ئایا راسته ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیی سه‌ركرده‌ی داعش جێگره‌وه‌ی خۆی ده‌ستنیشانكردووه؟
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له‌و راپۆرتانه‌ی له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوكراونه‌ته‌وه ده‌ڵێن ده‌ستنیشانیكردووه و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن نه‌یكردووه، به‌ڵام خودی ئه‌و ڕاستیه‌ی كه بابه‌ته‌كه تاووتوێده‌كرێت و بۆته جێی خه‌مڵاندن، ئاماژه‌ی بوونی گێژاو و دابه‌شبوونه له‌ناو گروپه‌كه‌دا، به‌گوێره‌ی شیكاروانان.
یه‌كه‌م راپۆرت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدادی جێگره‌وه‌ی خۆی ده‌ستنیشانكردووه، رۆژی 8 ئه‌یلول له راگه‌یندراوێكی ئاژانسی پڕوپاگه‌نده‌ی داعشدا، ئه‌عماق، باسكرا.
به‌ڵام راپۆرته‌كانی دواتر گومانیان خسته‌سه‌ر راستودروستیی راگه‌یه‌ندراوه‌كه و ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو كه هه‌واڵه‌كه له‌و كه‌ناڵه میدیاییانه‌دا بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه كه به‌وه ناسراون بابه‌ته‌كانی داعش\ئه‌عماق بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
ئایا ده‌بێت به‌غدادی كێی هه‌ڵبژاردبێت؟ هه‌روه‌ها بۆچی ره‌نگه ئه‌و بژارده‌یه جێی مشت‌ومڕ بێت؟
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی یه‌كه‌م، به‌غدادی هاوڵاتی عێراقی و كه‌سایه‌تی باڵای داعش ئه‌بو عه‌بدوڵا قه‌ره‌داشی وه‌ك جێگره‌وه‌ی خۆی ده‌ستنیشانكردووه.
میدیای عه‌ره‌بی و عێراقیش هه‌مان ناویان هێنابوو كاتێك له راپۆرته‌كانی پێشوودا ئاماژه‌یان به‌وه دابوو كه سه‌ركرده‌ی ده‌ستگیركراوی داعش ئه‌بو زه‌ید عێراقی، ناوی قه‌رداشی وه‌ك ئه‌گه‌رێك بۆ جێگرتنه‌وه‌ی به‌غدادی هێناوه.
نیشانه‌كانی دابه‌شبوونێكی قوڵ
شیكاروانه عێراقیه‌كان به دریارونایان وت ئاماژه‌دان به‌ناوی قه‌رداش نیشانه‌ی بوونی دابه‌شبوونی قوڵی ناو گروپه‌كه و دژیه‌كییه له‌لایه‌ن به‌غدادیه‌وه.
ئه‌وان ده‌ڵێن نازناوی قه‌رداش، كه بنه‌چه‌كه‌ی توركومانیه، جێی سه‌رسوڕمانه له‌كاتێكدا گروپه‌كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه باوانی به‌غدادی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "قوڕه‌یشی"، نه‌وه‌كانی ئه‌و تیره‌یه‌ی كه ده‌چنه‌وه سه‌ر په‌یامبه‌ر محه‌مه‌د.
ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی پێشینه بڕۆن، ئه‌وا جێگره‌وه‌كه‌ی به‌غدادی ده‌بێت ره‌زامه‌ندیی قه‌واره‌یه‌كی شه‌ریعه بباته‌وه كه پێكهاتووه له سه‌ركرده‌كانی داعش، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی راوێژكاریه‌وه نه‌وه‌ك دانان.
هاوكات، هه‌ندێك راپۆرت ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ته‌ندرووستی به‌غدادی له‌خراپبووندایه و شه‌ڕی ناوخۆ گێژاووی له‌ناو گرووپه‌كه‌دا درووستكردووه، كه تیایدا هاوڵاتیه بیانیه‌كان، به‌تایبه‌تی تونسیه‌كان، هه‌وڵی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان داوه دژی ئه‌و.
شیكه‌ره‌وه‌ی سه‌ربازی، سه‌فا ئه‌عسه‌م به دیارونای وت ئه‌گه‌ر ده‌نگۆی ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌كه راستبێت، ئه‌وا پێده‌چێت به‌غدادی ته‌نها له‌به‌رئه‌وه قه‌رداشی هه‌ڵبژاردبێت كه دڵسۆزی خۆیه‌تی.
ئه‌عسه‌م وتی ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌وه پیشانده‌دات كه "گوێنه‌دراوه به‌و مه‌رجانه‌ی گروپه‌كه خۆی دیاریكردوون" بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك وه‌ك سه‌ركرده‌ی داعش بشێت و ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی بڕیاره‌كه باوه‌ڕی فه‌رمانده‌كانی به‌غدادی له‌ق ده‌كات كه ئه‌گه‌ری هه‌یه پرسیار بخه‌نه سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ی.
وتی ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه ئاماژه‌ی بوونی سه‌رلێشێوانه له‌نێو داعشدا و بریتییه له "نیشانه‌یه‌كی ڕوونی ئاژاوه له‌نێو ریزه‌كانی گروپه‌كه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی بوونی نیه”.
وتیشی دوای شكستی سه‌ربازیی گروپه‌كه، پاشماوه‌كانی داعش په‌رته‌وازه بوون یان خۆیان حه‌شارداوه و ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌ی به‌غدادی، به‌بێ گوێدانه ناسنامه‌ی كه‌سه‌كه، "چاره‌نوسی گروپه‌كه ناگۆڕێت”.
هه‌نگاوه‌كه ره‌نگه ببێته مایه‌ی یاخیبوون
شاره‌زایه‌كی بواری سیاسه‌ت، عیسام فه‌یلی وتی ده‌ستنیشانكردنی قه‌رداش له‌لایه‌ن به‌غدادیه‌وه پێده‌چێت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیی نێوان دوو پیاوه‌كه بێت.
فه‌یلی به دیارونای وت: "قه‌رداش به‌رده‌وام هاوه‌ڵی به‌غدادی بووه هه‌ر له‌و رۆژگاره‌وه كه هاوزیندان بوون، نزیكه‌ی پانزه ساڵێك له‌مه‌به‌وبه‌ر”.
وتی به‌ڵام "ده‌كرێت زیانێكی گه‌وره له [به‌غدادی] بكه‌وێت به‌هۆی ده‌ستنیشانكردنی قه‌رداشه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌م جوڵه‌یه‌ی، سه‌ركرده‌ی داعش ئه‌وه پیشانده‌دات كه متمانه‌ی به فه‌رمانده‌كانی خۆی نیه”.
وتیشی له‌سه‌رو ئه‌مه‌شه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌رداش عێراقییه، ره‌نگه ئه‌مه ببێته‌هۆی "پته‌وكردنه‌وه‌ی هه‌ستی به‌په‌راوێزخستن و جیاكاری له‌نێو فه‌رمانده‌كانی داعشدا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به بنه‌چه بیانین”.
فه‌یلی وتی ئه‌مه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته‌هۆی قوڵبوونه‌وه‌ی دابه‌شبوونه‌كان له‌ناو ریزه‌كانی گروپه‌كه‌دا و "ره‌نگه یاخیبوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بێنێته‌كایه‌وه”.
شاره‌زایه‌كی بواری ئه‌منی، سه‌عید جه‌یاشی به دیارونای وت به‌غدادی كاریگه‌ریی خۆی له‌ناو پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی گروپه‌كه‌دا له‌ده‌ستداوه و ده‌ستنیشانكردنی قه‌رداشیش ره‌نگه ئاماژه‌ی سنوورداریی بژارده‌كانی بێت له ده‌ره‌نجامی ئه‌و له‌ده‌ستدانی كاریگه‌رییه‌وه.
وتی سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی باڵای داعش" ره‌نگه پاڵی به به‌غدادیه‌وه نابێت كه بڕیارێكی وه‌ها بدات.
وتیشی سه‌ركرده‌ی هه‌ڵهاتووی داعش "كه هیچ راگه‌یاندروێكی بڵاونه‌كردۆته‌وه بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی، پلان یان دیدگایه‌كی روونی نیه بۆ رزگاركردنی خۆی و گروپه‌كه‌ی له چاره‌نوسه یه‌كلابووه‌وه‌كه‌ی كه ئه‌ویش یان كوشتن یان ده‌ستگیركردنه”.
جه‌یاشی وتی گروپه‌كه له دۆخێكی قه‌یراناویدایه و ناتوانێت ئه‌و چه‌كدار و سه‌رچاوانه‌ی له‌ده‌ستیداون به‌ده‌ستبهێنێته‌وه.
وتیشی گروپه‌كه ده‌سه‌ڵاتی نیه وره‌ی چه‌كداره‌كانی به‌رزبكاته‌وه و به‌هۆی سستبوونی توانا میدیاییه‌كانیشیه‌وه ناتوانێت ئه‌و ده‌نگۆ و خه‌مڵاندنانه ڕه‌تبداته‌وه.
هه‌روه‌ها وتی: "ئه‌م گروپه له‌سه‌ر رێڕه‌وی مه‌رگه و كه‌سیش ناتوانێت رێڕه‌وه‌كه‌ی بگۆڕێت".
بڕوخێ داعش. شه‌رمه‌زار بن ئه‌وانه‌ی دوای ده‌كه‌ون.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت
مه‌رگ بۆ داعش! چاره‌نوسیان مه‌رگ ده‌بێت، به ویستی خودا!
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت
هاهاهاها
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت