هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەریتانیا و فەرەنسا داوای ئابڵوقەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن دژی هێرشی کیمیاوی سوریا

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا وتی بەریتانیا و فەرەنسا رۆژی سێشەممە (30 ئاب) داوای ئابڵوقەی نەتەوەیەکگرتوەکانیان کردوە بۆ سەر سوریا دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەریخستوە کە رژێم هێرشی کیمیاوی ئەنجامداوە.

باڵوێزەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە لەندەن و پاریس بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی مەدەنی وەك تاوانی جەنگ ناساند بەر لە کۆبونەوەی داخراوی ئەنجومەنی (نەتەوە یەکگرتوەکان) لەسەر دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە.

باڵوێزی فەرەنسا فرۆنسوا دێلاترێ داوای "کاردانەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی [نەتەوە یەکگرتوەکانی]" کرد کە تیایدا "سەپاندنی ئابڵوقە لەخۆبگرێت بۆسەر ئەوانەی بەرپرسن لەو کردەوانە".

پانێڵێکی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دامەزراوە هەفتەی رابردوو لە راپۆرتێکدا وتی هێزەکانی رژێم لانیکەم دوو جار هێرشی کیمیاویان ئەنجامداوە لە ساڵەکانی 2014 و 2015 دا.

باڵوێزی بەریتانیا ماتیو ریکرۆفت وتی ئەنجومەنەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان "سەیری چۆنێتی سەپاندنی ئابڵوقە و جۆرێك لە بەرپرسیارێتی دەکات بەپێی میکانیزمی یاسا نێودەوڵەتیەکان"، هاوکات داوای "کاردانەوەیەکی بە‌هێزی جیهانی" کرد.

باڵوێزی سوریا بەشار جەعفەری رۆژی سێشەممە دەرەنجامی راپۆرتەکەی رەتکردەوە، ئەمە لەکاتێکدا باڵوێزی روسیا ڤیتالی چورکین وتی روسیا "پرسیاری زۆر جدی" هەیە بۆیە تاوەکو ئێستا ئامادە نییە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە قبوڵ بکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500