بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەینی ( 17 نیسان) وتیان پیاوێك کە تەمەنی لە پەنجاکاندا بووە بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا مردووە له باکوری سوریای زۆرینە کورد.
نوسینگهی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی رایگهیاند كه پێنجشەممە زانیاری مردنەکەی پێگەیشتووە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە.
وتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی "زانیاری دابینکردووە کە ئاماژهدەکات بهوهی ئهو کەسەی لە نەخۆشخانەی نیشتمانی قامیشلی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە 2 نیسان مردووە، توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە".
وتیشی: "ئەندامێکی دیکەی ئەو خێزانە دەوترێت ئێستا لە نەخۆشخانەیە و نیشانەکانی کۆرۆنای هەیە و ئەنجامی پشکنینەکەی هێشتا دەرنەچووە." ههروهها وتی چاودێریکردن بەردەوامە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بۆ دۆزینەوەی کەیسی دیکە.
هەرێمەکەی باکور لەلایەن کوردەوە کۆنتڕۆڵدەکرێت، بەڵام رژێمی سوریاش تیایدا بوونی هەیە و ئەو نەخۆشخانەیە لەژێردەستی رژێمدایە.
دەسەڵاتدارانی کورد رژێمی سوریا تۆمەتباردەکەن بە دابیننەکردنی ئامێری هەناسەدان و پشکنین کە پێویستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا.
ئیدارە کوردییهكه لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند: "رەفتارەکانی حکومەتی سوریا... مەترسی دهخاته سەر ژیانی سورییەکانی باکوری رۆژهەڵات."