هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوی تەندروستی جیهانی: پۆلیۆ 17 منداڵ لە سوریا ئیفلیجدەکات

سه‌رهه‌ڵدانی پۆلیۆ (ئیفلیجی) لە سوریا لانیکەم 17 منداڵی ئیفلیجکردووە لە مانگی ئازارەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی سێشەممە (20 حوزەیران) رایگه‌یاند و دۆخەکەی بە "زۆر جددی" لەقەڵەمدا.

پانزە کەیسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە لەوکاتەوەی بۆ یەکەمجار رێکخراوەکە، کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر، رایگەیاند كه‌ سوریا لە 2014وە نەخۆشی ئیفلیجیی تێدادەرکەوتووە.

وتەبێژی رێکخراوەکە، تاریم یاسارێڤیچ، لە جنێڤ بە رۆژنامەوانانی وت: "زۆر نیگەرانین، چونکە گەر یەك حاڵەتی پۆلیۆ هەبێت و منداڵێك ئیفلیج ببێت، ئەوە مانای وایە بڵاوبۆتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ یەك حاڵەتی ئیفلیجی بەهۆی پۆلیۆوە، مانای وایە 200 منداڵ ڤایرۆسەکەیان هەیە بەبێ ئەوەی ئاماژەکانی دەرکەوتبن.

"ڤایرۆسەکە بڵاودەبێتەوە. حاڵه‌ته‌كه‌ مه‌ترسیداره‌."

وتی حاڵەتە نوێیەکان هەموویان لەنێوان 3 ئازار و 23 ئایاردا دەرکەوتن، بەڵام تەنیا پشتڕاستکرابوونەوە، چونکە دوو مانگی دەوێت تا دڵنیایی دەدرێت لەسەر حاڵەتی ئیفلیجیی تەواو کە هۆکارەکەی پۆلیۆ بێت.

یاسارێڤیچ هۆشداریدا: "پێشبینی دەکرێت پشتڕاستکردنەوەی زیاترمان دەستبکەوێت."

هەموو حاڵەتەکان، تەنیا یەك دانەیان نەبێت، لە گەڕەکی مەیادینی پارێزگای دەوڵەمەند-بەنەوتی دێرەزوور بوون، کە زۆرینەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کۆنترۆڵکراوە و ئابڵوقەیه‌كیش له‌لایه‌ن پایتەخته‌وه‌ توانای دەستڕاگەیشتن بە شمەك و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی سنووردارکردووە بۆ هەندێك لە دانیشتوان.

رێکخراوەکە دیاریی نەکرد ئایا حاڵەتەکانی دێرەزوور لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا بوون یان نا.

یەك حاڵەتی ئیفلیجی کە رەنگە بەرهەمی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بێت کە زیاتر لە منداڵانی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ دەدات لە رەققەی بنکەی داعش دەرکەوتووە.

بەڵام یاسارێڤیچ وتی روون نیە ئایا پۆلیۆ لە رەققە بڵاوبۆتەوە یان ئەو منداڵە ئیفلیجە ڤایرۆسەکەی لە شوێنی دیکەوە تووشبووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500