هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریا پێشڕەوی دەکەن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رەخنە لە "دۆزەخی بێوێنە"ی حەلەب دەگرێت

هێزەکانی رژێمی سوریا بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا پێشڕەویانکرد لە حەلەب رۆژی یەكشەممە (2 تشرینی یەکەم) و سەرۆکی کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رەخنە لەو "دۆزەخە بێوێنەیە" دەگرێت کە دانیشتوانی ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب تیادەژین، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سوپای سوریا هێرشێکی گەورەی راگەیاند رۆژی 22 ئەیلول بۆ گرتنی ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب و پێشڕەوی لە ناو شارەکەدا بەدەستهێناوە بە پشتیوانی مۆسکۆی هاوپەیمانی.

چەندین هێرشی ئاسمانی ناوچە جیاوازەکانی بەرەکانی جەنگی لە شارەکەدا کردە ئامانج بە درێژایی رۆژی یەکشەممە بەڵام سەرلەئێوارە هێرشەکان کەمبوونەوە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی رژێم تۆپبارانی یەکتریان کردووە لە چەند گەڕەکێکی حەلەب.

روانگەکە وتی کە هێرشەکانی روسیا "یارمەتی هێزەکانی رژێمی دا بۆ پێشڕەویکردن لە باکوری شارەکە،" بەجۆرێك کە گەیشتونەتە کەنارەکانی ناوچەی حەلوكی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.

هەڵمەتە سەربازیەکەی ئەسەد بە پاڵپشتی روسیا لە حەلەب کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەتایبەتی کاتێك دوو بۆمبی بەرمیلی گەورەترین نەخۆشخانەی لە رۆژهەڵاتی شارەکە کردە ئامانج رۆژی یەکشەممە.

سەرۆکی کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفن ئۆبرایەن رەخنەی لە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئێم10 گرت و رۆژی یەكشەممە داوای کرداری بەپەلەی کرد بۆ کۆتایهێنان بە "دۆزەخی بێوێنەیەی" کە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی حەلەبی تیادەژین.

ئۆبرایەن رایگەیاند: "سیستەمی تەندروستی لە رۆژهەڵاتی حەلەب هیچی وای نەماوەتەوە. دەزگا پزیشکییەکان یەك بە یەك دەکرێنە ئامانج."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500