دانیشتوانی شارۆچکەی خان شەیخون کە هەینی (7 نیسان) بەردەوام بوون لە ماتەمینی بۆ قوربانیە کوژراوەکانیان، بەخێرهاتنی هێرشەکانی ئەمریکایان کرد کە وەك وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ ئەو هێرشەی گوایە بە بەکارهێنانی گازی کیمیایی كه رۆژی سێشەممە 86 هاوڵاتی کوشت، لهنێویاندا 27 منداڵ.
زیاتر لە 160 کەسی دیکە برینداربوون لەو هێرشەی گوایا بە چەکی کیمیایی و (بریندارهكان) بەدهست چەند نیشانەوە دەناڵێن، لهوانه جوڵەی لەناکاوی جەستە و ڕشانەوە و کەفکردنی دەم.
نزیکەی کاتژمێر 03:40 بەیانی هەینی سوپای ئەمریکا 59 موشەکی تۆماهۆکی گرتە فڕۆکەخانەی سەربازیی شهعیرات لە پارێزگای حومس کە لێوهی هێرشەکە کراوەتە سەر شارۆچکەکە لە پارێزگای ئیدلیب.
هێرشەکە یەکەم چالاکیی سەربازیی راستهوخۆی ئەمریکا بوو لە دژی رژێمی سوریا لە شەش ساڵی رابردووی ئەم جەنگەدا.
موشەکەکان لە (كهشتییه جەنگیەکانی) USS Porter و USS Ross تەقێنراون، کە سەر بە رەتلی 6 ی كهشتیهكانی هێزی دەریایی ئەمریکا بوون، لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.
هێرشەکە رادار و فڕۆکە و سیستمی بەرگری ئاسمانی و چەندین ئامێری دیکەی لۆجیستی لە فڕۆکەخانەکەدا بە ئامانج گرت. پێنتاگۆن دەڵێت کاریانکردوە بۆ ئەوەی لەو شوێنانە نەدەن کە وهك وتی گازی سارینی تیادا هەڵگیراون.
سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر تەلەفزیۆنی دەوڵەت خوێدنرایەوە، هێرشەکەی پشتراستکردەوە و وتی هێرشە ئاسمانیەکە زیانی زۆری گەیاندووە.
کاردانەوەکانی خەڵكی خان شەیخون
دانیشتووی خان شەیخون، ئەبو عەلی، وتی: "پشت بەخوا ئەم هێرشانە هۆشداری دەدەنە بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی پێیبڵێن: بەشار، بەسە کوشتن و نادادپەروەری دژی ئەم خەڵكە."
ئەو گەڕەکەی سێشەممە هێرشی کرایە سەر،رۆژی هەینی وەک خۆی بە چۆڵی مابۆوە، دوای ئەوەی رزگاربووەکان بەپەلە خۆیان گەیاندبووە ناوچەکانی دیکەی شارۆچکەکە، کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندایە.
جوڵەیەکی کەمی هاتوچۆ بهپێ و جموجۆڵی تر لە سەرانسەری شارۆچکەکە بەدی دەکرا، کە خێزانی ئەوانەی لە هێرشەکەدا تیاچوون هێشتا پیشوازییان لەو خەڵكە دەکرد کە بۆ سەرەخۆشی هاتبوون لە هۆڵەکاندا.
دانیشتوانەکە لەنێو بێدەنگی و خەمەوە دەیانوت پێشوازی لە کاردانەوەکەی ئەمریکا دەکەن.
حاج کەسار، کە بازرگانێكی تەمەن 50 ساڵەیە، وتی: "ئێمە ئەم هێرشانە تەنها بە کاردانەوە نابینین بەڵکو تۆڵەی ئەو شەهیدانەیە کە لێرە کەوتن لە خان شەیخون."
ئەبو موهەیب، کە ئەفسەرێکی هەڵهاتوی سوپای سوریایە و تەمەنی 37 ساڵە، وتی: "بەشێکی بچوكی ئەو دادپەروەرییەش ناگەیەنێت کە شەهیدەکان حەقیانە، بەڵام ورەی خێزانی کوژراوەکان بەرزدەکاتەوە."
ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە، خان شەیخون دەبێتە دووەم هێرشی کوشندەی کیمیایی لە شهڕی سوریادا، دوای ئەوەی ساڵی 2013 هێرشێك لە ناوچەی غوتای رۆژهەڵات لە نزیك دیمەشق وهك دەوترێت سەدان کەسی کوشت.
دانیشتوانی شارۆچکەی دومای غوتای رۆژهەڵات، هەینی پێشوازییان لە هێرشەکەی ئەمریکا کرد.
پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هێرشەکە
دوای هێرشەکە سەرۆکی ناتۆ، جێنس ستۆلینبێرگ، لە بەیاننامەیەکدا وتی: "رژێمی سوری بەرپرسیاری هەموو ئەم رووداوانەیە."
وتیشی: "هیچ جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی کیمیایی پهسهندناكرێت و بەبێ وەڵام نابن، ئەوانەش کە بەرپرسیارن پێویستە روبهڕووی لێپرسینهوه بكرێنهوه."
لە پۆستێکی تویتەردا سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا، دۆناڵد تەسک، وتی: "هێرشەکانی ئەمریکا پیشانیدا کە هێرشە بەربەریە کیمیاییەکان پێویستیان بە چارەسەرکردنە. یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا کاردەکات بۆئەوەی توندوتیژیەکان لە سوریا کۆتاییان بێت."
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا ئۆلاند و سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیا ئەنگیلا مێرکڵ وتیان ئەسەد "تەنیا بەرپرسە" لە هێرشەکانی ئەمریکا.
بەریتانیاش وتی "بەتەواوەتی پاڵپشتی" هێرشەكان دەکات و لهقهڵهمی دان به "وەڵامدانەوەیەکی شایستە بۆ هێرشە بەربەریە کیمیاییەکە" و وتیشی "بهمهبهستی بەرگرتن بوون له هێرشی دیکە".
تورکیاش پێشوازیی لە هێرشەکە کرد و بە "ئهرێنی" ناویبرد و داواکەی پێشتریشی دووپاتكردهوه کە ئەسەد لە دەسەڵات لاببرێت، هاوکات داوای دامەزراندنی ناوچهی دژە-فڕینی کرد لە سوریا بۆ ئەوەی بەربگرن بە خوێنڕشتنی زیاتر.
سعودیە و یابان و کەنەداش پیشوازییان لە هێرشەکانی ئەمریکا کرد.
باڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەینی پێشوازییان لە هێرشەکانی ئەمریکا کرد.
لەلایەکی ترەوە، هاوپەیمانەکانی رژێم، روسیا و ئێران، بە توندی سهركۆنهی هێرشەکانی ئەمریکایان کرد و روسیا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد.
دیپلۆماته ئەمریکیەکان وتیان ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاربووە هەینی کاتژمێر 11:30 گوێبیستی زانیاریەکان بێت لەسەر چالاکیەکەی ئەمریکا.