هه‌واڵه‌كانی عێراق

مێردمنداڵێکی فەرەنسی لەسەر مەیلی بۆ تیرۆر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند مێردمنداڵێكی فەرەنسی کە پەیوەندی بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ەوە هەبووە و گومانی لێدەکرێت لەپشت چەند هێرشێكەوە بووبێت، رۆژی چوارشەممە (14 ئەیلول) لە پاریس دەستگیرکراوە دوای ئەوەی گوایە رازیبووە هێرش ئەنجام بدات.

سەرچاوەکانی پۆلیس وتیان مێردمنداڵەکە پەیوەندی هەبووە بە رەشید قاسم کە توندڕەوێکی فەرەنسیە و گومانی لێدەکرێت فەرمانی کوشتنی دوو هاوژینە پۆلیسەکەی دابێت لە ماڵەکەیاندا لە مانگی حوزەیران و کوشتنی قەشەیەکی بەساڵاچوو لە کەنیسەیەکی نۆرماندی لە مانگی تەمموزدا.

سەرچاوەکان دەڵێن دەستگیرکردنی ئەم مێردمنداڵە دوورۆژ دوای سزادانی گەنجێکی تەمەن 15 ساڵان بووە لە رۆژهەڵاتی پاریس کە لەسەر پلانی نهێنی بۆ کردەوەی تیرۆریستی سزادراوە، دوای ئەوەی لەسەر تێلێگرام، کە ئاپڵیکەیشنێکی ناردنی نامەی کۆدبەندە، باسی لە پلانەکانی کردوە بۆ چەقۆ وەشاندن.

ئەویش لەگەڵ قاسم پەیوەندی هەبووە کە چەندین جار لە ڤیدیۆکانی تێلێگرام دەرکەوتووە لە سوریا و عێراق و داوای ئەنجامدانی هێرشی کردوە لە فەرەنسا.

وەزیری ناوخۆ بێرنارد کازنوڤ رۆژی چوارشەممە وتی دەزگاکانی هەواڵگری "کارەکانیان چڕکردۆتەوە" بۆ بەرگرتن بەو هێرشانەی کە پلانیان بۆ داڕێژراوە "لەلایەن چەند کەسێکەوە لە سوریا کە میتۆدی کۆدبەندیان بەکارهێناوە بۆ داواکردن لە گەنجەکان بۆ ئەوەی هێرش ئەنجامبدەن."

سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا مانوێل ڤال هاوکات وتی هەڕەشەی تیرۆر لە "دوا پلەی بەرزدایە" و دەزگا حکومیەکانیش "رۆژانە" هێرشەکان بەرپەچدەدەنەوە و گورز لە تۆڕە توندڕەوەکان دەوەشێنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500