هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق بەتەواویی فەلوجە لەدەست داعش وەردەگرێتەوە

سەرۆك وەزیران حەیدەر ئەلعەبادی رۆژی یەکشەممە (26 حوزەیران) رایگەیاند هێزەکانی عێراق شاری فەلوجەیان ئازادکرد و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە یەك مانگییەکەش دوای گرتنەوەی تەواوی ناوچەکان، هەڵپەسێردرا.

لە وتەیەکی پەخشکراودا عەبادی وتی، "لەسەر دەستی عێراقیەکان ئازادیی فەلوجە بەدەستهات."

وتی، "ئەمە جێی دڵخۆشییە بۆ هەموو عێراقیەکان و هەموو خەڵکی عێراقییش مافی ئەوەی هەیە ئاهەنگ بەبۆنەی گرتنەوەی فەلوجەوە بگێڕێت."

عەبادی وتیشی، "بەمزوانە دەچینە ناو موسڵەوە، هەروەك چوینە فەلوجەوە و'دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام' (داعش) لە عێراقدا هیچ داهاتوویەکی نابێت."

سەرکەوتن کاتێك بەدەستهات کە هێزە تایبەتەکان گەڕەکی جۆلانی باکوری خۆرئاوای فەلوجەیان گرتەوە، کە دوا سەنگەر بوو توندڕەوەکان خۆیان تێدا حەشاردابوو.

وتەبێژیی ئاژانسی دژە-تیرۆر سەباح ئەلنوعمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کە دوو کاتژمێری نەخایاندووە و هێزەکانی دژە تیرۆر توانیویانە جۆلان بگرنەوە.

وتی، "داعش یەك فیشەکیشی نەتەقاند."

ئەو گروپە زۆرێك لە سەرکردە گرنگەکانی لە هێرشە ئاسمانیەکاندا لەدەستداوە، لەگەڵ دوو لەسەر سێی ئەو ناوچەیەی دوو ساڵ لەمەوپێش لە عێراق لەژێردەستیدابوو.

فەریق عەبدولوەهاب ئەلساعدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی فەلوجە وتی بەهۆی جەنگەوە زیانی سنوردار بەر شارەکە کەوتووە.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگی پێشوو نزیکەی 85,000 مەدەنیی ناچارکراون لە شوێنی خۆیان هەڵبێن، زۆربەشیان خۆیان خزاندۆتە نێو کامپی کاتییەوە کە ئاو و خۆراکیان کەمە.

عەبادی وتی بەهیوابووە کە ئاوارەکان زوو بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە حکومەت دەبێت بە ئاگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500