پلانی حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی کەمپێك لە شارۆچکەی زوماری خۆرئاوای نەینەوا بۆ ئەو ئاوارە عێراقیانەی لەئێستادا لە کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی سوریا نیشتەجێن بۆتە هۆی زنجیرەیەك لە کاردانەوە.
هەندێك لە دانیشتوانی ناوچەکە هۆشدارییان داوە لەوەی کە خێزانی چەکدارانی پێشووی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەگوێزرێنەوە بۆ کەمپە نوێکە، کە بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانیە ناوخۆییەکان نیوەی تەواو بووە.
وەك بەشێك لە هەمان پلان، نوسینگەیەك بنیاتدەنرێت لە شارۆچکەی رەبیعەی سەر سنوور، کە لەوێ پشکنینی ئەمنی دەکرێت بۆ ئەو ئاوارە عێراقیانەی دواتر بە گروپ دەهێنرێنەوە نێو وڵاتەکە.
جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی کۆچی نەینەوا عازم حازم داود هەفتەی رابردوو بە دیارونای وت بەڕێوبەرێتی کۆچی نەینەوا "بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادار نەکراوەتەوە لە گواستنەوەی هیچ خێزانێك لە کەمپی هۆلەوە بۆ نەینەوا".
وتی: "چهند پلان و پێشنیارێك هەن و هاوتەریب بەوەش هەستێکی گشتی بە ترس هەیە لای خەڵکی ناوچەکە." جەختیکردەوە لەوەی هەر کەمپێکی نوێ بکرێتەوە "بەدڵنیاییەوە لەژێر چاودێری تووندی هێزە ئەمنیەکاندا دەبێت".
وتیشی پێدهچێت پلان ههبێت "بۆ لەخۆگرتنی لانیکەم 4,000 خێزان لە هۆلەوە" و ئاماژەیکرد بەوەی بە خەمڵاندن 30,000 عێراقی هەن لە کەمپە قەرەباڵغەكهی نێو بیابانهكهدا لە حەسەکە.
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە كه نایەوێت خێزانەکانی چەکدارانی داعش بگەڕێنێتەوە، بەڵکو ئەو عێراقیە مەدەنیانەی ناچاربوون هەڵبێن بۆ سوریا لە ترسدا کاتێك داعش چەند بەشێکی باکوری عێراقی داگیرکرد لە 2014.
حکومەت جەختیکردەوە لەوەی رادەستکردنەوەکان هەڕەمەکی نین، بەڵکو کۆنترۆڵی تووندیان لەسەرە کە تیایدا هەموو فایلە ئەمنیەکانی خەڵکە ئاوارەکە دەپشکنرێن تا بڕیاربدرێت لەوەی بەشداربوون لە کردەی تیرۆریزمدا یاخود نا.
'ترسی رەوا'
لەم چەند ساڵهی دواییدا، حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی سەرکەوتوو سەدان خێزانی عێراقیی گەڕاندۆتەوە کە لە کەمپی هۆل دەژین.
بەڵام ئەم هەنگاوانە نەبوونەتە هۆی دڵنیایی لای دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا، کە لەوێ بە دەیان خۆپیشاندەر بەمدواییانە هاتنە سەر شەقامەکان بۆ داواکردن لە حکومەت تا بە بڕیارهكهی خۆیدا بچێتەوە بۆ رێگەدان بە خەڵکە ئاوارەکە بۆ گەڕانەوە لە هۆلەوە.
ئەو پەرلەمانتارە عێراقیانەی نوێنەرایەتی نەینەوا دەکەن هەمان داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیان دووپاتکردۆتەوە.
بەڕێوبەری لیژنەی ئاوارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عاید لوهیزی بە دیارونای وت دانیشتوانی نەینەوا ترسێکی رەوایان هەیە.
وتی وێرانکاری و رەشەکوژی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدران هێشتا لە یادەوەرییاندا نوێن و ئاماژەیکرد بەوەی دانیشتوان نایانەوێت ئهو دۆخی سەقامگیری و ئاسایشهی ئێستا تیایدا دەژین بخەنە مەترسییەوە.
لوهیزی وتی هاوکات ئەوە گرنگە کە ئەو خێزانە عێراقیانەی لە کەمپی هۆل نیشتەجێن نابێت بەتەنیا جێبهڵێرێن و رووبەڕووی چارەنوسێکی نادیار بکرێنەوە.
وتی ئەو خێزانانە نابێت فەرامۆشبکرێن یان وازیان لێبهێنرێت.
بەرپرسیارێتی حکومهت
پسپۆڕێكی بواری سەربازی، جەلیل خەلەف شوەیلی بە دیارونای وت ئەو ژن و منداڵانەی لە کەمپهكانی وەك هۆل دەژین، گۆشەگیرکراون و رووبەڕووی دۆخێکی تووند دەبنەوە کە دەکرێت ئاسان بیانکاتە نێچیری تووندڕەوی.
وتی حکومەت بەرپرسیارێتی باشترکردنی دۆخی خەڵکی ئاوارەی هەیە لەگەڵ ئەوەی دەرفەتیان بداتێ بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات و بنیاتنانهوهی ژیانیان.
وتیشی: "خەڵکە ئاوارەکە و خێزانەکانی داعش لە هۆل نابێت فەرامۆشبکرێن و خواستی گەڕاندنەوەیان هەیە، دەبێت بهرنامهیهكی تایبەت هەبێت بۆ ئازادکردنی مێشکیان لە بیرۆکە بیانییەکان کە لەلایەن تیرۆریستانەوە تیایاندا چێندراون."
وتی رەتکردنەوەی ئەم ئایدۆلۆژیا لادەرە و بەهێزکردنی هەستی خاوەندارێتی، گرنگییهكی تەواوی هەیە تا دڵنیابین لەوەی نەوەکانی داهاتوو نابنە نێچیری تووندڕەوی و تۆڵە و رق دژی ئەوانەی لە دەوروبەریانن.
ههروهها وتی ئهگەر حکومەت شکستبهێنێت لە گرنگیدان بە خەڵكە ئاوارەکەی کەمپەکانی سوریا، ئەوە مەترسی بۆ خۆی دەبێت، چونکە ئەو خەڵکە دەکرێت ئەگەر و توانای هەڕەشەکردن لە عێراقیان هەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا و لەودیو سنوورەوە.
وتیشی بۆ تاوتوێکردنی ئەم بۆمبە کات بۆ دانراوە، "پێویستمان بە توێژینەوەی قووڵی کێشەکە و پشتیوانی و تواناکانی هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان هەیە لە بواری چاکسازیی دەروونی و ههڵسوكهوتدا".