هه‌واڵه‌كانی عێراق

تورکیا رایگەیاند تەنیا '100 شەڕکەری داعش' لە بابی سوریادا ماوە

تورکیا چوارشەممە (22 شوبات) رایگەیاند کە کەمتر لە 100 شەڕکەری "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هێشتا خۆیان حەشارداوە لە شارۆچکەی بابی سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

میدیاکانی ناوخۆ بڵاویانکردەوە کە وەزیری بەرگری، فیکری ئیسیك، رایگەیاندووە کە نیوەی شارۆچکەکە لەژێر دەستی هێزە سەربازیەکانی تورکیا و شەڕکەرانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە.

ئیسیك بە تەلەفزیۆنی ئين تی ڤی وت: "پێشبینیدەکەین کە کەمتر لە 100" شەڕکەری داعش لە بابدا مابن. بەڵام کەسی زۆر مەترسیدارن. هەندێکیان قەنناس بەدەستن، هەندێکیشیان خۆکوژن."

ویشی: "زیاتر لە نیوەی شارۆچکەکە ئێستا لەژێر دەستی ئێمەدایە،" ئاماژەیدا کە ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی باب "تەواوبووە" و هێزە سەربازیەکان لە گەڕەکێکەوە دەچنە گەڕەکێکی تر بۆ "پاککردنەوەی" شارۆچکەکە.

فەرماندە مەیدانیەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند کە هێزە سەربازیەکان روبەڕوی بەرگریەکی سەخت بوونەوە چونکە داعش قەنناسی بەکارهێناوە لەگەڵ چاندنی بۆمب لەسەر رێگاکاندا.

هاوکات سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرڤ، رامی عەبدولڕەحمان، پێشبینیکرد کە هێزەکانی تورکیا و شەڕکەرانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن تەنیا 25% بابیان کۆنتڕۆڵکردووە و نزیکەی 700 ئەندامی داعشیش هێشتا لەوێدا چالاکن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500