ئاڕاستەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی مامۆستایەکی فەرەنسی کە نیگاری کارتۆنی دەربارەی پێغەمبەر محەمەد لە پۆلەکەیدا پیشاندابوو، پێنجشەممە (22 تشرینی یەکەم) رووی لە سوریا کرد، ئەو شوێنەی بکوژەکە پەیوەندی لەگەڵ تووندڕەوێکدا هەبووە، سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە رایگەیاند.
حەوت کەس تۆمەتبارکراون بە تێوەگلان لە "کوشتارێكی تیرۆریستی" دوای ئەوەی عەبدوڵاخ ئانزۆرۆڤی 18 ساڵانی خهڵكی چهچێینیا رۆژی هەینی ساموێل پاتیی کوشت، لەنێویاندا دوو هەرزەکار هەن کە لە ناسینەوەی مامۆستاکەدا یارمەتییانداوە.
فەرەنسا چوارشەممە مەراسیمێکی رێزلێنانیان بۆ پاتی رێکخست، کە تێیدا سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن وتی مامۆستاکەی جوگرافیا و مێژوو لەلایەن "ترسنۆكان"ەوە کوژرا لهسهر نوێنهرایهتیكردنی بەها عهلمانی و دیموکراتیەکانی کۆماری فەرەنسا.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لە گەڕان و پشکنیندا بۆ یارمەتیدەرەکان، لێکۆڵەرەکانی دژەتیرۆریزم بۆیاندەرکەوتووە کە ئانزۆرۆڤ پەیوەندی هەبووە لەگەڵ تووندڕەوێکی روسی زمان لە سوریا کە تائێستا ناسنامەی ئاشکرانەکراوە.
رۆژنامەی لۆ پاریزیهن پێنجشەممە رایگەیاند کە ئەو کەسە تۆمەتبارەی ئانزۆرۆڤ پەیوەندیی لەگەڵدا هەبووە لەڕێی ئای پی ئەدرێسێکەوە ئاشکراکراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیدلیب، مۆڵگەیەکی تووندڕەوان لە باکوری خۆرئاوای سوریا.
لە پهیامێكی دەنگیدا بە زمانی روسی راستەوخۆ دوای رووداوەی کوشتنەکە، کە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە وەرگێڕدراوە، ئانزۆرۆڤ چەند جارێك ئاماژهی كردووه به ئایەتی قورئانی و ناوی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" هێناوە.
پهیامهكه لە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە، لەگەڵ دوو تویتدا، یەکێکیان وێنەی سەری لێکراوەی قوربانیەکە پیشاندەدات و لەوەی دیکەشدا ئانزۆرۆڤ ددان بە کوشتنەکەدا دەنێت.
چەند ساتێک دواتر بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
ئانزۆرۆڤ بە چەقۆیەکی درێژ سەری پاتیی لە جەستەی کردهوه. زۆربەی خوێندکارەکانی پاتی وێنەکانیان لەسەر ئینتەرنێت بینیووە پێشئەوەی بسڕدرێنەوە.
ئەو هەرزەکارانەی ئاماژەیان بە پاتی کردووە لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارەدا، درەنگانێکی چوارشەممە لهسهر کوشتنەکە تۆمەتبارکران.
باوكی یەکێک لەو خوێندکارانهی پاتیش تۆمەتبارکرا، کە هەڵمەتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە دژی مامۆستاکە راگەیاندبوو، ئەگەرچی كچهكهی لەناو پۆلەکەدا نەبووە کاتێک نیگارە کارتۆنییەکان پیشاندراون.
زیاتر لە 50 رێکخراو دادەخرێن
هەروەها رادیکاڵێکی ناسراوی ئیسلامیش تۆمەتبارکرا کە هانی باوکەکەی داوە تووڕهیی بەرامبەر پاتی ببزوێنێت.
سێ کەسەکەی دیکە کە دادگاییدەکرێن هاوڕێی ئانزۆرۆڤن، یەکێکیان گوماندەکرێت تا شوێنی رووداوەکەی گەیاندبێت لەکاتێکدا یهكێكی تریان هاودهمی بووه لهكاتی کڕینی چەکێكدا.
نوسینگەی دادگای دژەتیرۆریزم رایگەیاند كه دوو کەسیان تۆمەتباریشكران بە تێوەگلان لە کردەوەیەکی کوشتنی تیرۆریستیدا لەکاتێکدا کەسی سێیەمیان بە تۆمەتێکی سووکتر تۆمەتبارکرا.
پاتی، 47، بووە ئامانجی هەڵمەتێکی رقوكینه لهسهر ئینتهرنێت بەهۆی هەڵبژاردنی بابەتی وانەکانییهوه -- ههمان ئهو وێنانەی بوونه هۆی هێرشێكی خوێناوی لهلایهن چەکدارانی ئیسلامییەوه بۆسەر نوسینگەی گۆڤارە کاریکاتێرەکەی چارلی هێبدۆ لە کانونی دووەمی 2015.
پۆلیس لە کاتی روودانی تاوانەکانەوە چەندین هێرشی هەڵکوتانەسەری ئەنجامداوە، لەکاتێکدا حکومەت فەرمانیداوە بە داخستنی مزگەوتێک کە دەکەوێتە دەرەوەی پاریس و داخستنی کۆمەڵەی شێخ یاسین، گروپێک کە رایانگەیاند پشتیوانی له حەماس دەکهن.
حکومەتی فەرەنسا زیاتر لە 50 رێکخراوی تری دهستنیشانكردووه بۆ داخستن کە تۆمەتباركراون بە بوونی پەیوەندی بە ئیسلامی رادیکاڵەوە.
سەربڕینەکەی پاتی دووەمین رووداوی هێرش به چەقۆ بوو بەناوی تۆڵەکردنەوهی پێغەمبەر محەمەد لەوکاتەوەی مانگی رابردوو دادگاییکردنی ئهوانه دەستیپێکرد كه گومانی تێوهگلانیان لێدهكرێت له هێرشەکەی سهر چارلی هێبدۆ.