ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند ئاگربەستێکی جیهانی لە سوریا لەگەڵ خۆرئاوابوون چووە جێبەجێکردنەوە رۆژی دوشەممە (12 ئەیلول)، بەڵام گومانێکی زۆر هەیە لهوهی ئاخۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پابەندی دەبن یان نا چونکە هێشتا بە فەرمی ئیمزایان نەکردووە.
رێکكەوتنی ئاگربەستەکە رۆژی هەینی راگەیهندرا دوای گفتوگۆی نێوان روسیا و ئەمریکا، ئامانجیشی راوەستانی شەڕەکەیە بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ گەیاندنی هاوکاری زۆر پێویست بۆ سەدان هەزار مەدەنی.
بەپێی رێکكەوتنەکە، ئاگربەستە 48 کاتژمێرییەکە لە کاتژمێر 0700 ی ئێوارەوە دەستیپێکردوە بۆ راوەستانی شەڕ لەو ناوچانەی لەژێر دەستی گروپە توندڕەوەکاندا نین وەك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
بڕیاربوو گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ زۆر لە ناوچە گەمارۆدراوهكان و ئهوانهی "گەشتن پێیان ئاسان نییە" هاوکاتی ئاگربەستەکە دەستپێبکات، لەکاتێکدا هێزەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بڕیارە بەبێ هیچ بەربەستێك رێبكهنهوه بۆ هاریكارییهكان.
ئاگربەستەکە دوای هەر 48 کاتژمێرێك نوێدەکرێتەوە. ئەگەر بۆ هەفتەیەك بەردەوام بێت ئیتر روسیا و ئەمریکا پێکەوە گروپە توندڕەوەکان دەکەنە ئامانج بە داعش و بەرەی فەتحی شامەوە.
بهڵام ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی سوریا رۆژی دوشەممە داوای گهرەنتی کرد پێش ئەوەی رێکكەوتنەکە پەسەند بکات. راشیگەیاند کە رێکكەوتنەکە بە روونی دیارینهكردووه کە چ گروپێك "تیرۆریستە" و دەکرێتە ئامانج یان وەڵامیان چی دەبێت بۆ ئەوانەی بەندەکانی ئاگربەستەکە پێشێل دهکەن.
نیشانەیەکی دیکەی ناسکی ئاگربەستە ئەوەبوو سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد رۆژی دووشەمە (لە دوای نوێژی جەژن) بەڵێنیدا هەموو وڵاتەکە لە "تیرۆریستان" بگرێتەوە.