هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

بەرپرسان: پلانی داعش بۆ گەشەکردن لە ئەفغانستان شکستدەهێنێت

کارەڤانسەرای

هێزە ئەمنیەکانی ئەفغانی ئێشکدەگرن لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لەدژی چەکدارانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' لە قەزای چاپەرهاری پارێزگای نەنگەرهار لە 21 ئایاری 2017. [نوروڵا شیرزادە/ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزە ئەمنیەکانی ئەفغانی ئێشکدەگرن لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لەدژی چەکدارانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' لە قەزای چاپەرهاری پارێزگای نەنگەرهار لە 21 ئایاری 2017. [نوروڵا شیرزادە/ئاژانسی فرانس پرێس]

رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) توشی شکستی گەورە هاتووە هەر لە سەرەتای دەستپێکی چالاکیەکانیه‌وه‌ لە ئەفغانستان و وەدەرنانی ئەمدواییانەش لە هەرێمی تۆرا بۆرادا دواین شکستی گروپەکەیە.

داعش دامەزراندی لقی خۆراسانی خۆی راگەیاند، کە لە ئەفغانستان و پاکستان کاردەکات، لە کانونی دووەمی 2015.

ناوه‌ندی ستراتیجی گروپەکە لەسەرەتادا لە قەزای ئاچین بوو لە پارێزگای نەنگەرهار لەگەڵ گروپە بچوکەکان کە لە بەشەکانی تری ئەنغانستاندا چالاك بوون، سەرۆك ئەرکانی سوپای نیشتیمانی ئەفغانساتن، جەنەڕاڵ موراد عەلی موراد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نیسان رایگەیاند لە کابول.

موراد وتی بەڵام هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوامی هێزەکانی بەرگری و ئەمنی نیشتیمانی پێگەکانی داعشی لە نەنگەرهار تەفروتونا کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، جەنەڕاڵ دەولەت وەزیری، ئەو هەڵسەنگاندنەی پشتڕاستکردەوە.

وەزیری بە سه‌لام تایمزی وت: "داعش شکستی هێنا لە پلانەکانیدا."

وتیشی سەرەڕای شکستی داعش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر سنورێکی گرنگ گروپەکە زیانی قورسیشی بەرکەوتووە لە سەرکرایەتیەکەیدا لەماوەی ئەو ساڵانەدا.

جێگری یەکەمی سەرکردەی داعش لە خۆراسان، مەلا عەبدولرەئوف کازم، لە 19 شوباتی 2015 کوژرا لە پارێزگای هێڵمەند.

حافز سەعید خان، کە وەك ئەمیری داعش هەڵبژێردرا لە خۆراسان لە کانونی دووەمی 2015، لە 26 حوزەیرانی 2016 لە قەزای ئاچین کوژرا.

بەرپرسانی سەربازی ئەنغانی و ئەمریکی پشتڕاستیانکردەوە کە سەرکردەی داعش لە خۆراسان، عەبدول حەسیب، کە جێی خانیی گرتەوە، روبەڕووی هەمان چارەنوسی ئەوانی تر بووەوە لە 27 نیسانی ئەمساڵدا لە پارێزگای نەنگەرهار.

پلانەکان شکستیانهێنا

داعش پلانی دانا بۆ بنیاتنانی بارەگاكانی لقی خۆراسانی لە پارێزگای نەنگەرهار بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان لە مانگی رابردوودا کۆتاییان بەو ئاواتە هێنا.

وەدەرنانی داعش لە تۆرا بۆرا بەپێی راپۆرتەکان لە 17 و 18 حوزەیران رویداوە، بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری، دوایئەوەی چەکدارانی داعش چەند رۆژێك شەڕیانکرد و شکستیان بە تاڵیبان هێنا له‌ شه‌ڕیاندا بۆ ئەشکەوتە ستراتیجیەکان لە تۆرا بۆرا.

لە بەرامبەردا، هێزە سەربازیەکانی ئەفغانستان دژی داعش شه‌ڕیانكرد و لە تۆرا بۆرا و دوو ناوچەی تر دەریانپه‌ڕاندن. هێزە سەربازیەکان پێشتر داعشیان لە کۆت و ئاچین دەرکرد.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، محەمەد رەدمانیش، بە سەلام تایمزی وت: "هەموو ناوچەکانی تۆرا بۆرا، پاچێراگەم و چەپەرهار، لە داعش پاککراونەتەوە. هێزە زەمینیەکان سەرقاڵی لابردنی مینی چێندراون کە تاڵیبان و داعش چاندویانن."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، وەزیری، بە رادیۆی ئەفغانستانی ئازادی وت بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش بۆ تۆرا بۆرا، دەسەڵاتداران کاردەکەن لەگەڵ دانیشتوانی ناوچه‌كان.

وتیشی: "خۆبەخشان و هێزە ناوخۆییه‌كان ئامادەن ناوچەکانیان بپارێزن دژی پەلاماری داهاتوی داعش. وەزارەتی بەرگری ئامادەیە پشتیوانییان بکات بە هەموو رێگایەکی گونجاو."

ئۆپەراسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعش بەردەوام نزیكدەبنەوە لە سنوری پاکستان.

بەرپرسانی وەزارتی بەرگری وتیان دوای توشبوونی ژمارەیەك شکست لە نەنگەرهار و دوایئەوەی سوپای ئەمریکا گەورەترین بۆمبی فەرمیی خۆی فڕێدایه‌خوارەوە بەسەر تۆڕی چەکداراندا لە نیسان، داعش لە پارێزگاکەدا بچوکبۆتەوە بۆ گروپی پەرش و بڵاو و بێ ورە.

وتەبێژێكی پارێزگار، عەتائوڵا خۆگیانی، وتی چەکدارە کوژراوەکان ئەندامی نەتەوەی جۆراوجۆریان تێدابوو.

خۆگیانی بە سەلام تایمزی وت: "زۆرینەی ئەو ئەندامانەی داعش کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەنغانستانەوە لە تۆرا بۆرا کوژراون شەڕکەری بیانی بوون لە ئۆزبێکستان و چیچان و پاکستان."

شەڕی سەخت لەگەڵ تاڵیبان

بەرپرسان وتیان چەکدارانی تاڵیبان و داعش توشی شەڕ بوون لەسەرانسەری ئەنغانستاندا و پێشبڕکێیانه‌ له‌ توانایاندا بۆ روتاندنه‌وه‌ و تاڵانکردنی دانیشتوانی مەدەنی.

وتەبێژی پارێزگای جەوزجان، محەمەد رەزا غەفوری، وتی ئەو دوو گروپە پشتیوانیی چالاکیە تیرۆرستیەکانیان دەکەن بە دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش و سەروەتی تر لە خەڵکی مەدەنی.

شەریفوڵا، دانیشتوی پێشوی قوش ته‌پە کە لە ناوچەکە هەڵهاتووە و ئێستا دانیشتوی کابولە، وتی: "پێشتر تاڵیبان دەستیگرتبوو بەسەر خۆراکی دانیشتوانی ناوچەکەماندا، رۆژی سێ جار. ئێستا تاڵیبان و داعش هەردووکیان ئەوە دەکەن."

وتیشی: "هەموو مانگێك هەرخێزانێك دەبێت لانیکەم 500 ئەفغانی (7.35 دۆلار) بدات به‌ هەردوو گروپەکە." ئاماژەشیدا بەوەی کە خێزانە دەوڵەمەندەکان ناچاردەکرێن پارەی زیاتر بدەن.

شه‌ریفوڵا بە سەلام تایمزی وت: "تاڵیبان بەزۆرەملێ دە یەکی داهات و خێر و باجی ئایینی لە دانیشتوان کۆدەکردەوە لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا. بەڵام ئێستا داعشیش دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی دەیەکی داهات و خێر کە جێی قبوڵکردن نیە بۆ تاڵیبان."

وتیشی لەبەر ئەو کێبڕکێیە بۆ به‌زۆر لێسه‌ندنی پارە له‌ هاوڵاتیان "لەوانەیە شەڕی خوێناویی زیاتر رووبدات لەنێوان گروپەکاندا."

ئه‌ندامپه‌رله‌مانی ئه‌فغانی و نوێنه‌ری ده‌رزاب، عه‌بدولسه‌تار دەرزابی، وتی: "لەماوەی مانگێك یان دوو مانگدا وەرزی دورینەوە دەستپێدەکات. لەبەر ئەوە هەر گروپێك دەیەوێت ئەوی تر شکسپێبێنێت بۆ ئەوەی بەخشیش و باجی دەغڵ و دان بەبێ کێشە کۆبکاتەوە."

وتیشی: "مەدەنیەکان زۆرترین ئازاریان چەشتووە لەو کردەوانەی لەلایەن چەکدارانی داعش و تاڵیبانەوە ئەنجامدراون."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500