوو. ئەوەی هەمانبوو تەنیا کەمێك ئارد بوو لەکاتێکدا دەمانبینی تیرۆریستان گۆشت و برنج و میوەیان دەخوارد."
رهشید خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی لە گروپەکە رزگاریبووە و ئاماژەیدا بهوهی کە "سەرەڕای ئەو ئازارەی چەشتتمان، خۆشیی رزگاربوونمان لەدەستی داعش ناتوانرێت باسبکرێت."
هێزی زۆر
بەرپرسانی ناوچەکە وتیان هێزەکانی عێراق زۆربەی گەڕەکەکانی رۆژئاوای موسڵیان گرتۆتەوە و نزیکن لە تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شارەکە.
ئەوان بە دیارونایان وت شەڕەکە بەمدواییانە لە ناوچەیەکی بچوكدا سنوردارکراوە لە دڵی شارەکەدا کە شەڕکەرە ماوەکانی داعش هەوڵدەدەن بەرگری بکەن بە بەکارهێنانی زۆری تەقیەنەوە و قورسکردنی گەمارۆی سەر خەڵکی مەدەنی.
وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی: "دوژمن ئێستا هەموو شتێك بۆمبڕێژ دەکات و تەقهمهنی لەسەر شەقامەکان و هەموو شوێنێك دادەنێن بۆ کردە ئامانجی ئەوانەی هەوڵدەدەن هەڵبێن و بۆ رێگرتنیش لە پێشڕەویی هێزەکانمان."
سەبری بە دیارونای وت داعش بینا و ماڵ و تەنانەت مزگەوتەکانیشی کردۆتە ئهمباری چەك و بۆمبی دەستكرد و کارگەی دروستکردنی مین. ههروهها ئاماژەشیدا بهوهی كه گروپەکە "ئۆتۆمبێلی ماڵان دهدزێت و بۆمبڕێژیان دهكات."
وتیشی: "هەتا گوریسهكه زیاتر توندبێتهوه لە ملی تیرۆرستاندا، ئەوان زیاتر دڕندە و شهڕانگێز دەبن."
هەورەها وتی هێزە رزگارکەرهكان "شارەزایی و کەلوپەلی تەواویان هەیە" بۆ پاککردنەوەی شەقامهكان و ئەو شوێنانەی بۆمبیان لێچێندراوە و کردنە ئامانجی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەشێت بۆ خۆكوژی بهكاربهێنرێن.
سەبری وتی داعش دەیەوێت زۆرترین زیانی گیانی بدات "بەڵام ئێمە رێگایان پێنادەین ئەوە بکەن".
داعش لەژێر ئاگردایە
وتەبێژی دهزگای دژەتیرۆر، عەمید سەباح نوعمان، وتی داعش لەهەموو لایەکەوە لەژێر ئاگردایە و ناتوانێت لەوەزیاتر بەرگری بکات.
نوعمان بە دیارونای وت: "گروپەکە ههر رۆژهو بەشێکی شارەکە لەدەستدەدات و پاشەکشە دەکات لەگەڵ شەڕکەر و چەکی کەمتر."
وتیشی هێشتا داعش بەدەوامە لە بۆمبڕێژکردنی رێگا و خانوهكان لە ناوچەکانی ژێردەستیدا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی و هێرشی ههڕهمهكی.
نوعمان وتی لەگەڵ روبەڕوبوونەوەی شکستدا، داعش ئاگریش بهردهدات لە موهلیده تایبەتیهكان و موڵكوماڵه گشتی و تایبەتیهكان و تۆڕهكانی ئاوەڕۆ تێکدەدات.
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای ناوەندی موسڵ، بەسمە بەسیم، بە دیارونای وت: "ئەمە هەموو ئەو تاکتیکی روبەڕوبوونەوەیەیه کە تیرۆریستەکان هەیانە؛ دهستگیركردنی دانیشتوان و کردنە ئامانجیان و ئێستاش هەوڵدان بۆ سوتاندنی هەمووشتێك کە دەستیان پێڕابگات."
بەسیم وتی هەندێك دانیشتوی ئاوارە رایانگەیاند ئەندامانی داعش ناچاریانکردوون کلیلی ئۆتۆمبیلەکانیان پێبدەن بۆ ئەوەی وەك بەربەست بەکاریانبهێنن یان بیانسوتێنن بۆ دروستکردنی دوکەڵ بە مەبەستی خۆشاردنەوە.
وتیشی سەرەڕای چاندنی تەقەمەنی و بۆمبڕێژکردنی ئەو ناوچانەی خەڵکی مەدەنی سەردانیان دەکات، نیشانگرانی داعش خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج یان خۆیان لەپەنادا حەشارداون لەکاتی پێکداداندا یان لەکاتی جوڵاندا لە گەڕەکێكهوه بۆ یەکێکی تر.