هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هەڵمەتێکی گەورە دەستیپێکردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی فەلوجە

عەلاء حسێن لە بەغدا

هێزە ئەمنیەکانی عێراق شەقامێك لە پارێزگای ئەنبار پاکدەکەنەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

هێزە ئەمنیەکانی عێراق شەقامێك لە پارێزگای ئەنبار پاکدەکەنەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

هەر کە رزگارکردنی فەلوجە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) راگەیەندرا، حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی بەهیمەتی دەستپێکرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و بیناکردنەوەی ژێرخانە وێرانبووەکەی.

ئەم کارە رێگا خۆشدەکات بۆ گەڕانەوەی خێرای ئاوارەکان بۆ شارەکە کە زیاتر لە 85,000 یان لە فەلوجە هەڵهاتوون لەوکاتەوەی شەڕی رزگارکردنی شارەکە لە 23 ئایار دەستیپێکرد، بەگوێرەی راپۆرتێکی بەرنامەی خواردنی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

پارێزگاری ئەنبار، سوهەیب راوی، بە دیارونای وت: "لەسەر بنچینەی رێوشوێنەکانی سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی لیژنەیەکی لاوەکی پێکهێنراوە بۆ خێراترکردنی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان لە فەلوجە."

راوی وتی لیژنەکە بە سەرۆکایەتی قایمقامی فەلوجە و بەشداریی نوێنەرانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە فەلوجە، دەزگای هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری و یەکەی لێکۆڵینەوەی سەربە وەزارەتی ناوخۆیە.

وتیشی: "ئەم لیژنەیە کار لەسەر ئەوە دەکات بەدواداچوونی زانیاریی ئەمنی خێراتربکات و هەماهەنگی بکات لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەت بە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ فەلوجە لە خۆئامادەکردندا بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان بەزووترین کات."

پارێزگار وتی لە 16 تەمموزدا سەردانی فەلوجەی کردووە بۆ پشکنینی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەوەی پشتڕاستکردەوە کەرەستەکانی ئاوەدانکردنەوە گەیشتتوون.

گەڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان

قایمقامی فەلوجە، سەعدون شەعلان، وتی: "گرنگترین تەحەدا لە فەلوجەدا چاککردنەوە و خستنەوەگەڕی وێستگەکانی ئاوی خواردنەوەیە، بەتایبەتی وێستگەی ناوەندیی ئاوی ئەزرەکیە کە ئاوی زۆربەی ناوچەکانی شار دابیندەکات و زیانی زۆری پێگەیشتووە. دەبێت ئەم وێستگەیە چاکبکرێتەوە پێشئەوەی ئاوارەکان دەستبکەن بە گەڕانەوە."

شەعلان بە دیارونای وت لەچاو کێشەی ئاودا هەموو کێشەکانی تر تاڕادەیەك ئاسانن و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسان کار لەسەر کردنەوەی رێگاکان و لابردنی پاشماوەی وێرانکاریەکان دەکەن.

وتی هەرچی کارەباشە، حکومەتی ناوخۆیی دەتوانێت کەموکورتیەکان بە بەکارهێنانی موەلیدە پڕبکاتەوە لەپاڵ خستنەگەڕی وێستگە زیانپێنەگەیشتووەکانی کارەبا، لەوانە وێستگەکەی تەنیشت کارگەی چیمەنتۆ، تا ئەوکاتەی هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەونەوەگەڕ.

وتیشی: "شاری فەلوجە بەتەواوی دەکەوێتەوە کار بۆ پێشوازیکردنی گەڕاوەکان لە مانگی ئەیلولدا کە تا ئەوکاتە هەموو رێگاکان و پردە ئاسنینەکە کراونەتەوە."

هەروەها وتی: "ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە ئاسانتر دەبێت وەك لە رەمادی، چونکە لەوەدەچێت داعش نەیتوانیبێت ماڵان و بینا حکومیەکان بۆمبڕێژبکات و ئەو تەقەمەنیانەشی بەجێیهێشتوون شتێکی ئەوتۆ نین."

دەستبەکاربووەنەوەی پۆلیسی ناوخۆ

بەوتەی فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار، لیوا هادی رزەیج، ژمارەیەك فەرمانگەی ئەمنی و ئیدارییش لەشارەکەدا کراونەتەوە.

رزەیج وتی بنکەی پۆلیسی فەلوجە و یەکەی بەرگری میللی و هەروەها نوسینگەکانی ئەنجومەنی ناوخۆیی، پۆلیسی هاتوچۆ و دەزگا ئەمنیەکانی شارەکە کراونەتەوە بەگوێرەی رێوشوێنەکانی وەزارەتی ناوخۆ.

وتیشی: "گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارەی شارەکە پرۆسەیەکی تەواو پارێزراو دەبێت و هیچ دزەکردنێکی تێرۆریستی رونادات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500