مانگی سووری کوردی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)ی کردۆتەوە لە کەناری دەرەوەی شاری حەسەکە.
ئەم بەشەی باکوری سوریا لەلایەن بەڕێوبەرێتی خۆسەری و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وە بەڕێوەدەبرێت.
ئەو نەخۆشخانەیە تەنیا دانەیه لەوشێوەیە لە ناوچەکە و وەك بەشێك لە هەوڵە بەردەوامەکان دروستکرا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە لە ناوچەکە، کە یەکەمین کەیسی مردن بەهۆی کۆرۆناوە هەینی (17 نیسان) راگەیاند.
هەنگاوە بەرپێگرەکانی دیکە دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی مەیدانیی تێدایە لەگەڵ دابینکردنی بەشێك لە نەخۆشخانەیەکی دیکە وەك شوێنی کەرەنتینەکردنی نەخۆشە تووشبووەکان.
ئەندامێكی تیمی مانگی سووری کوردی، ئازاد دودێکی بە دیارونای وت مانگی سووری کوردی دەزگایەکی نوێی چارەسەری کردەوە بە مۆڵەتی بەڕێوبەرێتی تەندروستی لە باکوری سوریا.
وتی ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتە بە وەرگرتنی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و "تەنیا دەزگایە لە ناوچەکە کە خزمەتگوزاری چڕوپڕ دابیندەکات".
وتیشی دروستکراوە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و جیاکردنەوەی نەخۆشەکان لە یەك شوێندا تا چارەسەربکرێن، لەجیاتی دابەشکردنیان بەسەر چەند ناوەندێکی تەندروستیدا کە بۆ وەرگرتنی ئەو جۆرە کەیسانە دانەنراون.
دودێکی وتی ئەو نەخۆشخانە نوێیە توانای 120 قەرەوێڵەی هەیە و بواری فراوانکردنیشی هەیە.
وتی قەرەوێڵەکان لانیکەم سێ مەتر لەیەکەوە دوورن و نەخۆشخانەکە بەسەر سێ زۆندا دابەشکراوە، بەگوێرەی دۆخی نەخۆشەکان و تووندیی پەتاکەیان.
وتیشی مانگی سووری کوردی ناوەندێکی دۆخی کتوپڕی تەندروستیشی کردۆتەوە بۆ نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری حەسەکە، کە پێنج ئەمبولانسی تێدایە بە ستافەوە و بەردەوام کاردەکەن.
وتی جیا لەوەش، ناوەندی تەندروستی تەل حەجەر گەشەی پێدراوە و بەشێکی تەرخانکراوە بۆ نەخۆشە گومانلێکراوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ههروهها وتی ئەمە بۆ ئەوەیە رێگری بکرێت لەوەی بەر نەخۆشەکانی دیکە بکەون تا ئەوکاتەی دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت.
دودێکی وتی ئەو ستافە پزیشکیانەی تەرخانکراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی کۆڤید-19 و ناوەندی دۆخی کتوپڕ لە چەند خۆبەخشێك پێکهاتوون لەگەڵ ئەوانەی کاریان لە بەشی پزیشکی کردووە و راهێنانی تایبەتەیان پێکراوە.