هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تەوژمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلوجە هەرچی خێراتردەبێت

خالید تائی لە بەغدا

دانیشتوویەکی شارۆچکەی کەرمە لە پارێزگای ئەنبار کۆمەك وەردەگرێت پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی خۆی. [خاوەنی وێنە: وەقفی سونی]

دانیشتوویەکی شارۆچکەی کەرمە لە پارێزگای ئەنبار کۆمەك وەردەگرێت پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی خۆی. [خاوەنی وێنە: وەقفی سونی]

لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە سەدان خێزان گەڕاونتەوە بۆ ماڵەکانیان لە دەوروبەری فەلوجە پاش پێداچوونەوەی ناسنامەکانیان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، بەرپرسان و دانیشتوان بە دیارونایان وت.

باسم خەلیل کە بەمدواییانە گەڕاوەتەوە شارۆچکەی کەرمە لە باکوری خۆرهەڵاتی فەلوجە، وتی: "من لەگەڵ خێزانەکەمدا ئاوارەی کەمپێك بووین لە عامریەی فەلوجە و زیاتر لە ساڵێکمان لە بارودۆخێکی خراپدا بردەسەر."

ناوبراو بە دیارونای وت: "کاتێك ناوچەکانمان لەدەست تێرۆریستەکان رزگارکرا، ئەمەمان وەك ئاماژەیەکی باش بینی کە گەڕانەوەمان نزیکە و ئێستاش وا لەماڵەوەین."

لەکاتێکدا ئاماژەی دا بە داگیرکارییەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، وتی: "بەندی تێرۆریزممان داخست و ئاوارەییمان کۆتایی پێهات. دەخوازین بە سەلامەتی بژیین و شارە جوانەکەمان بنیات بنێینەوە."

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات عەیفان، وتی لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە نزیکەی 10,000 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ دەوروبەری فەلوجە.

عەیفان بە دیارونای وت: "چوارسەد خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە کەرمە، 300 بۆ شارۆچکەی سەقلاویە (باکوری خۆرئاوای فەلوجە) و 200 خێزانیش بۆ گوندەکانی نەساف و حەسی و ئەلبوعەیفان لە باشوری شارەکە."

وتیشی زۆربەی خێزانە گەڕاوەکان لە کەمپەکانی ئاوارە لە عامریەی فەلوجە ژیاون تا "حکومەتی ناوخۆیی گەڕاندنیەوە و خزمەتگوزاریەکانی بۆ دابینکردن بەهاوکاریی هێزە ئەمنیەکان".

هەروەها وتی گەڕانەوەیان "سەرەتایەکی باشە" و چاوەڕوان دەکرێت خێزانی زیاتر لە هەفتەکانی داهاتوودا بگەڕێنەوە لەکاتێکدا ژیان لەسەرخۆ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.

دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاریەکان

بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆچی ئەنبار، محەمەد رەشید، وتی کەمپەکانی ئاوارەکان لە عامریەی فەلوجە و خالیدیە نزیکەی 13,000 خێزانیان لە فەلوجە و دەوروبەریەوە گرتەخۆ لەکاتی رزگارکردنی شارەکەدا.

ناوبراو بە دیارونای وت: "پاش رزگارکردنی تەواوەتیی فەلوجە لە چنگی تێرۆریستان لەکۆتایی حوزەیرانی رابردوودا و پاکردنەوەی لە بۆمبی دەستکرد، دەستمانکرد بە گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەوروبەری شارەکە."

وتیشی پرۆسەکە بە "نەرمی" بەڕێوەدەچێت و خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا دەستیانپێکردۆتەوە و بەروبومەکانی نەوتیش لەبەردەستدان.

وتی هەروەها هەندێك لە دانیشتوانیش دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بۆ ناوەندی فەلوجە.

بەگوێرەی وەزارەتی ئاوارە و کۆچ، تائێستا زیاتر لە 59,000 کەس گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لە پارێزگای ئەنبار.

لەوانە 41,255 خێزان گەڕاونەتەوە رەمادی، 7,190 بۆ هیت، 1,535 بۆ روتبە و 1,271 بۆ حەدیسە، وەزارەتەکە وتی.

رەشید وتی ئومێدەوارە هەموو دانیشتوانە ئاوارەکان بتوانن لەمساڵدا بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە ئەنبار.

وتیشی: "هەوڵدەدەین هەموو پێداویستیەکانی خێزانە ئاوارەکان دابینبکەین، یارمەتییان بدەین کۆتایی بە بارودۆخی ئاوارەییان بێنن و بتوانن ژیانی پێشوویان دەستپێبکەنەوە."

دانیشتوانی کەرمە دەگەڕێنەوە

قائیمقامی شارۆچکەی کەرمە، ئەحمەد موخلیف، بە دیارونای وت کەرمە گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەنایان بردۆتە کەمپەکانی ئەنبار و بەغدا.

موخلیف وتی: "هۆڵێکی چاوەڕوانیی گەورەمان ئامادەکردووە کە تیایدا بەدواداچوون بۆ ناوی گەڕاوەکان دەکرێت لەلایەن تیمێکی ئەمنیی تایبەتەوە و لەماوەی کاتژمێرێك یان دوواندا مۆڵەتی ئەمنیی پێوویست دەدرێت بە خێزانی گەڕاوە و رێگایان پێدەدرێت بگەڕێنەوە."

وتیشی ئیدارەی ناوخۆی کەرمە ئێستا ئاوی خواردنەوە پەمپدەکات و موەلیدە کارەباییە ناوخۆییەکانیش دەستیانکردۆتەوە بە کار و ئاماژەی بەوەش دا کە پرۆسەی دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ هەموو ناوچەکان بەردەوامە.

هەروەها وتی: "دەستپێکردنەوەی هەموو خزمەتگوزاریەکان پێویستی بە کات و هاوکاریی هەمووانە و ئێمە هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ بەگەڕخستنەوەی هەموو دەزگاکان و ئەو ژێرخانەی لەلایەن تێرۆریستانەوە وێرانکراوە."

موخلیف وتی: "لەرۆژانی پێشوودا سەردانی مەیدانیمان ئەنجامداوە بۆ پشکنینی بارودۆخی خێزانە گەڕاوەکان. بەگشتی رازیبوون و دڵخۆشبوون بە گەڕانەوەیان و هیوایان دەربڕی بەوەی بتوانن بەشداریی بکەن لە هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکانیان."

وتیشی پێدەچێت ژمارەی ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە شارەکە لەزیادبووندا بێت.

هەروەها وتی: "زۆر خێزانی ئاوارە هەن کە لە خانوی کرێدا ژیاون و ئێستا چاوەڕێی تەواوبوونی وادەی گرێبەستەکانیان دەکەن."

موخلیف وتی خێزانی دیکە هەن کە گەڕانەوەیان دواخستووە تا منداڵەکانیان تاقیکردنەوەکانیان تەواوببێت و وتیشی "تەوژمی گەڕانەوە زیاددەکات" لە هەفتەکانی داهاتوودا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

خوا فەلوجە بپارێزێت و بە دووری بگرێت لە تێرۆریزم!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌