هێزەکانی عێراق شەڕیانکرد بۆ لەناوبردنی دوایین پاشماوەکانی بەرگرییکاریی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە موسڵ، دووشەممە (10 تهمموز) دوای ئەوەی سەرهكوەزیران سەردانی شارە وێرانبووەکەی کرد بۆ پیرۆزباییکردن لە هێزەکان بەبۆنەی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەوە.
لەکاتێکدا توندڕەوان لە ناوچەیەکی بچوکی موسڵی کۆندا دەوریانگیراوە، سەرنج دەخرێتە سەر ئەرکی سەختی بنیاتنانەوەی شارەکە و یارمەتیدانی مەدەنییەکان، گروپەکانی کۆمەکیش هۆشداریی دەدەن لەوەی قەیرانی مرۆیی عێراق زۆری ماوە تەواو ببێت.
سەرهكوەزیران حەیدەر عەبادی یەکشەممە سەردانی موسڵی کرد و ستایشی "قارەمانێتی هێزە شەڕکەرەکان"ی کرد دوای چەندین مانگ لە شەڕی سەخت کە زۆربەی شارەکەی وێرانکرد.
بەتایبەت موسڵی کۆن وێران بووە، زۆر بینا تەنیا کۆنکرێتیان لێ بەجێماوە و داروپەردوو لەسەر شەقامەکانن.
![ئەندامانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ئاڵای نیشتیمانیی عێراق دەشەکێننەوە لەکاتی ئاهەنگگێڕانیاندا لە موسڵی کۆن لە 9 تەمموز. [فازل سینا / ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2017/07/10/8696-iraq-forces-celebrate-600_384.jpg)
ئەندامانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ئاڵای نیشتیمانیی عێراق دەشەکێننەوە لەکاتی ئاهەنگگێڕانیاندا لە موسڵی کۆن لە 9 تەمموز. [فازل سینا / ئاژانسی فرانس پرێس]
![وێنەیەك لە 9 تەمموز گیراوە كه دیمەنێکی گشتی وێرانکاری نیشاندەدات لە موسڵی کۆن. عێراق بەمزوانە جاڕی دوایین سەرکەوتن دەدات لە شەڕێكدا كه نزیکەی نۆ مانگی خایاند بۆ گرتنەوەی موسڵ لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'، ئاهەنگگێڕانیش لەنێو هێزەکانی پۆلیسدا لە شارەکە دەستیپێکردووە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2017/07/10/8697-iraq-mosul-destruction-600_384.jpg)
وێنەیەك لە 9 تەمموز گیراوە كه دیمەنێکی گشتی وێرانکاری نیشاندەدات لە موسڵی کۆن. عێراق بەمزوانە جاڕی دوایین سەرکەوتن دەدات لە شەڕێكدا كه نزیکەی نۆ مانگی خایاند بۆ گرتنەوەی موسڵ لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'، ئاهەنگگێڕانیش لەنێو هێزەکانی پۆلیسدا لە شارەکە دەستیپێکردووە. [ئەحمەد روبەیعی / ئاژانسی فرانس پرێس]
بە گەیشتنی بە شارەکە، نوسینگەی عەبادی رایگەیاند سەردانی موسڵی "ئازادکراو" دەکات بۆ پیرۆزباییکردن لە هێزەکان بەبۆنەی "سەرکەوتنێکی مهزن"ەوە.
دواتر سەرهكوەزیران وتی لەکاتێکدا "سەرکەوتن حەتمییە"، ئەو خۆی بەدووردەگرێت لە جاڕدانی فەرمی "بەهۆی رێزگرتن و پێزانین بۆ ... هێزەکانمان کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە".
فەرماندە باڵاکان دووشەممە رایانگەیاند کە هێزەکانی عێراق بەردەوامن لە شەڕی "سەخت" لەگەڵ پاشماوەکانی داعش، بەڵام شەڕەکە لە کۆتاییەکانی نزیك بوو.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق ئاڵای عێراقیان لەسەر روباری دیجلە بەرزکردۆتەوە.
وتی: "ئێمە هەواڵی خۆشی سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا لە موسڵ دەگەیەنین بە گەلی عێراق."
وتیشی: "هێشتا هەندێك پاشماوەی تیرۆریستان ماون كه لە ماڵەکاندا خۆیان شاردۆتەوە و هەوڵدەدەین لەناویانبەرین پێش ئەوەی بە فەرمی ئازادکردن و کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگەیەنین."
ههروهها وتی ئێستاکە هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی کنە و پشکنین ئەنجامدەدەن و دانیشتوان دەگوێزنەوە و كۆمهكیان بۆ دابیندهكهن.
فەریق سامی عارزی لە هێزە تایبەتەکانی دەزگای دژەتیرۆر رایگەیاند كه توندڕەوان پاشەکشەیان پێکراوە بۆ ناوچەیەك لە موسڵی کۆن کە تەنیا 100 بۆ 200 مەتر دەبێت.
عارزی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەوان خۆڕادەستکردن قبوڵناکەن."
وتی بەڵام "ئۆپەراسیۆنەکان لە دواقۆناغدان" و "ئەگەری زۆر هەیە (شەڕەکە) ئەمڕۆ تەواوببێت".
مەدەنییەکان گیریانخواردووە
عارزی وتی هێزەکانی زانیارییان هەبووە دەربارەی بوونی 3,000 بۆ 4,000 مەدەنی لە ناوچەکەدا، بەڵام نەیانتوانیوە ئەوە پشتڕاستبکەنەوە.
بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزەکانی عێراق لە تشرینی یەکەمدا ههڵمهتێكیان دەستپێکرد بۆ گرتنەوەی موسڵ، کە لە ناوەڕاستی 2014 لەلایەن توندڕەوانەوە گیرا لە هێرشێکدا کە بووە هۆی دەستبەسەراگرتنی بەشێکی زۆر لە عێراق و سوریای دراوسێی.
سوپا و پۆلیس و هێزە تایبەتەکان، بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکان، بەشی خۆرهەڵاتی شارەکەیان لە کانونی دووەمدا گرتەوە و شەڕیان دەستپێکرد بۆ بەشی خۆرئاوا لە مانگی دواتردا.
شەڕەکە سەختتر بوو کاتێك هێزە ئەمنییەکان چوونەنێو موسڵی کۆنهوه، كه دانیشتوانێكی زۆری لێدهژیا، لە بەشی خۆرئاوا لهسەر رووباری دیجلە کە شارەکە دهكات به دوو بهشهوه و شەڕی شەقام بەشەقامی سەختی بەدواداهات.
باجی سەرکەوتن گەورە بوو: زۆربەی موسڵ وێران بووه، بە هەزاران مردوو یان بریندارن و نزیکەی نیوەی خەڵکی شارەکە ناچاربوون شوێنی خۆیان جێبهێڵن.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند 920,000 کەس لە شوێنی خۆیان هەڵاتون لەکاتی ئۆپەراسیۆنی موسڵدا و لەکاتێکدا هەندێکیان گەڕاونەتەوە، زۆرینەی زۆریان هێشتا ئاوارەن.
بەرپرسی هەماهەنگیی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لیز گراندێ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەوە هەستێکی خۆشە زانیمان ههڵمهتی سەربازی لە موسڵ کۆتایی دێت. شەڕەکە رەنگە تەواوببێت، بەڵام قەیرانیی مرۆیی تەواو نابێت."
ئاژانسی ئاوارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە رایگەیاند رەنگە چەند مانگێکی پێبچێت پێش ئەوەی مەدەنییەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
ئاژانسەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەگەری ئەوە هەیە بە هەزاران کەس ناچاربن لە کەمپی ئاوارەکاندا بمێننەوە بۆ ماوەی چەند مانگی داهاتوو."
'هیچ شتێك نیە بۆی بگەڕێنەوە'
ئاژانسەکە رایگەیاند: "زۆرێك هیچیان نیە بۆی بگەڕێنەوە بەهۆی وێرانکاریی زۆری کاتی شەڕەکەوه، لەکاتێکدا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەك ئاو، کارەبا و ژێرخانە گرنگەکانی دیکە، لەوانه خوێندنگە و نەخۆشخانە، پێویستیان بە بنیاتنانەوە و چاککردنەوەیە."
بیست و هەشت گروپی کۆمەك کە لە عێراق کاردەکەن بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای پاڵپشتیی نێودەوڵەتییان کرد بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و تکایان لە دەسەڵاتداران کرد فشار لە مەدەنییەکان نەکەن بۆ گەڕانەوە.
بەیاننامەیەك کە كۆمهڵێك گروپ واژۆیان کردبوو، لەنێویاندا [رێکخراوی] نەرویجیی ئەنجومەنی ئاوارەکان و ئۆکسفام و رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی، رایگەیاند: "نەبوونی ئاسایشی بەردەوام؛ نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان؛ بڵاوبوونەوەی مەترسیی تەقەمەنی و زیانکەوتن بە ماڵەکان و دوكانوبازاڕ و ژێرخانی گشتی -- لەنێویاندا خوێندنگە ونەخۆشخانەکان -- هەموو ئهمانه دەبنە کۆسپ لهبەردەم گەڕانەوەدا."
بەیاننامەکە هەروەها هۆشداریشی دا دەربارەی ئەو عێراقیانەی هێشتا لەژێردەستی داعشدان، لەنێویاندا شارۆچکەکانی تەلەعفەر و حەویجە لە باکور، لەگەڵ چەند ناوچەیەك لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار.
ئهو گروپە خێرخوازییانه رایانگەیاند: "بۆ هێرشه چاوەڕوانکراوهكا ن بۆسهر حەویجە و تەلەعفەر و خۆرئاوای ئەنبار، کە بە خەمڵاندن هێشتا 150,000 مەدەنی لهوێدا گیریانخواردووە، گرنگە لە وانەکانی شەڕەکانی رابردووەوە فێرببین." ههروهها داوایانکرد سەلامەتی و کۆمەك پێگەیاندنیان بکرێتە یهكهم ههنگاوی پێشوهخت.
یەکشەممە فەرەنسا و بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا پیرۆزباییان لە هێزەکانی عێراق کرد، یەکێتی ئەوروپا ستایشی [سەرکەوتنەکەی کرد] بەوەی "هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیە لە ههڵمهتی لەناوبردنی دەسەڵاتی تیرۆر لە چەند بەشێکی عێراقدا".