لانیکەم گۆڕێكی بە کۆمەڵ لە شارۆچکەی قائیمی پارێزگای ئەنبار دۆزرایەوە کە دەوترێت تەرمی خەڵكی مەدەنی تێدایە و لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کوژراون، ئیدارەی ناوخۆیی شارۆچکەکە رایگەیاند هەینی (6 تەمموز).
میدیاکانی عێراق وتیان نزیکەی سێگۆڕی بەکۆمەڵی دیکە دۆزراونەتەوە لە هەمان ناوچە بەڵام راپۆرتەکان هێشتا پشتڕاستنەکراونەتەوە.
سەرۆكی شارەوانی قائیم، ئەحمەد دولەیمی، بە دیارونای وت: "گۆرێکی بە کۆمەڵ لە نزیك کۆمپانیای دروستکردنی فۆسفاتهوه دۆزرایەوە دوای ئەوەی یهكێك له دانیشتوان هێزە ئەمنیەکانی ئاگادارکردهوە."
وتی ئیدارە ناوخۆییەکە یەکسەر دەزگای شەهیدانی ئاگادارکردەوە، کە دامەزراوەیەکی حکومییە و بەرپرسە لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا و ئەوانیش وەفدێكی شارەزایان لە ئەنبار و بەغداوە ناردووە بۆ ئەوەی شوێنکە بپشکنن.
دولەیمی وتی بەدواداچونی سەرەتایی بۆ شوێنێکە دەریخستووە کە زۆر پێدەچێت قوربانیەکان مەدەنی بن، چونکە تەرمەکان بە جلی ئاسایی و وەرزشیەوە دۆزراونەتەوە.
وتیشی بڕوایان وایە قوربانیەکان دانیشتووی قائیم بن بەڵام دژی داعش بوون بۆیە لەلایەن گروپەکەوە کوژراون، لەوانەشە ئەندامانی پێشووی سوپا و پۆلیسیشیان تێدابێت.
ههروهها وتی ژمارەی قوربانیەکان تا ئێستا نەزانراوە، چونکە تیمە تایبەتیەکانی دەزگای شەهیدان دەبێت یەکەمجار بێن گۆڕەکە هەڵبدەنەوە و تەرمەکان دەربهێننهوه بەر لەوەی ژمارەی لاشەکان بژمێردرێن.
دولەیمی وتی رۆژێكیان بۆ دەرهێنانی تەرمەکان دیاری نەکردووە "بەڵام رێکارەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن".
وتیشی: "دوای ئەوەی گۆڕەکە هەڵدەدرێتەوە، زانیاری زیاتر و درووست بەدەستدەخەین لەسەر ناسنامەی قوربانیەکان كه چۆن کوژران و کەی نێژراون و ئهوهی ئاخۆ دهشێت گۆڕی دیکەش هەبن."
لە سێ ساڵێ رابردوودا، هێزەکانی عێراق چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی مەدەنی و سەربازیان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن داعشەوە کوژرابوون و نێژرابوون.
حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ بە بەڵگەکردنی هەموو ئهو پێشێلکاریانهی داعش ئەنجامیداون، وەك کوشتنی بەکۆمەڵی هەزاران عێراقی و ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ئەنجامدەران سزابدرێن لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.