هه‌واڵه‌كانی عێراق

رژێمی سوری بەردەوامی بە هێرشکردنەسەر حەلەب دەدات دوای شکستی هەوڵەکانی ئاگربەست

هێزەکانی رژێمی سوریا بەردەوامییان دا بە هێرشکردنەسەر خۆرهەڵاتی حەلەبی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن دوای ئەوەی ئەنجومەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دووبەرەکی تێکەوتووە شکستی هێنا لە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێك بۆ پاراستنی شارەکە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، رۆژی دووشەممە (10 تشرینی یەکەم).

هێزەکانی رژێم و هاوپەیمانانی شەقام بە شەقام لە پێشڕەویدان لە بەشی خۆرهەڵات.

سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "پێکدادان لەسەر زەوی و هێرشی ئاسمانیی سەخت بەدرێژایی شەو و رۆژی یەکشەممەش بەردەوامبوون، بەتایبەتی لە گەڕەکی شێخ سەعید."

رۆژنامەی وەتەنی هەواداری رژێمی سوری وتی دواهەمین پێشڕەویەکان ئامانجیان پاککردنەوەی رێگایە بۆ "هێرشێكی گرنگ و یەکلاییکەرەوە".

روانگەکە رایگەیاند کە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران لەلایەن رژێم و هەوادارانیەوە 290 کەسی کوشتووە، لەناویاندا 57 منداڵ، لەکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانەوە لە حەلەب و 50 مەدەنیش، لەنێویاندا نۆ منداڵ، کوژراون لە بۆمبارانی ئۆپۆزسیۆندا بۆسەر گەڕەکەکانی خۆرئاوای ژێردەستی رژێم.

رۆژی شەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، روسیا ڤیتۆی بڕیارێکی کرد کە لەلایەن فەرەنساوە داڕێژرابوو، داوای کۆتاییهێنانی بە بۆمبارانی حەلەب دەکرد.

ئەمە پێنجەم جارە روسیا ڤیتۆ بەکاردەهێنێت بۆ رێگری لە جوڵەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرهەق بە شەڕ لە سوریا.

کەمێك پاش ڤیتۆکەی روسیا، ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەیەکی رکابەری مۆسکۆی رەتکردەوە کە داوای ئاگربەستی دەکرد بەڵام باسی لە راگرتنی هێرشە ئاسمانیەکان نەدەکرد.

لەهەمانکاتدا، ئاژانسە هەواڵیە روسیەکان رۆژی دووشەممە لێدوانێکی جێگری وەزیری ناوخۆی روسی، نیکۆڵای پانکۆڤیان گواستەوە کە وتی روسیا ئامادەیە بۆ گۆڕینی بنکە دەریاییەکەی لە بەندەری تارتوسی سوری بۆ بنکەیەکی هەمیشەیی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500