ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی دەستیپێکرد بۆ پاککردنەوەی نزیکەی 70 کیلۆمەتری بیابان و ناوچەکانی دەرەوەی شار لەنێوان فەلوجە و سامەڕادا لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار پێنجشەممە (15 تشرینی دووەم) رایگەیاند.
فەرماندەی فەرماندەییەکە، لیوا مەحمود فەلاحی، بە دیارونای وت: "سوپا، بە پاڵپشتی یەکە ئەمنیەکان، دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ گەڕان بەدوای چالاکیی تیرۆرستی یان حەشارگەکانی داعشدا لە بیابانهكهی نێوان فەلوجە و سامەڕادا."
وتیشی: "هێزەکانی عێراق هەوڵدەدەن هیچ پشوویەك بە داعش نەدەن و رێگە لە ئەندامانیان بگرن لە بەدەستهێنانی هەر جێگەیەکی هەمیشەیی لەهەر ناوچەیەك."
هەروەها وتی: "موشەكهاوێژێك و کۆگایەك کە چەك و خواردەمەنی وشك و دەرمان و بەڵگەنامەی تێدابوو لە کاتژمێرەكانی سهرهتای ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەردا گیرا."
فەلاحی وتی تانکەرێکی سوتەمەنی کە پێدەچێت بۆ شانەکانی داعش بەکارهێنرابێت و سوتەمەنیشی تێدابوو دەستی بەسەرداگیرا و ئاماژەشی دا بەوەی حەوت کەس دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
وتیشی: "هیچ بەروارێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکە دانەنراوە کە ئامانجی ئەوەیە ناوچەكانی نێوان فەلوجە و سامەڕا سەلامەت و پارێزراوبێت."