هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش دەست بەسەر تەلەفۆنی مۆبایلدا دەگرێت لە موسڵ

خالید ئەلتائی

دانیشتوویەکی بەغدا لە گەڕەکی کەڕادە تەلەفۆنی مۆبایل بەکاردەهێنێت. لە موسڵ، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستی گرتووە بەسەر مۆبایلەکاندا. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

دانیشتوویەکی بەغدا لە گەڕەکی کەڕادە تەلەفۆنی مۆبایل بەکاردەهێنێت. لە موسڵ، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستی گرتووە بەسەر مۆبایلەکاندا. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق لە موسڵ نزیکدەبنەوە دوابەدوای زنیجیرەیەك سەرکەوتن دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، گروپەکە دەستیکردووە بە دەستبەسەراگرتنی تەلەفۆنی مۆبایل و ئامێرەکانی تری پەیوەندیکردن لە دانیشتووان، بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت.

هەروەها وتیان گروپەکە ژمارەیەك لە دانیشتوانی موسڵیشی کوشتووە بەتۆمەتی هاریکاریکردن لەگەڵ هێزە رزگارکەرەکان و دزەپێکردنی زانیاری.

بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، سەعید مەموزینی، وتی: "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانمانەوە لەناو شاری موسڵدا دەستمانکەوتووە، ئەندامانی داعش هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ سەندنی تەلەفۆنی مۆبایل لە دانیشتوان."

مەموزینی بە دیارونای وت: "تیرۆریستەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵان و هاوڵاتیانیان لەسەر شەقامەکان راگرتووە بۆ گەڕان بەدوای مۆبایلەکانیاندا. ئەوانەی تەلەفۆنی زرنگ (سمارت فۆن)یان پێبووە و پەیوەندیی تەلەفۆنی و مەسجیان بۆهاتووە یان ناردووە بێ هیچ گتوگۆیەك دەستگیرکراون."

وتی داعش لە دانیشتووانی قەدەغەکردووە ساتەلیت و تەلەفۆنی مۆبایل یان هەر ئامێرێکی پەیوەندیکردنی بێسیم بەکاربهێنن یان هەیانبێت کە رێگایان پێدەدات بچنەسەر ئینتەرنێت.

وتیشی نوسینگەی حەسبە (پۆلیسی ئایینی) ئەم گروپە بەردەوام لەگەڕاندایە بەدوای ئەوانەی لە یاسا و رێساکانیان لادەدەن و سزاکەشیان دەشێت مەرگ بێت ئەگەر ئەندامانی داعش گومانی ئەوە بکەن کەسێك هەواڵ یان زانیاری دەربارەی چالاکیەکانی گروپەکە دزەپێدەکات.

هەروەها وتی کە لە 31 تەمموز دەستەی رەمیکردنی داعش 12 کوڕی گەنجیان کوشت کە بەتۆمەتی هاریکاریکردنی سەربازانی عێراقی و پێدانی زانیاری دەربارەی جموجۆڵی ئەندامانی گروپەکە زیندانیکرابوون.

'خەو لێزڕانی' داعش

ئەندامی کۆمیتەی باڵای سەربەخۆی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، فازڵ غەراوی، وتی ئەم هەڵمەتە نوێیەی داعش لە موسڵ نمونەیەکی تری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە لەلایەن ئەم گروپەوە.

غەراوی بە دیارونای وت: "ئەو سەرکەوتنە بەرجەستانەی لەلایەن هێزەکانمانەوە دژ بە داعش بەدەستهاتوون و گەیشتنیان بە دەوروبەری موسڵ، خەوی لە تێرۆریستەکان زڕاندووە."

وتی لەڕێگای دەستگرتن بەسەر تەلەفۆنی مۆبایل و قەدەغەکردنی هۆکارەکانی پەیوەندیکردنەوە، داعش هەوڵدەدات دانیشتووانی شارەکە داببڕێت و چنگیان لێ گیربکات.

غەروای نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی کە زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی دەخوازن هاوکاری هێزە ئەمنیەکان بکەن وا لە داعش دەکات کردە دوژمنکارانەکانی چڕتربکاتەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق لە موسڵ.

وتیشی: "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، داعش چەندین کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە دژ بە هاوڵاتیانی موسڵ، لە نێویاندا خەڵکی مەدەنی، چالاکوانان، رۆژنامەوانان و ئەندامانی پێشووی هێزە ئەمنیەکان، بەتۆمەتی جیاواز کە دیارترینیان دزەپێکردنی زانیاری بووە."

هەروەها وتی: "ئەم کوشتارە رێکخراوانە هێشتا لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرنی داعشدا بەردەوامن، وەك لەلایەن سەرچاوە ناوخۆییەکانمانەوە پشتڕاستکراوەتەوە."

غەراوی وتیشی لە پێشبینیکردنی شەڕی رزگارکردنی موسڵدا، حکومەت پلانی داناوە بۆ کردنەوەی 12 راڕەوی ئەمین بۆ ئەو دانیشتوانانەی لە شەڕەکان هەڵدێن و ناوەندی تریش بۆ داڵدەدان و کۆمەککردنی ئاوارەکان.

ترسێکی یەکجار زۆر

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، داود جوندی، وتی: "چڕکردنەوەی کۆنترۆڵی داعش دژ بە خەڵکی موسڵ لاوازی و لەرزۆکی و ترسی بێوینەی لە نزیکبوونەوەی کۆتایی خۆی پیشان دەدات."

جوندی بە دیارونای وت هەڵکوتانە سەر ماڵان و دوکانەکان بۆ گەڕان بەدوای مۆبایل و ساتەلایتدا ئەندازەی ئەو ترسەی داعش دەردەخات. وتیشی ئەم ترسە زیاتریکردووە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێڵی پێشەوەی شەڕ لە موسڵ، دواهەمین قەڵای داعش لە عێراق.

هەروەها وتی: "من داوا لە خەڵکەکەمان لە موسڵ دەکەم وریابن و خۆیان لە چاوی داعش بپارێزن، بەتایبەتی لە ئەندامانی حەسبە. هەروەها تکایان لێدەکەم هەر شتێکیان لەدەست دێت بیکەن بۆ کۆمەککردنی هێزە ئەمنیەکان بۆ لەناوبردنی ئەم گروپە تاوانکارە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500