هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هەڵدانەوەی 17 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال دەستپێدەکات

خالید تائی

خێزانە ئێزدییەکان لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال لە تەنیشت گۆڕێکەوە کۆبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ تەرمی کەسوکاریانی تیایدایە، كه‌ داعش کوشتنی و لەو شوێنە نێژران لە 3 ئاب 2019. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەرمی فەیسبوکی کۆچۆ]

خێزانە ئێزدییەکان لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال لە تەنیشت گۆڕێکەوە کۆبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ تەرمی کەسوکاریانی تیایدایە، كه‌ داعش کوشتنی و لەو شوێنە نێژران لە 3 ئاب 2019. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەرمی فەیسبوکی کۆچۆ]

دەسەڵاتدارانی عێراق لەمدواییانەدا رایانگەیاند كه‌ رێکارەکانیان تەواوکردووە بۆ هەڵدانەوەی 17 گۆڕی بەکۆمەڵی ئه‌و ئێزدییانه‌ی بە دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کوژراون لە شارۆچکەی شەنگال لە باکوری عێراق.

جێگری وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفال لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرڤان حەمدی وتی: "رێکارەکان تەواوبوون بۆ هەڵدانەوەی 17 گۆڕی بەکۆمەڵ کە تەرمی ئەو قوربانییە ئێزدییانەیان تیادان کە داعش کوشتبوونی لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال."

بە دیارونای وت دوای شکستی داعش "71 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال و دەوروبەری دۆزرانەوە".

وتی تەرمی 235 قوربانی دەستی داعش دەرهێنراون لە گۆڕێكدا كه‌ بەمدواییانە هەڵدرایەوە و گوێزرانەوە بۆ بەغدا بۆ تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی بۆ دۆزینەوەی ناسنامەکانیان.

تیمێكی هاوبەشی عێراقی و نێودەوڵەتی دەستدەکەن بە هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ لە شارۆچکەی شەنگال لە 9 ئازار 2019، تیایدا 28 قوربانی دەستی داعش دۆزرانەوە. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەرمی فەیسبوکی کۆچۆ]

تیمێكی هاوبەشی عێراقی و نێودەوڵەتی دەستدەکەن بە هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ لە شارۆچکەی شەنگال لە 9 ئازار 2019، تیایدا 28 قوربانی دەستی داعش دۆزرانەوە. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەرمی فەیسبوکی کۆچۆ]

وتی رێکارەکانی هەڵدانەوەی گۆڕەکان ئازاری پار دەستیانپێکرد، وەك بەشێك لە هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی شەهیدان و بەڕێوبەرێتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتی تەندروستی عێراق.

چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیش بەشداربوون لە هەوڵەکاندا.

وتیشی: "کاری ئێمە بەردەوامە و دەمانەوێت گۆڕی زیاتری ئێزدییەکان لە دوو هەفتەی داهاتوودا هەڵبدەینەوە به‌گوێره‌ی ئەو کاتەی دانراوە."

هەندێك لە رێکارەکان دواکەوتوون

بەرپرسێک لە رێکخراوی ئێزدییەکان بۆ بەڵگەکردن، حوسام عەبدوڵا وتی کێشەی گۆڕه‌كانی ئێزدییەکان "هێشتا بە خاوی دەڕوات".

بە دیارونای وت ئەوەش سەرباری بەڵێنەکانی حکومەتە "بۆ بەخێرایی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و پاراستنی مافەکانی قوربانیان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان به‌گوێره‌ی پرەنسیبەکانی دادوه‌رییی تاوان".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ تەنیا گۆڕەکان لە کۆچۆ هەڵدراونەتەوە "لەکاتێکدا چەندین گۆڕی دیکە لە چەند گوند و گه‌ڕه‌كی دیکە لە شەنگال تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە".

عەبدوڵا وتی: "ئه‌و تەرمانه‌ی لە گۆڕە هەڵدراوەکان دەرهێنراونه‌ته‌وه‌، هێشتا تاقیکردنەوەی بۆماوەییان بۆ نەکراوە و هاوتا نەکراون لەگەڵ نمونەی خوێنی خێزانی قوربانییەکان بۆ دۆزینەوەی ناسنامەکانیان."

وتیشی: "ئێمە هیوامان وابوو ئەو تاقیکردنەوانە تەواوببن و تەرمەکان رادەستی خێزانەکان بکرێنەوە بۆئەوەی پرسەیان بۆ دابنرایە لە ناوەڕاستی ئابی پاردا، کە پێنجەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی (کۆچۆ) بوو."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ به‌ڵام "حکومەت پابەندبوونی خۆی پشتڕاستکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی هەوڵەکان سەرباری کەمیی سەرچاوە داراییەکان و ئەو رەوشە نائاساییەی وڵات پیایدا تێپەڕدەبێت".

حەمدی پشتڕاستیکردەوە كه‌ هەندێك دواکەوتن هەبووە لە تاقیکردنەوەکانی دی ئێن ئەیدا بەهۆی "ئەو فشارەی لەسەر بەشی [پزیشکی داد لە بەغدا] هەبووە چونکە ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ لە بەشە جیاوازەکانی وڵات دۆزراونەتەوە".

وتی جگە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تەرمی قوربانییەکانی دەستی داعشیان تیادان، چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە هەن تەرمی قوربانیانی دەستی قاعیدە و ئەوانەیان تیادان کە لەژێر سایەی رژێمی پێشووی سەدام حسێندا کوژراون.

خێزانی قوربانییەکان وەڵامیان دەوێت

دادوەر ئەیمەن مستەفا بە دیارونای وت: "لانیکەم 1,000 خێزانی ئێزدی سکاڵایان تۆمارکردووە لە چەند ساڵی رابردوودا ده‌رباره‌ی منداڵ و كه‌سوكاریان کە بێسەروشوێن بوون ئەوکاتەی داعش شەنگالی داگیرکرد."

مستەفا دادوەری لێکۆڵەرەوەیە بۆ کۆمسیۆنێکی حکومەتی هەرێم کە لێکۆڵینەوە دەکات لەو تاوانانه‌ی داعش لە شەنگال و دەشتەکانی نەینەوا و دهۆك ئەنجامیداون.

وتی: "وەك پێکهاتەیەکی یاسایی، سەیری هەنگاوە یاساییەکان دەکەین بۆ تۆمارکردن و لێکۆڵینەوە و بە بەڵگەکردنی سکاڵاکان. بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی تاقیکردنەوە بۆماوەییەکانی تەرمەکان دەکەین تا بەردەوامبین لە رێکارەکانمان و پاراستنی مافەکانی قوربانیان و خێزانەکانیان."

مستەفا وتی داعش چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە کە دەکرێت وەك جینۆساید و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی پۆلێن بکرێن و جەختیکردەوە له‌وه‌ی ئه‌وه‌ بەرپرسیارێتی هەمووانه‌ كه‌ دادوەری دابینبكرێت و ئەنجامدەران بدرێنە دادگا.

لە کۆتایی تشرینی دووەم، سەرۆکی تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ بانگەشەکردنی بەرپرسیارێتی ئه‌و تاوانانه‌ی داعش ئەنجامیداون، کەریم خان وتی لێکۆڵینه‌وه‌كان 160 کەسیان ئاشكراکرد کە دەستیان هەبووە لەو تاوانانه‌دا كه‌ دژ بە ئێزدییەکان لە شەنگال ئەنجامدران.

کارەکان دەستیانپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان و ئامادەکردنیان بۆ دادگاکان.

داعش 6,417 کەسی رفاندووەو چاره‌نوسی نیوەیان هێشتا دیارنییە، بەگوێره‌ی ئامارە فەرمییەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500