شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە پشتیوانی تورکیا سێشەممە (23 شوبات) رایانگەیاند کە شارۆچکەی بابیان بەتەواوی کۆنتڕۆڵکردووە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دوای چەند هەفتەیەك لە شەڕی کوشندە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئاژانسی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیا رایگەیاند کە شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیانگرتووە بەسەر ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا، کە پێگەیەکی بەهێزی داعش بوو و تەنیا 25 کم دوورە لە باشوری سنوری وڵاتەکەوە.
فەرماندەی گروپی ئۆپۆزسیۆن سوڵتان موراد، ئەحمەد عوسمان، وتی: "ئێمە رایدەگەیەنین کە باب بەتەواوی ئازادکرا و ئێستا گەڕەکە نیشتەنیەکان لەمین پاکدەکەینەوە."
عوسمان وتی: "دوای چەند سەعاتێك لە شەڕکردن، دواین چەکداری جێماوی داعشمان راونا کە ورەیان رووخابوو دوای بۆردومانکردنی پێگەکانیان بە سەختی."
فەرماندەی مەیدانی لە دوو باڵی ئۆپۆزسیۆن لە شارۆچکەکەدا - لیوای حەمزە و موعتەسەم - هەواڵی وەدەرنانی داعشیان لە باب پشتڕاستکردەوە.
بەڵام روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند کە شەڕکەرانی داعش هێشتا لە چەند بەشێکی شارۆچکەکەدا ماون و ئاماژەیدا کە ئۆپۆزسیۆن کەمتر لە نیوەی شارۆچکەکەی لەژێر دەستدایە.