هه‌ر چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)، ئه‌بو به‌كر به‌غدادی، له ده‌ره‌نجامی هێرشێكی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكادا به چاره‌نوسی خۆی گه‌یشت، گروپه‌كه ناوی ئه‌و كه‌سه‌ی راگه‌یاند كه جێگه‌ی ئه‌وی گرتۆته‌وه.
به‌ڵام ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌بو ئیبراهیم هاشمی قوره‌یشی تا ئێستا ته‌موومژاویه و له‌گه‌ڵیشیدا ستراتیجی داهاتووی گروپه‌كه.
شاره‌زا له بواری داعشدا له عێراق، هیشام هاشمی، وتی: "شتێكی وا له‌سه‌ر ئه‌و نازانین جگه له‌وه‌ی دادوه‌رێكی پێشه‌نگی داعشه و سه‌رۆكی لیژنه‌ی 'شه‌ریعه'یه."
به‌ڵام هێشتا گومان له‌وه‌ش هه‌یه كه ئاخۆ ئه‌و پیاوه هه‌ر بوونیشی هه‌بێت.
هه‌ندێك پێشنیازی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه گروپه‌كه چاوه‌ڕێی ئه‌مه‌ی نه‌ده‌كرد و ڕاگه‌یاندنی ناوه‌كه وه‌ك هه‌نگاوێك وابوو بۆ پیشاندانی ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه ئه‌وان ئاگایان له پێشهاته‌كانه.
شاره‌زای بواری جیهانی عه‌ره‌بی له زانكۆی سایهنسس-پۆ له پاریس، ژان-پیه‌ر فیلیو، وتی: "تووندوتیژیی له‌ناوبردنی به‌غدادی رێكخراوه‌كه‌ی تووشی سه‌رسوڕمان كرد."
وتی: "له‌وكاته‌وه ناسنامه‌ی جێگهرهوهكهی راگه‌یاندووه كه نازانین ئایا به‌ڕاستی بوونی هه‌یه یان ته‌نها ڕوكهشێكه تا له پشتیه‌وه پرۆسه‌ی دانانی جێگره‌وه راسته‌قینه‌كه له عێراق و سوریا ئه‌نجامبدرێت."
ڕێنوێنی ستراتیجی
توێژه‌ری ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی و نێوده‌وڵه‌تی له واشنتۆن، سێس جۆنز، وتی: "له‌م جیهانه‌دا، نا‌توانیت ئه‌وه بشاریته‌وه كه كێ سهرۆكته، هیچ گروپێكی تیرۆریستی، نه دوێنێ و نه ئه‌مڕۆ، نه‌یتوانیوه پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی به نهێنی بهێڵێته‌وه."
جا بوونی هه‌بێت یان نا، جێگره‌وه‌كه هێشتا سه‌رۆكایه‌تییه‌كی به‌رچاوی پیشان نه‌داوه.
له سایه‌ی به‌غدادیدا، كه خۆی له ڕۆشناییش به‌دوور گرتبوو، داعش تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر نیمچه-ده‌وڵه‌ت ده‌كرد -- كتێبی قوتابخانه‌ی چاپده‌كرد و دراوی خۆشی داهێنابوو.
له‌و كاته‌وه‌ی گروپه تووندڕهوهكه له باغۆز راونراون له مانگی ئازاردا، كه دوا خاكی ژێرده‌ستیان بوو له سوریا، به‌گشتی ده‌ستیانكردۆته‌وه به په‌نابردنه به‌ر تاكتیكی گه‌ریلایی.
شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر قوره‌یشی بیه‌وێت خۆی له ركابه‌ری ناوخۆیی به‌دووربگرێت، ئه‌وا ناچارده‌بێت له تاریكی بێته‌ده‌رێ.
توێژه‌رێك له زانكۆی جۆرجتاون له واشنتۆن، دانیه‌ڵ بایمان، وتی: "كرژییهك دێته ئاراوه له‌نێوان سه‌پاندنی خۆی و پڕ كاریگهربوونیدا له‌گه‌ڵ خواستی بۆ ئه‌منییه‌ت."
هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی دووه‌میان ره‌نگه نرخێكهی به‌رز بێت و ببێته‌هۆی دروستكردنی بۆشاییه‌ك له‌به‌رده‌م گروپه تووندڕه‌وه‌كاندا بۆهه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی باڵاده‌ستی.
بایمان وتی: "ئێستا ده‌بینین چۆن [تووندڕه‌وه‌كانی] دیكه ڕه‌خنه‌ی تووند ده‌گرن و ده‌ڵێن له‌ڕاستیدا نا‌توانیت ببیته خه‌لیفه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خهلافهتێكتان نه‌بێت."
لای فیلیو، هێرشه خوێناویه‌كانی داعش له سینا له میسر و له ناوچه‌ی سه‌حارای مه‌زن كاتی زیاتر ده‌ده‌ن به سه‌رۆكایه‌تی ناوه‌ندی تا خۆیان رێكبخه‌نه‌وه.
'خاڵی وه‌رچه‌رخان'
توێژه‌ر له كۆمه‌ڵه‌ی كه‌له‌پوری ئه‌مه‌ریكی، رۆبین سیمكۆكس، ده‌ڵێت داعشێكی لاواز هیوایه‌كی كه‌می هه‌یه بتوانێت خاكی دیكه له داهاتوویه‌كی نزیكدا داگیربكاته‌وه، واته چه‌كداره‌كانی ده‌بێت ده‌ستبكه‌ن به تاكتیكی "سه‌ركێشی".
وتیشی: "له‌كاتێكدا ئه‌مه وا ده‌كات بیانكاته دوژمنێكی زه‌حمه‌تتر بۆئه‌وه‌ی بدۆزرێنه‌وه، هه‌روه‌ها واشده‌كات به زه‌حمه‌ت بتوانن ئه‌ندامی نوێ بۆ لای خۆیان رابكێشن به‌هه‌مان ژماره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی چیتر 'خه‌لافه‌تێك' نه‌ماوه تاوه‌كو بیانییه‌كان بتوانن گه‌شتی بۆ بكه‌ن."
وتی: "هه‌روه‌ها وا ده‌كات كۆكردنه‌وه‌ی پاره قورس بێت بۆیان له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر داعش داهاتێكی به‌رچاوی له‌ڕێی دانانی باج و پارهسهندنی زۆره‌ملێوه له‌وانه كۆده‌كرده‌وه كه له سایه‌ی 'خهلافهتهكهدا' ده‌ژیان."
لای بایمان ئه‌مه "خاڵێكی وه‌رچه‌رخانه بۆ گروپه‌كه".
وتی: "به‌ڵام به‌بێ زانینی شتێكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌ی، زۆر زه‌حمه‌ته بزانرێت به چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات."