هەرچەندە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە هەموو ئەو ناوچانەی عێراق بەدەرنراوە کە پێشتر لەدەستیدا بوون، هێشتا چارەنوسی هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی نادیارە، کە لە ئابی 2014 لە شەنگال رفێنران کاتێك گروپهكه داگیریکرد.
لەڕێی نوسینگەی کاروباری ئێزیدییە رفێنراوەکانەوە، کاربەدەستانی بەغدا و هەولێر ماوەیەکە کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی قوربانیانی ئێزیدی دەستی داعش.
بەڕێوبەری نوسینگەکە، حسێن قائیدی لە چاوپێکەوتنێکی ئەمدواییانەدا بۆ باسکردنی پێشڤەچوونی کەیسەکە بە دیارونای وت کۆمەڵگە و خێزانەکانی ئەم قوربانیانە هێشتا هیوایان لەدەستنەداوە.
وتی نوسینگەکە بەردەوامە لە هەوڵەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە بە یارمەتی بەردەوامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و قهواره نێودەوڵەتیەکان و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان.
وتی ئەم هەوڵانە بوونەتە هۆی ئازادکردنی هەندێك لەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە رفێنراوان هێشتا نادیارن.
دیارونا: ئێستا هەوڵەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە گەیشتوون بە کوێ؟
حسێن قائیدی: تائێستا بەردەوامین لە کارەکەمان بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بهدوای قوربانیانی گیراوی دەستی تیرۆریستانی داعشدا و چەند رۆژێك لەمەوبەر توانیمان ژنێکی ئێزیدی ئازادبکەین کە لەگەڵ کچێکی بچوکی لە 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون.
ژنهكه دۆزرایەوە لە کەمپی هۆل له سوریا.
پێشڤەچوونمان بەدەستهێناوە، بەڵام سەرچاوەكانمان سنووردارن. پشتیوانیمان پێدەگات لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییهوه بە پێشەنگی ئەمریکا، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکەش.
دیارونا: ئامار و زانیاری نوێت لایە دەربارەی ژمارەی قوربانییە رفێنراو و ئازادکراوەکان؟
قائیدی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، ئامارەکان بەردەوام نوێدەکرێنەوە و کۆی ژمارەی قوربانیانی رفێنراو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە 6,400 کەسە، هەموویان ئێزیدین، جگە لە 15 کەس کە مەسیحین.
لەوکاتەوەی نوسینگەکە دامەزراوە، توانیومانە کاربکەین بۆ رزگارکردنی 3,532 کەس، لەنێویاندا 339 پیاو و 1,199 ژن و منداڵ. کارەکەمان سەخت و مەترسیدارە، بەڵام باوەڕمان بە قەزیەکە وایکردووە ئاسانتربێت بۆمان.
هێشتا زیاد لە 1,900 کەس دیارنین. گەڕانەکانمان دەریخستووە کە هەندێکیان لەو ناوچانەن کە لەلایەن داعشەوە گیراون، وەك موسڵ و هەندێکیان هێشتا لەنێو خێزانەکانی داعشدان لە کەمپی هۆل. هەندێکیان له سنووری عێراق و سوریا پهڕیونهتهوه.
بەهیواین حکومەتی عێراق تهكنیكی نوێمان بۆ دابینبکات، وەك پشکنینی دی ئێن ئەی، تا یارمەتیمان بدات لە دەستنیشانکردنی رفێنراوانی زیاتر و خەڵکانی ونبوو، بەتایبەتی ئەوانەی کاتێك رفێنران كه هێشتا منداڵ بوون. هیچ کەس نازانێت ئێستا شێوەیان چۆنە، چونکە گەورەبوون.
دیارونا: هیچ هەواڵێك هەیە دەربارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی داعش لە شەنگال؟
قائیدی: زیاد لە 80 گۆڕی بەکۆمەڵی لە شەنگال دۆزراونەتەوە. هەندێکیان هەڵدراونەتەوە بەڵام زۆربەیان نا. نازانین ئایا ئێزیدیان تێدایە یان نا، بەڵام پێشبینی دەکەین زۆربەیان پیاوانی ئێزیدی بن کە ئەوکاتەی شەنگال لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، کوژران.
بەهیواین ئەم کەیسە دابخەین و یادی ئەو قوربانیانە بکەینەوە کە لەوێن و پۆلێنیان بکەین وەك یەکێك لە تاوانەکانی جینۆساید کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دژی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجامدراوە.
دیارونا: بۆچی زۆرێك لە ئێزیدیەکان لە دەرەوەی شەنگال دەمێننەوە، هەرچەندە رزگارکراوە؟
قائیدی: راستیەکەی ئەوەیە زیاد لەسهدا 80 ئێزیدیەکان لە کەمپەکانی ئاوارەکان دەژین لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی و بۆ زیاد لە شەش ساڵە لەوێن، لەبەر چەندین هۆکار، بەشێوەیەکی سەرەکی چونکە هەندێك میلیشیای یاخی و نایاسایی چەکدار هەن کە وادەکات نەخوازن بگەڕێنەوە شەنگال.
شەنگال بۆتە بنکەیهك بۆ ئەو گروپە چەکدارانەی پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق نابن.
جگه لەوەش، ناوچە ئێزیدیە وێرانکراوەکان هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە و زۆرێك لە خانووەکان هێشتا بۆمبڕێژکراون و لە تەقەمەنی پاکنەکراونەتەوە و هەندێکیان روخێنراون. ئێزیدیەکان لەڕووی دەرونیشەوە هێشتا ئامادەی گەڕانەوە نین بۆ ژیانی پێشوویان و تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە و هیچ چارەسەرێکی دەروونییان بۆ نەکراوە.
دیارونا: هیچ بهرنامهیهكی کۆمەك هەیە بۆ قوربانیانی رزگاربوو؟
قائیدی: بەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بهرنامهیهكی بەرفراوان جێبەجێدەکات و ئەمریکاش، لەڕێی باڵێۆزخانەکەیهوه لە بەغدا. نەتەوە یەکگرتوەکانیش بەشداریدەکات لە یارمەتیدانی رزگاربووان تا زاڵبن بەسەر ئهو گرێ دەروونیانهی ئەزمونیان کردووە.
چەند هەوڵێکی دیکە پرۆژەیەکی حکومەتی ئەڵمانیایان تێدایە، كه ماوەیەك لەمەوبەر خرایە گەڕ و لەڕێیەوە پێشوازیی له 1,000 کەس كردووه بۆ چارەسەرکردن.