هێزەکانی حکومەتی سوریا گازی کوشندەی دەماریان بەکارهێناوە لە خان شەیخون و سێ هێرشی تری ئەمدواییانەدا، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دووشەممە (1 ئایار) رایگەیاند و گازەکەی بە "شێوازێکی روونی" بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ناوزەندکرد کە لەوانەیه بچێتە خانەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکی نوێدا رایگەیاند هێزەکانی سوریا هەروەها هێرشكردن به گازی کلۆرین زیاددەکەن و دەستیانکردووە بە بەکارهێنانی موشەکی سەرپڕکراو لە کلۆرین لە شەڕی نزیك دیمەشقدا.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، کێنێس رۆس، وتی: "بەکارهێنانی گازی دەمار لەلایەن حکومەتەوە بریتییه له چڕتربوونەوەی كوشندانهی ناکۆکیەکان -- ههروهها بەشێکە لە زنجیرهیهك كردهی دووبارهبووهوه."
"لە شەش مانگی رابردودا، حکومەت فڕۆکەی جەنگی و ههلیکۆپتەر و هێزی زەمینیی بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی کلۆر و سارین بە دیمەشق و حەما و ئیدلیب و حەلەب."
وتیشی: "ئەمە بەکارهێنانی بەربڵاو و بەرنامەبۆداڕێژراوی چەکی کیمیاییە."
رێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 شایهتحاڵ کردووە و وێنە و ڤیدیۆی کۆکردۆتەوە کە زانیاری دەدەن لەسەر گومانی هێرشی کیمیایی لە خان شەیخون لە 4 نیسان و سێ حاڵەتی تری بەکارهێنانی گازی دەمار لە کانونی یەکەمی 2016 و نیسانی 2017.
دانیشتوانی خان شەیخون وتیان یەکەم بۆمب کە پێدەچێت گازی کوشندەی سارین بووبێت لەنزیك نانەواخانەی ناوەڕاستی شارۆچکەکە خرایە خوارەوە و دوای چەند خولەکێك سێ بۆ چوار بۆمبی تری پڕ لەتەقەمەنی بهردرانهوه.
دهیان وێنە و ڤیدیۆ کە لەلایەن دانیشتوانهوه گیراون چاڵی بۆمبی یەکەم پیشاندهدهن كه گازێکی رەنگ سەوزی لێدێتهدهر کە رێکخراوەکە وتی لەوانەیە بۆمبی KhAB-250 بێت.