راپۆرته‌كان به‌مداواییانه ئاماژه‌یان كرد به فهرمیبوونهوهی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئێران و تاڵیبانی ئه‌فغانستان كه بوونه‌ته‌هۆی ره‌خنه‌ی توند له‌لایه‌ن به‌رپرسان و پیاوانی ئایینی و توێژه‌رانی ئه‌فغانیه‌وه.
ئه‌و راپۆرتانه تیشك ده‌خه‌نه‌سه‌ر مێژووی درێژی ئێران له خستنه‌مه‌ترسیی ئاسایشی ناوچه‌كه و پشتگیركردنی دووڕووییانه‌ی گروپه توندڕه‌وه توندوتیژه‌كان -- له‌وانه تاڵیبان و قاعیده -- كه گوایا رژێمی ئێران دژ به ئادیۆلۆژیاكهیانه.
په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی مردووی تاڵیبان
به‌ڵگه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و تاڵیبانی ئه‌فغانی له مانگی ئازاردا ئاشكرابوو، كاتێك سه‌ركرده‌ی تاڵیبان، مه‌لا ئه‌خته‌ر محه‌مه‌د مه‌نسور، كوژرا له پارێزگای به‌لوجستان له پاكستان كه له‌كاتی كوژرانیدا له ئێرانه‌وه ده‌چووه ناو پاكستان، وه‌ك لێكۆڵه‌ره‌وان بۆیان ده‌ركه‌وت.
به‌ڵگه‌ی زیاتریش مانگی پێشوو كهوتهڕوو كاتێك تاڵیبانی ئه‌فغانی مهولڤی نێك محه‌مه‌دی ده‌ستنیشانكرد وه‌ك نێردراوی بۆ تاران، به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئێكسپرێس تریبیون له 17 تشرینی یه‌كه‌م. محه‌مه‌د سه‌رۆكی به‌شی په‌روه‌رده‌ی فێربوون بوو له‌كاتی حوكمی تاڵیباندا له ئه‌فغانستان له‌نێوان 1996-2001.
به‌گوێره‌ی ئێكسپرێس تریبیون، ئاماژه‌یه‌كی تری په‌یوه‌ندیی نزیكی نێوان ئێران و ئه‌م گروپه تێرۆرسیتیه ئه‌فغانیه سه‌ردانی شاندێكی سێ كه‌سیی تاڵیبان بوو بۆ تاران بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌كی سه‌ربازی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ.
راپۆرته رۆژنامه‌وانیه‌كان و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ شیكاروانان ده‌ریده‌خات كه له‌ماوه‌ی ده ساڵی پێشوودا، رژێمی ئێرانی پشتگیریی بۆ تاڵیبان زیادكردووه، به‌زۆری بۆئه‌وه‌ی تهگهرهبخاته به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی بونیادنانی ئاشتی له ئه‌فغانستان.
به‌وته‌ی شاره‌زایان، ئه‌م هه‌نگاوه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئێران پیشانده‌دات له ئاژاوه‌نانه‌وه له ناوچه‌كه‌دا له‌جیاتیی پاراستنی پوختیی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی ئیدیعای بۆده‌كات.
تاڵیبان 'هاوپه‌یمانێكی گرنگ' ده‌دۆزێته‌وه له ئێران‌دا
به‌وته‌ی به‌رپرسانی ئه‌فغانی و خۆرئاوایی، هاوكاریی نێوان ئێران و تاڵیبان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر و تابێت له زیادبووندایه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی وۆڵ ستریت جورناڵ، له حوزه‌یرانی 2015, تاڵیبانی ئه‌فغانی، كه له‌وه‌پێش پاكستانی به‌كارده‌هێنا وه‌ك بنكه‌یه‌ك بۆ راكێشانی ئه‌ندامان و بنكه سه‌ره‌كیه‌كانی، 'هاوپه‌یمانێكی گرنگ'ی دۆزیوه‌ته‌وه له ئێران‌دا له‌ڕێگای سوپای پاسدارانی ئه‌و وڵاته‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته هه‌واڵه‌كان، به‌رپرسان هه‌ر له 2007 ه‌وه ئاماژه‌یان داوه به‌وه‌ی ئه‌و كاروانانه‌ی چه‌ك ده‌گوێزنه‌وه بۆ تاڵیبان، له ئێرانه‌وه په‌ڕیونه‌ته‌وه بۆناو ئه‌فغانستان.
له حوزه‌یرانی 2013 دا ئه‌م په‌یوه‌ندیه ره‌وتێكی تری وه‌رگرت كاتێك ته‌هران به‌فه‌رمی بانگهێشتی وه‌فدێكی تاڵیبانی كرد بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی.
دواتر له‌هه‌مان ساڵدا به‌رپرسانی ئه‌فغانی وتیان به‌ڵگه‌یان هه‌یه كه ئێران راهێنان به چه‌كدارانی ئه‌فغانی ده‌كات له‌سه‌ر سنوره‌كانی. ئێستاش، به‌وته‌ی به‌رپرسانی ئه‌فغانی و فه‌رمانده‌كانی تاڵیبان، زیاتر له چوار بنكه‌ی راهێنان له‌ناو تاران و مه‌شهه‌د و زاهیدان و پارێزگای كرماندا هه‌یه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كانی گاردیان و وۆڵ ستریت جورناڵ، تاڵیبانی ئه‌فغانی بنكه‌شیان هه‌یه له زاهیدان و مه‌شهه‌د.
به‌رپرسێكی باڵای ئه‌فغانی به وۆڵ ستریت جورناڵی وت: "له‌سه‌ره‌تادا ئێران پشتیوانیی دارایی تاڵیبانی ده‌كرد. به‌ڵام ئێستا راهێنانیان پێده‌كات و پڕچهكیشیان ده‌كات."
هه‌روه‌ها ئێران كۆچبه‌رانی ئه‌فغانیی له‌سه‌ر سنوره‌كان كردۆته ئامانج بۆ هاندانیان تا له ریزه‌كانی تاڵیباندا شه‌ڕبكه‌ن.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی وۆڵ ستریت جورناڵ، یه‌كێك له‌و چه‌كدارانه‌ی تاڵیبان كه ئێران هه‌وادارییان ده‌كات، به‌ناوی عه‌بدوڵا، وتی دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاركردن به‌نایاسایی ده‌ستگیركرا له شاری به‌نده‌ر عه‌باس له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا، ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگریی ئێرانی پێشنیاری بۆ كرد كه موچه‌كه‌ی دووبه‌رابه‌ر بكات بۆ مانگی 580 دۆلار (40,235 ئه‌فغانی) ئه‌گه‌ر رازیبێت له ئه‌فغانستان كاریان بۆ بكات.
وتی: "هه‌رچیه‌كمان بوێت ئێران بۆمان دابینده‌كات."
توڕه‌یی له 'دووڕوویی' ئێران
لهلێدوانیاندا بۆ سه‌لام تایمز، به‌رپرسانی ئه‌فغانی و سه‌ره‌ك خێڵان توڕه‌یی خۆیان ده‌ربڕی له‌و وێرانكارییه‌ی ئێران و تاڵیبان له ئه‌فغانستاندا ئه‌نجامیده‌ده‌ن.
به‌رپرسێك له وه‌زاره‌تی په‌نابه‌ران و گه‌ڕاوه‌كان، عه‌لی ئه‌حمه‌د جیلانی، وتی كاتێك په‌نابه‌رانی ئه‌فغانی له ساڵانی 1980 دا دهستیانكرده هه‌ڵهاتن بۆ ئێران، له‌كاتێكدا داگیركاری له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه و شه‌ڕی ناوخۆ وڵاته‌كه‌یانی پارچه‌پارچه كردبوو، "حكومه‌تی ئێرانی ... كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی ده‌خسته‌به‌رده‌م په‌نابه‌ره‌كان و هه‌راسانی ده‌كردن".
جیلانی به سه‌لام تایمزی وت: "له‌هه‌مانكاتدا، كۆمه‌كی دوژمنانی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن به پێدانی چه‌ك و پاره و رێگاپێدانیان بۆ كردنه‌وه‌ی نوسینگه له تاران."
چاودێریی مافی مرۆڤ و رێكخراوانی تری چاودێری قسه‌كانی جیلانییان پشتڕاستكرده‌وه ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌ی خراپی ئێران ده‌رهه‌ق به په‌نابه‌ره ئه‌فغانیه‌كان. له‌و مامه‌ڵه خراپانه ئازاردانی جه‌سته‌یی بوو له‌لایه‌ن جێبهجێكهرانی یاساوه، دیپۆرتكردنه‌وه، سنورداركردنی هه‌لی كاركردن و به‌ئه‌سته‌م رێگادان به خوێندن.
پیاوێكی ئایینی سونی له پارێزگای نانگارهار، مه‌لا سابیر عه‌زیز، به سه‌لام تایمزی وت پشتگیریی ئێران له گروپه چه‌كداره دزێوه‌كانی وه‌ك تالیبان و قاعیده یه‌كناگرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئیدیعاكانی بۆ قه‌ڵاچۆكردنی تێرۆریزم.
عه‌زیز كه كۆمه‌كی حكومه‌تی ئه‌فغانی ده‌كات بۆ راگرتنی ئاشتی له پارێزگاكه‌دا، وتی: "ئێران ... سه‌رلێشێوانێكی ناوه‌ته‌وه به پشتگیریكردنی له گروپه تێرۆریستیه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا."
شیكاری سیاسیی ئه‌فغانی، فازڵ حه‌ق موراد، به سه‌لام تایمزی وت: "له‌ماوه‌ی ده ساڵی رابردوودا بینیومانه كه ئێران پشتگیری له تێرۆریستان و یاخیبووان ده‌كات ته‌نانه‌ت گه‌ر تاڵیبانیش بن. ئه‌م تاكتیكانه به‌كارده‌هێنێت بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی له ئه‌فغانستان."
موراد وتی: "هه‌ر كه‌سێك پشگیری له تێرۆریستان بكات ... كه خه‌ڵكه‌كه‌مان ده‌كوژن، دوژمنی ئه‌فغانستانیشه."
مامۆستایه‌كی زانسته سیاسیه‌كان له زانكۆی كابول، ئه‌حمه‌د زیا رهفات، وتی تاڵیبان به‌رپرسیاره له‌و هێرشه تێرۆریستیانه‌ی ئه‌فغانیه‌كان ده‌كوژن.
رهفات به سه‌لام تایمزی وت: "بینیومانه كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن."
شیكاری ئه‌منیی ئه‌فغانی، ره‌حمه‌توڵا سایهون، به سه‌لام تایمزی وت هێزه‌كانی ئه‌فغانستان و هاوپه‌یمانان چه‌ندین جار كه‌لوپه‌لی ئێرانی‌یان به‌و چه‌كداره ئه‌فغانیانه گرتووه كه كوژراون یان ده‌ستگیركراون.
به‌ڵگه‌ی زیاتر بۆ تێوه‌گلانی ئێران له‌گه‌ڵ تێرۆریستان كه‌وته‌به‌ر روناكی له رۆژی 20 ته‌مموزدا كاتێك سێ ئه‌ندامی باڵای قاعیده، كه هه‌موویان له ئێران نیشته‌جێ بوون، چوونه‌سه‌ر لیستی تێرۆریستانی جیهانی كه بریتیبوون له: فه‌یسه‌ڵ جاسم محه‌مه‌د ئه‌میری خالیدی و یسرا محه‌مه‌د ئیبراهیم به‌یومی و ئه‌بوبه‌كر محه‌مه‌د محه‌مه‌د غومیان.
چاودێران ده‌ڵێن ئێران و قاعیده له سه‌ره‌تاكانی ساڵانی 1990 ه‌وه په‌یوه‌ندییان هه‌بووه.
رۆڵی ئێران له تێرۆریزمدا له پاكستان
پاكستانیش ناڕه‌زایی خۆی هه‌یه له هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌جێی ئێران، هه‌رچه‌نده پاكستان باشبوونێكی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه له‌سه‌ر ئاستی ئاسایش دوای ئه‌وه‌ی سوپاكه‌ی هێرشێكی دەستپێکرد له باكوری وه‌زیرستان له حوزه‌یرانی 2014 دا.
رۆژی 2 ئازار، ئێران یاسایه‌كی تێپه‌ڕاند بۆ به‌خشینی مافی هاوڵاتی به خێزانی ئه‌و چه‌كداره پاكستانیانهی له شه‌ڕدا له سوریا و عێراق ده‌كوژرێن. ئه‌م هه‌نگاوه له‌لای ئیسلام ئاباد باش نه‌كه‌وته‌وه.
ساڵانێكه پاكستان نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕێت له هه‌وڵی ئێران بۆ سودوه‌رگرتن له جیاوازیی تایه‌فه‌گه‌ری له پاكستان.
له نامه‌یه‌كدا به به‌رواری 14 ئابی 2014، ده‌زگاری دژه‌تیرۆری نیشتمانیی پاكستان هۆشداریی دا به حكومه‌ته ناوخۆییه‌كان كه حكومه‌تی ئێران خه‌رجیی خوێندنی زیاتر له 2,000 خوێندكاری پاكستانی ده‌دات بۆ خوێندن له حه‌وزه عیلمیهكانی نه‌جه‌فدا له عێراق، كه له‌وێ ده‌كه‌ونه‌ژێر "مێشكشۆردنهوه ... له‌سه‌ر بنچینه‌ی تایه‌فه‌گه‌ریانه".
ده‌زگای دژه‌تیرۆری نیشتمانیی پاكستان هۆشداریی دا كه ئه‌و خوێندكارانه، ئه‌گه‌ر ببنه توندڕه‌و، "ده‌شێت به‌كاربهێنرێن له‌دژی حكومه‌تی پاكستان".
راپۆرتێكی ئه‌مدواییانه له‌لایه‌ن ده‌زگای پۆلیسی جێبه‌جێكاری یاسای پاكستانه‌وه ده‌ریخست كه ئێران پشتگیریش ده‌كات له توندوتیژیی تایه‌فه‌گه‌رایانه له كه‌راچی.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه گه‌ڕه‌كه‌كانی وه‌ك "شارۆچكه‌ی عه‌باس، كۆمه‌ڵگه‌ی جافهرێ ته‌یار، مالیر، ئهنچۆلی، ریزڤیا، گۆلیماری نوێ و كۆمه‌ڵگه‌ی شا فه‌یسه‌ڵ ناوچه‌یه‌كی زۆر گونجاوی ئۆپه‌راسیۆن دابینده‌كه‌ن بۆ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێرانی".
گه‌مه‌ی ناوچه‌یی ئێران
بۆچی ئێران هانی تێرۆریزم ده‌دات و ده‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه تێرۆریستیانه تێكه‌ڵده‌كات كه ده‌بوایه نەفرەتی لێبكردنایه، نهێنیه‌ك نیه بۆ زانایانی ناوچه‌كه.
شاره‌زایه‌كی بواری كاروباره‌كانی ئێران له ناوه‌ندی شه‌رق بۆ لێكۆڵینه‌وه ناوچه‌یی و ستراتیژیه‌كان له قاهیره، دكتۆر فه‌تحی سه‌یید، به سه‌لام تایمزی وت: "ئێران هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ شه‌یتانیش ده‌به‌ستێت بۆ به‌رفراوانتركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌كانی."
سه‌یید وتی: "ئێران چووه‌ته‌ناو عێراق و سوریاوه به‌به‌هانه‌ی كۆتاییهێنان به تێرۆریزم له هه‌ردوو وڵات‌دا به‌تایبه‌تی و له ناوچه‌كه‌شدا به‌گشتی. به‌ڵام سه‌لماندویه‌تی كه په‌یوه‌ندیی نزیكی له‌گه‌ڵ تاڵیبان هه‌یه."
وتی له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، دوبهرهكینانهوهی تایهفهگهرییانه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات "وشه‌یه‌كی هاوواتا"یه بۆ سیاسه‌تی ئێران.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی دیارونا له مانگی ئابدا، ده‌ستێوه‌ردانی كوشنده‌ی ئێران له سوریا ناكۆكیه‌كانی دورودرێژتر كردۆته‌وه و پێكدادانی تایهفهگهرایانهی به‌رپاكردووه و رێگه‌ی داوه به گروپه تێرۆریستیه‌كان تا دزهبكهنهناو خاكی سوریاوه.
توێژه‌رێكی شاره‌زای بواری كاروباره‌كانی ئێران له ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه ناوچه‌یی و ستراتیژیه‌كان، فه‌تحی سه‌یید، به دیارونای وت كه ته‌نانه‌ت پێشئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌و وڵاته‌دا به‌رپاببێت له 2011، ئێران گروپی شه‌ڕكه‌ری ناردهناوهوه كه هه‌م خه‌ڵكی ئێران و هه‌م وڵاتانی تر بوون بۆ داپڵۆسینی خۆپیشانده‌ران.
[عیزازوڵا له كابوله‌وه و وه‌لید ئەبولخەیر لە قاهیرەوه به‌شدارییان كردووه له‌م راپۆرته‌دا.]