هه‌واڵه‌كانی عێراق

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجیەتی گفتوگۆکانی سوریا لە تەمموزدا دەستپێبکەنەوە

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا رۆژی چوارشەممە (29 حوزەیران) رایگەیاند هێشتا ئامانجی ئەوەیە گفتوگۆکانی ئاشتیی لە تەمموزدا دەستپێبکەنەوە، بەڵام داوای گرەنتی دەکات بۆ بەرەوپێشچوون لە پلانەکانی گواستنەوەی سیاسییدا.

دوای کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش، ستیفن دی میستورا وتی، "ئامانجمان ئەوەیە لە تەمموزدا ڕوبدات، بەڵام نەک بە هەر نرخێك بێت یان بێ گرەنتی."

ئەو گفتوگۆیانەی بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێن بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی سیاسیی بۆ جەنگی سوریا، کە بۆتە هۆی کوژرانی 280,000 کەس و ئاوارەبونی ملیۆنەها کەس.

دی میستورا وتی کاردەکات تا دڵنیابێت لەوەی "کاتێك داوای گفتوگۆ دەکەین کە ئەگەری بەرەوپێشچون هەبێت بۆ ئینتیقالی سیاسیی لە مانگی ئابدا،" کە ئەو دوا وادەیەیە کە لە لایەن ئەو گروپە نێودەوڵەتییەوە دانراوە کە پشتگیریی پڕۆسەی ئاشتیی سوریا دەکات.

نەخشەڕێگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پێکهێنانی دەزگایەکی ئینتیقالی دەکات لە دیمەشق تا 1ی ئاب، کە رەشنوسی دەستورێکی نوێی بەدوادا دێت و 18 مانگ پاش ئه‌وه‌ش هەڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت.

زۆربەی دبلۆماتکاران پێیانوایە وادەی 1ی ئاب بۆ رێککەوتن لەسەر گواستنەوەی سیاسیی لەکیسدەچێت، بەڵام دی میستورا رەتیدەکاتەوە دەرفەتی بەرەوپێشچوون بەکەم بگرێت، بە ئاماژەکردن بەوەی، "دبلۆماسییەتێکی زۆری نهێنی روودەدات."

دی میستورا وتی دەبێت حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن بگەڕێنەوە سەر مێز "بە هەستی پێویستیی زۆرەوە، کار لەسەر چەند بیرۆکەیەك بکەن بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان کە هەموان مەبەستیان لەمەیە لە ئینتیقالی سیاسیی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500