هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای سنوردارکردنی مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات لەسەر سوریا

بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە (4 تشرینی یەکەم) داوای کرداری کرد بۆ راگرتنی تراژیدیا دەرکەتووەکەی حەلەب لە سوریا، و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ دیاریکردنی سنورێك بۆ دەسەڵاتی ڤیتۆی ئەندامەکانی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

زەید رەعد حسێن لە راگەیانراوێکدا وتی: "بەناچاری بەهۆی هەرەسی ترسناکی توندوتیژی و وێرانکاری، دەبێت هەنگاوی نائاسایی بنرێت،" و ئیدانەی کوشتنی 100 منداڵی کرد لە ماوەی 10 رۆژدا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی حەلەبی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن.

زەید وتی: "ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پێویستە، بەبێ هیچ دواکەوتنێك، پێوەرێك دابنێت بۆ سنوردارکردنی ئەندامەکانی لە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ کاتێك نیگەرانی مەترسیدار هەن کە تاوانەکانی جەنگ، وەك تاوانی دژی مرۆڤایەتی یان جینۆساید ئەنجامدەدرێن."

هەروەها وتی کە سنوردارکردنی دەسەڵاتی ڤیتۆی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش ئاسانکاری دەکات بۆ پەنابردنە بەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای لەبارەی بارودۆخی سوریا.

هەوڵی لەمجۆرە پەنابردنە پێشتر لە لایەن روسیا ڤیتۆ کراوە، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی سەرۆکی سوریا، بەشار ئەسەدە.

حەلەب، کە جاران وێستگەی بازرگانی سوریا بوو، ئێستا لە ناو دڵی هەڵمەتێکی گەورەی سەربازی دایە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاو روسیاوە.

هێرشەکە، کە 22 ئەیلول دەستیپێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی و نەخۆشخانەکان و بیناکانی نیشتەجێبوون تەخت بوون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن و مەزەندە دەکرێت کە 250,000 کەس لەژێر گەمارۆی حکومەتدابن.

زەید رایگەیاند کە پەنابردنە بەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی "زۆر زیاتر رەوا دەبێت بەهۆی ئەو بێباکی و پارێزبەندیە سەرسورهێنەرەی کە جەنگەکەی پێدەناسرێتەوە و گەورەیی ئەو تاوانانەی کە ئەنجامدراون."

هەروەها وتی کە هەندێك لە تاوانەکان "لەوانەیە بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەژماربکرێن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500