دووەم بەندکراو گیانی لەدەستدا كه لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه لە باشوری سوریا مانگی رابردوو رفێندرا، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (9 ئاب) رایگەیاند.
ئەو ژنە تەمەن 65 ساڵە سوریهی یەکێکە لەو زیاتر لە 30 کەسەی لەلایەن داعشەوە دوو هەفتە لەمەوبەر دەستبەسەرکران کاتێك هێرشێکی توندڕەوانەیان بۆسەر کەمایەتی دروز ئەنجامدا لە پارێزگای سوهیدا.
داعش لەگەڵ حکومەتی سوریا و روسیای هاوپەیمانی لە وتوێژدابووە بۆ گۆڕینەوەی بەندکراوان لەبەرامبەر ئەو توندڕەوانەی لەلایەن رژێمەوە بەندکراون.
گروپە توندڕەوەکە هەفتەی رابردوو سەری یەکێکیان پەڕاند کە خوێندکارێکی 19 ساڵان بوو.
بەرپرسی پێگەی سوهیدا24، نور رەزوان، وتی شاندی دانوستان پێنجشەممە ئەو وێنانەی بەدەستگەیشت کە لاشەی مردووی دووەم بەندکراو پیشاندەدەن.
وتیشی: "دوای پچڕانی پەیوەندی بۆ چەندین رۆژ، داعش وەڵامی شاندی دانوستانکاری سوهیدای دایەوە و وتی بەهۆی نەخۆشییەوە مردووە."
کەسوکارەکەی بە رەزوانیان وت ژنەکە نەخۆشی دڵ و شەکرەی هەبووە بەڵام هیچ رێگەیەکیان نیە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە کە بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە مردووە.
زانیاری زۆر کەم هەیە سەبارەت بەوەی بەندکراوان لەچ بارودۆخێکدا راگیراون وەك ئەوەی ئاخۆ ئەشکەنجە دەدرێن یان پێشێلکاریەکانی تریان بەرامبەر دەکرێت.
روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند كه یەکێك لە دەستبەسەرکراوان لەژێر "بارودۆخێکی نادیاردا" مردووە.
دوای دوو مردووەکە لانیکەم 13 ژن و 15 منداڵ لەدەستی داعشدا ماون.
رەزوان وتی دەستبەسەرکراوان بۆ شوێنی جیاواز جوڵەیان پێکراوە بۆ دوورکەوتنەوە لە بۆردومانی حکومەتی سوریا.
هێزەکانی رژێم یەکشەممە دەستیانکرد بە بۆردومانی چڕ بۆسەر پێگەکانی داعش لە ناوچەی باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سوهیدا کە دەکەوێتە بیابانە گەورەکە کە لە وڵاتەکەدا بە بادیه ناسراوە.