هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئاگربەست لە سوریا بەردەوامە بەڵام گەیاندنی هاوکاریەکان دواکەوتووە

مەدەنیە سوریە گەمارۆدراوەکان رۆژی چوارشەممە (14 ئەیلول) چاوەڕوانی گەیشتنی هاوکاریەکان بوون، بەڵام قافڵەی یارمەتیە مرۆییەکان لە جێگای خۆیاندا وەستاون هەرچەندە کردەوەی توندوتیژی بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو کەمیکردووە بەهۆی ئاگربەستە نوێکەوە.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا ستێفان دی میستورا رۆژی سێشەممە ستایشی ئاگربەسەتەکەی کرد بۆ "کەمبونەوەیەکی بەرچاوی توندوتیژی" لە وڵاتەکەدا هەرچەندە لێرە و لەوێ روداوی دابڕاو هەبوون. ئاگربەستەکە لەگەڵ خۆرئاوابوونی رۆژی دوشەممە دەستیپێکرد.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی ژمارەی هیچ قوربانیەکی بەدەست نەگەیشتووە لە وڵاتەکەوە لەو رۆژەی ئاگربەستەکە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە سەرباری ئەوەش کە هەردوولا پێشێلکاری بچوکیان ئەنجامداوە.

پێشکەوتنێکی دیکەی بەرچاو کە لەلایەنێکی گرنگی رێکەوتنەکەیە گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکانە بۆ سەرانسەری وڵاتەکە، بەتایبەتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندان.

لۆریەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە باکوری حەلەب لەناو تورکیا لە چاوەڕوانیدان، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاسایشی سوری رۆژی چوارشەممە وتی رژێم هێشتا هێزەکانی لەسەر شەقامی کاستێلۆ نەکشاندۆتەوە، ئەو شەقامەی بەرەو سنوری تورکیا دەچێت و نەمانی هێزە سەربازیەکان لەو شەقامەش یەکێك لە بەندەکانی رێکەوتنەکەیە.

وتەبێژی ئۆفیسی بەڕێوەبردنی کاروبارە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غازیعەنتاب لە تورکیا، دەیڤید سوانسۆن، وتی 20 لۆری لەسەر سنور وەستاون و پڕكراون لە خۆراك بۆ دابەشکردنیان بەسەر 40,000 کەسدا بۆ مانگێك.

وتیشی: "رەوشێکی زۆر ئاڵۆز لەئارادایە و ئێمە پێویستمان بە گەرەنتی باری ئاسایشە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500