هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق ئامادەکاری تەواودەکەن بۆ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی شه‌ڕی موسڵ

ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی شەڕی ئازادکردنی موسڵ تەواوبووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا چوارشەممە (28 کانونی یەکەم) رایگەیاند.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری، بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق لە دژە تیرۆر و سوپا هەموو ئاماکارییەکی پێویستیان تەواوکردووە، لەنێویاندا کۆکردنەوە، جێگیرکردنەوە، بنیاتنانی بەربەست و کۆسپ لەناو 46 گەڕەکی ئازادکراوی رۆژهەڵاتی موسڵ، و ئێستا ئامادەن بۆ قۆناغی دووەمی هێرشەکە."

جبوری رایگەیاند کە قۆناغی دووەم ئامانجیەتی کە هەموو موسڵ ئازادبکات لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

وتیشی کە "شەڕەکانی ئەمڕۆ جەختیانکردۆتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەی تیرۆرستان و دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەو دانیشتوانەی کە گیریانخواردووە لە ناو ماڵەکانیاندا،" و ئاماژەیدا کە "لانیکەم 60 تیرۆریست کوژراون بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی عێراق لە موسڵ."

سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سێشەممە رایگەیاند کە هێزە ئەمنیەکان پێویستیان بە سێ مانگی تر هەیە بۆ وەدەرنانی داعش لە وڵاتەکەدا.

عەبادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە تەلەفزیۆن پەخشکرا وتی: "داتای بەردەست ئەوەمان پیشاندەدات کە عێراق پێویستی بە سێ مانگی ترە بۆ وەدەرنانی داعش."

هاوکات، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد، لە راگەیەندراوێکدا وتی کە ژمارەی ئاوارەکانی موسڵ بەرزبووەتەوە بۆ 137,800 مەدەنی.

محەمەد رایگەیاند کە زۆربەی مەدەنیەکان نێردراون بۆ کەمپەکان و هەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینکراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500