ئهو گۆڕه بەکۆمەڵانهی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە بەجێهێڵدراون لە شەش شوێنی نوێی پارێزگای نەینەوا دۆزرانەوە و چاوەڕواندەکرێت گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەش بدۆزرێنەوە، بەرپرسانی عێراقی وتیان.
لەوکاتەوەی داعش لە پارێزگاکەی باکور وەدەرنراوە، چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە رووفاتی هەزاران قوربانی دەستی گروپەکە لەخۆدەگرن لە سەرانسەری عێراق دۆزراونەتەوە.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی شەهیدانی نەینەوا، زەین عەبدین موسلیح ساڵح وتی لەکاتێکدا حکومەتی عێراق کار لەسەر دیاریکردنی شوێنی قوربانیانی داعش دەكات، لە گەڕان بەدوای شوێنی نوێی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەوامن.
بە دیارونای وت کاتێک دانیشتوانی ناوچەکە و خۆبەخشان و هێزە ئەمنییەکان گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەدۆزنەوە، بەڕێوبەرێتییەکە پشکنینی سەرەتایی ئەنجامدەدات و دواتر دۆسییەک لەگەڵ رێکخراوی شەهیدان لە بەغدا دەکرێتەوە.
رێکخراوەکە دواتر تیمێک دەنێرێت کە پێکهاتووە لە ستافی بەڕێوبەرێتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و تیمی توێکاری لە هۆبەی تەندروستیی نەینەواوە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ شوێنەکە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پاسەوانی دەکرێت.
دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ
عەلی وتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە نەینەوا دەکەونە شەش ناوچەی سەرەکی: شەنگال، زومار، گەیارە، قهراج، بادوش و مەقالی، کە دەیانی گۆڕی بەکۆمەڵیان لێ دۆزراوەتەوە.
لە گوندی کۆجۆ له شەنگال، داعش نزیکەی 1,400 کەسی کوشت و لاشەکانیانی فڕێدایە گۆڕێکی بەکۆمەڵەوە. لە شوێنەکانی دیکە، لە گەیارە، سەدان قوربانی خرانە گۆڕی بەکۆمەڵی خەفاسەوه.
عەلی وتی گۆڕی بەکۆمەڵی تر ههن لە شارۆچکەی بادوش، کە لهوێ ئهندامانی داعش 670 زیندانییان کوشت لە بەندیخانەی ناوەندی شارۆچکەکە دوای ئەوەی گروپە تیرۆریستییەکە لە 2014 موسڵی داگیرکرد، ئەو شوێنەی بەرپرسانی ناوخۆ لە 28 حوزەیران گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێیان هەڵدایەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی پێشوودا لەگەڵ دیارونا، محەمەد عەسکەر شاقوڵی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی شەهیدانی نەینەوا، وتی رەنگە گۆڕەکە رووفاتی 500 قوربانی لەنێودابێت، ئەمەش دەیکات بە یەکێک لە گەورەترین ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە پارێزگاکە دۆزراونەتەوە.
ئێزیدییەکان داوای دادپەروەری دەکەن
هێشتا ناسنامەی رووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکە دیارینهكراون، بەڵام بەرپرسان پێیانوایە پێکدێن لە زیندانیانی بەندیخانەی بادوش و ئێزیدییە مەدەنییەکان.
نوێنەرێكی پێشووی ئێزیدییهكان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەرەکات شهمۆ بە دیارونای وت داعش چەندین تاوانی دژی ئێزیدییەکان ئەنجامداوە و خێزانەکانیان ئێستا داوای سزادانی گروپهكه دەکەن.
داوای لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەردەوامبن لە ئاشکراکردنی ناسنامەی رووفاتی ئەو قوربانییە ئێزیدیانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.
وتی ئێزیدییەکان و نوێنەرانیان دەیانەوێت چارەنوسی ئەو 3,000 منداڵ و ژنە بزانن کە هێشتا ونن و داوای دادپەروەری دەکەن.
تیمێکی هاوبەشی عێراقی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ کار لەسەر دەرهێنانی رووفاتهكانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن، بەتایبەتی لە شەنگال. ئامانجی ئەم هەوڵە کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی توێکارییە کە پەنجە بۆ داعش رابکێشێت.
لە 2017وە، زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی داعش دۆزراونەتەوە، کە بەسەر پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و کەرکوکدا دابەشدەبن.
شارەزایهكی یاسایی، عەلی تەمیمی بە دیارونای وت ویستێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بەئەنجامگەیاندنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان. وتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەییان پیشانداوە بۆ یارمەتیدانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکاندا.
وتی عێراق پێویستە هەوڵی وەرگرتنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بدات بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی تیرۆریزم، لەگەڵ هاوکاریکردن لە هەوڵە مرۆییەکانی بونیادنانەوەدا.
تاوانهكانی رێكخراوی "دهوڵهتی ئیسلامی" (داعش) بۆ ههمووان ئاشكران. بۆچی ئهم خاوێتییه له لێكۆڵینهوهكاندا و له دهركردنی سزاكاندا لهدژیان؟ بۆچی دهبێت بڕی گهوره پاره خهرجبكهین له خواردن و جلوبهرگ و خزمهتكردنی ئهو بكوژه تاوانبارانهدا؟! بهداخهوه، ئێمه له وڵاتێكداین كه یاسا پشتگیری له تاوانباران دهكات و دهیانپارێزێت.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت