سارینی دژە دەمار لە "روداوێکدا" بەکارهاتووە لە گوندێکی باکوری سوریا لە کۆتایی مانگی ئازاردا، پێنج رۆژ پێش هێرشە کوشندەکەی سەر خان شەیخون، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (4 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.
سەرۆکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان وتی: "شیکردنەوەی ئەو نمونانەی کۆکرانەوە (لەلایەن رێکخراوەکەوە)... پەیوەستن بە روداوێكهوه کە دووبارە ئەنجامدرا لە بەشی باکوری سوریا لە 30 ئازاری ئەمساڵدا."
ئەحمەد ئوزمچو وتی: "ئەنجامەکان بوونی سارین دەسەلمێنن."
هێرشەکەی خان شەیخون لە 4 نیسان پێشتر وازانرابوو کە یەکەم بەکارهێنانی سارین بێت لە هێرشە کوشندەکەی ئابی 2013وە لەناو و دەوروبەری دیمەشقدا کە سەدان کەسی کوشت.
بەڵام ئوزمچو وتی سارین لە گوندێك بەناوی لەتامنە بەکارهاتووە نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە باشوری خان شەیخون لە 30 ئازاردا.
وتیشی: "ئەوەی ئێمە ئێستا دەیزانین زۆر نییە. بەپێی راپۆرتەکان 50 کەس برینداربوون. هیچ مردنێك رانەگەینراوە."
هەروەها وتی لیژنەی دۆزینەوەی راستیەکانی سەربە رێکخراوەکە نمونەی خۆڵ و جلوبەرگ و ئەو پارچە کانزایانەی دەستکەوتووە "کە بۆ تاقیگەکانمان نێردراون و ئێمە ئەنجامەکانمان چەند رۆژێك لەمەوبەر بەدەستگەیشتووە."
وتیشی ئهوه "مایهی نیگهرانیه کە كهمێك سارین بەکارهاتووه یان بڵاوبۆتهوه تەنانەت پێش رووداوەکەی 4 نیسان".
حکومەتی سوریا تێوەگلانی رەتکردۆتەوە و دەڵێت چیتر چەکی کیمیایی نیە دوای رێککەوتنێکی 2013 کە بەڵێنی رادەستکردنی کارگە کیمیاییەکانی دا.
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی سەرەتای ئەمساڵ راپۆرتێکی پێشکەشکرد و پشتڕاستیکردەوە کە گازی سارین لە هێرشەکەی خان شەیخوندا بەکارهاتووە بەڵام تۆمەتی نەخستە پاڵ کەس.
بەڵام لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی رابردوو وتیان بەڵگەیان هەیە کە هێزەکانی سوریا لەپشت هێرشەکانەوە بوون، کە یەکەمین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە فەرمی رژێمی ئەسەد تۆمەتباربکات.
رێکخراوی میکانیزمی لێکۆڵینەوەی هاوبەش، کە لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئێستا لێکۆڵینەوە لە کێشەی بەرپرسیارێتی دەکات و راپۆرتەکەشی سەبارەت بە هێرشەکە لە چەند هەفتەیەکی کەمدا رادەگەیەنرێت.