دوای شکستی سەربازیی لە عێراق و سوریا، کورتهێنانی بەرچاو دەبینرێت لە بڕ و جۆرێتی ئەو پروپاگەندەیەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە بەرهەمدەهێنرێت و بڵاودەکرێتەوە، پسپۆڕان دەڵێن.
وتیان گروپەکە لەئێستادا تووشی کورتهێنانی سەختی سەرچاوەی دارایی، ئامێری بەرهەمهێنان و ستاف بۆتەوە و ئاماژەیان کرد بەوەی زۆرێك لە کارمەندانی راگهیاندنیان دەستگیرکراون یان کوژراون.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا سەعد مەعەن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه لە 21 ئاب وێنەگرێك لە موسڵ دەستگیرکرا کە کاری لەگەڵ داعش کردووە.
مەعەن وتی بەرپرس بووە لە گرتنی وێنە ئەوکاتەی داعش موسڵی گرت، بەرهەمی هونەریی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا شکۆ بەخشراوەتە تاوانکارییەکانی گروپەکە لەسەر ئینتەرنێت و لەڕێی ناوەندە میدیاییە مەیدانیەکانەوە بڵاویکردۆتەوە.
رۆژنامەوانی عێراقی و بەڕێوبەری رێکخراوی بەرگری لە مافەکانی رۆژنامەوانان، ئیبراهیم سیراجی وتی: " ئامێری پروپاگەندەی داعش ئیفلیجکراوە."
بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان داعشیان کردۆتە ئامانج لە زنجیرەیەك هێرشدا "کە گروپەکەی لاوازکردووە بەگشتی و بەتایبەتی ژێرخانی میدیایی".
وتی داعش ئەو کەسانەی لەدەستداوە کە شارەزایی میدیایی و هونەرییان هەبوو، بڵاوکراوەکان، ڤیدیۆ و وێنەی پروپاگهندهییان بەرهەمدەهێنا و بەیاننامەکانیان ئامادە دەکرد و ناوەرۆکی ئەمانەیان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بڵاودەکردەوە.
وتیشی: "داعش چیتر خاوەنی سوپایەك لە وێنەگر و پەیامنێر و کارمەندی هونەری نیە چونکە زۆربەیان کوژراون یان دەستبەسەرن."
'شتێك نەماوە بۆ پیاههڵدان'
سیراجی وتی ئەو وێنە نوێیانەی داعش لەسەر ئینتەرنێت بڵاویاندەکاتەوە واپێدەچێت خەڵکی ناپیشەوەر بە کامێرای کوالیتی نزم بەرهەمیان هێنابن.
وتیشی وێنەی کۆنتر تێکەڵکراون بەوانە لە هەوڵێکدا بۆ نیشاندانی هێز، لەگەڵ پارچەیەکی ڤیدیۆ کە ساختەکراوە بۆ بەلاڕێدابردنی بینەران.
وتی گروپەکە ماوەیەکە چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی تەڵخ بڵاودەکاتەوە کە دەڵێت گوایە لەکاتی ئۆپەراسیۆنە هەنوکەییەکانیدا لە عێراق گرتوونی، کە راست نیە.
وتی هەروەها نوێترین تۆماری هێرشەکانی بڵاودەکاتەوە، یان زیاد دەنێت بە ژمارەی قوربانی و هێرشە راستەقینەکانییهوه.
بەڕێوبەری کۆلێژی توێژینەوە رۆژنامەوانیەکانی زانکۆی بەغدا، هاشم حەسەن وتی دوای شکستی سەربازیی داعش، بەرهەمی میدیایی "بەشێوەیەکی بەرچاو لە بڕ و جۆرێتی کورتی هێناوە بەراورد بەوکاتەی یهكهمجار لە 2014 دەرکەوت".
بە دیارونای وت: "لەئێستادا داعش شتێکی نیە تا پێیدا ههڵبدات."
وتیشی: "هەڵمەتە ئەمنیەکان بوونەتە بەربەست لەبەردەم چالاکییهكانی ئەندامانی گروپەکەدا و ئامێره رۆژنامەوانییهكهشی ناچارکردووە کە ڤیدیۆ و وێنەی کۆن بەکاربهێننەوە و ناوەرۆکی ساختە بهرههمبهێنن بۆ چاندنی ترس و کاریگەریدانان لەسەر رای گشتی."
حەسەن وتی جەنگی شەکەتکەر کە سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە دوایین دەرکەوتنی جەماوەریدا لە کۆتایی نیسان بەڵێنی ئەنجامدانی دا "سەری نەکێشاوە بۆ هیچ دەستکەوتێك لە بواری مەیدانی و لە میدیاشدا".
گروپەکەی چواند بە "خانەی تووشبوو بە شێرپەنجە کە دیارنامێنن بەڵام دەکرێت دەربکەونەوە"، جەختیکردەوە لە پێویستی به وریایی و شەڕکردن دژی ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەی.
توانای میدیایی لاوازکراو
پسپۆڕێكی بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی بە دیارونای وت داعش "توانای ئەوەی لەدەستداوە سەرنجی خەڵکی ناوچەکە رابکێشێت بۆ ئایدۆلۆژیاکەی و کاریگەرییان لەسەر دابنێت، چونکە خەڵك ئەزمونی ژیانیان كرد لەژێردەستی تیرۆریستاندا".
وتی مەدەنیەکان تووشی "چەندین شێوازی ستەمکاری و نادادپەروەری بوونەوە" و ئاماژەیکرد بەوەی ژیان لەژێردەستی گروپەکەدا "هیچی کەمتر نەبوو لە مۆتەکەیهك".
شەریفی وتی داعش چیتر ناتوانێت وەك رابردوو برەو بە پەیامەکەی بدات، چونکە ناتوانێت خۆی رێکبخاتەوە و توانا سەربازی و میدیاییەکانی بەدەستبهێنێتەوە.
وتیشی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان سوورن لەسەر تێکشکاندنی ئەو توانایەی گروپەکە ماوێتی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی یەك لەدوای یەك بۆ هێرشکردنە سەر ئەندامەکانی و "ههروهها كردنه ئامانجی ئەوەی ماوێتی لە چالاکییه پروپاگهندهییهكانی، بەتایبەتی لەسەر ئینتەرنێت".
وتیشی "دەبێت فشاری ئەمنی بەرچاو" بەردەوامبێت لەسەر گروپەکە، جگه لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی هەوڵیداوە بیانقۆزێتەوە تا برەو بە ئایدۆلۆژیا لادەرەکەی بدات و خەڵکی پێ رابکێشێت.
وتیشی حکومەت دەبێت بەردەوامبێت لە تەرکیز خستنە سەر چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دەبنە هۆی ناکۆکی کۆمەڵایەتی، لەنێویاندا ئاوارەیی، خراپیی خزمەتگوزاری گشتی و گەشەکردنی هێواشی ئابوری، تا هیچ درزێك بە کراوەیی نەهێڵێتەوە.