ئاماژەکانی رێککەوتنێك کە رێگە بە کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) دەدات بۆ کارکردن لە سێیەمین تۆڕی پەیوەندیگرتنی تەلەفۆنی سوریادا بۆتە جێگەی نیگەرانی لای هەندێك لایەن.
ئهمه چونكه ئەم هەنگاوە کاریگەریی جددی بۆ سەر ئابوریی سوریا هەیە، کە ئێران هەوڵدەدات کۆنترۆڵی بکاتو مینبەرێك دەداتە ئێران بۆ سیخوڕیکردن وچالاکی چاودێری، پارێزەری سوری، بەشار بەسام بە دیارونای وت.
وتی بە سەندنی پشکێك لەم کەرتە ئێران دەتوانێت گوێبگرێت لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان و خراپ بەکاریانبهێنێت، لەگەڵ سەپاندنی مەرجی بەکارهێنان کە لەگەڵ کارنامەی خۆیدا بگونجێت دەربارەی چاودێریکردنی رکابەرەکانی.
سەرەتای ئەم مانگە، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای سوریا، ئەیاد خەتیب بە پەرلەمان و حکومەتی وت کاردەکات لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی بۆ دامەزراندن و خستنهگهڕی سێیەمین تۆڕی پەیوەندیگرتنی تەلەفۆنی لە سوریا.
بەسام وتی ئەم خواسته پێشتریش دووجار راگەیەنراوە، لە 2016 و 2017، لەکاتی گفتوگۆکاندا دەربارەی رێکەوتنامە بازرگانی و ئابورییەکان لەنێوان ئێران و سوریادا.
وتی بەڵام رێکەوتنەکە ئێستا پشتڕاستکراوەتەوە، چالاککراوە و راستەوخۆ دراوە بە کۆمپانیایەکی سەر بە پاسداران.
وتیشی: "کۆمپانیایەکی سوری وەك رووکەش کاردەکات، لەبەرئەوەی یاسای سوریا دەخوازێت کۆمپانیاکانی تۆڕە تەلەفۆنیەکان سوری بن، بەڵام سەرمایەی کۆمپانیاکە ئێرانیە و ئەو کۆمپانیایانەش کە لە تۆڕە نوێیەکەدا کاردەکەن."
ئەو تۆڕە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای پەیوەندیگرتنی تەلەفۆنی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە خاوهنهكهی گروپێك کۆمپانیایه و لانیکەم دووان لەوانە سەر بە پاسدارانن.
ههژموونی فراوانبووی ئێران
بەسام وتی: "ئەو رێکەوتنە یەکێکە لە ههنگاوهكانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابوریی سویا." ئاماژەیکرد بەوهش كه ئێران لەئێستاوە دەستی خستۆتە چەندین کەرتەوە.
تەلەفزیۆنی عالەم-سوریا کە کەناڵێکی ئاسمانیە و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دارایی دەکرێتلە تشرینی دووەمی 2017 دەستیکرد بە پەخشکردن و ئهو توانایه دهدات به ئێران كه برەوبدات به ئەجێندا و ئایدیۆلۆژیاكهی.
وتی دەستگرتن بەسەر بەشێك لە کەرتی پەیوەندییگرتندا وادەکات ئێران بتوانێت چالاکیی سیخوڕی و چاودێریکردنی رکابەرانی لە ناوچەکە ئهنجامبدات -- کە ئێستا لە ناوخۆدا دەیکات.
سزاکانی 2013ی ئەمریکا بۆ سەر پیشهسازییه ئەلەکترۆنییهكانی ئێران ئاماژەیان بهوە دەکرد کە کۆمپانیاکە ژمارەیەك كاڵا و خزمەتگوزاریی لەکارخستن و چاودێریکردن و سیخوڕیکردنی دابینکردووە.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا رایگەیاند: "لەکارخستنی سەتەلایت لە ئێران واقیعیهتێكی باوە. بەکارهێنراوە بۆ سانسۆرکردنی بیروڕای ئازاد و قەدەغەکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لەڕێی دەستێوەردانی بەئەنقەستهوه بە مەبەستی رێگرتن لە دهستگهیشتن به هەندێك بابەت."
راشیگەیاند: "لەکارخستنی پەخشی ماهوارهیی و زهمینی بەڕادەیەکی بەرچاو لە ئێران بەکاردەهێنرێت بۆ رێگرتن لە دەستڕاگەیشتن بە هەندێك هەواڵ و زانیاری کە لە دەرەوە پەخشدەکرێن." ئاماژەیکرد بەوەش كه بەکارهێنراوە بۆ بەرگرتن و لەکارخستن یان دەستێوەردان لە پەیوهندیگرتن وەك پەیوەندیی تەلەفۆنی، کورتەنامە، سیستمی جی پی ئێس و تۆڕەکانی وایفای.
چالاکیە سیخوڕیەکانی ئێران
وەزارەتی دارایی رایگهیاند: "لە 2011وە، حکومەتی ئێران توانای چاودێریكردنی خزمەتگوزاریی کورتەنامەی هەیە لەڕێی سیستمێکی چاودێریکردنەوە کە لەلایەن کۆمپانیای ئەلەکترۆنی ئێرانەوە دانراوە."
راشیگەیاند: "لە سیاقی بەکارهێنانیاندا لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، چاودێریکردن و سیخوڕیکردن بەشێکی دانەبڕاوە لە هەوڵەکانی رژێمی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی ناوەڕۆکیان و چهپاندنی رادەربڕین."
وەزارەتی دارایی رایگەیاند كه جگه له چاودێریکردنی چالاکییهكانی سەر ئینتەرنێت، "بەرپرسانی ئێران بەشێوەیەکی ئاسایی سیخوڕیکردن بەکاردەهێنن بۆ دهستگیركردن و لێکۆڵینەوە له چالاکوانە سیاسییەکان".
خۆپیشاندەرێکی ئێرانی کە بەشدارییکرد لە خۆپێشاندانەکانی دژ به حکومەتدا لە کۆتایی 2017 و سەرەتای 2018 بەرپرسانی تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ بڕینی پەیوەندیی تەلەفۆنی بەشێوەیەکی ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵك "هەرکات هەر ناڕهزاییهك بەدیبکەن".
ئەوکات خۆپیشاندەرەکە بە دەستەخوشکی دیارونا، مەشاریقی وت كه ئەمە ئەنجامدەدەن بە بڕینی خزمەتگوزاری هێڵی ئینتەرنێت یاخود لاوازکردنی كه بەجۆرێك بێسوود بێت و وتیشی ماڵپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دادەخرێن.
بەسام ئاماژەیکرد بەوەی بە دامەزراندنی بورجەکانی تەلەفۆن و سەتەلایت لەنێو سوریادا، ئێران دەتوانێت تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەکاربهێنێت و چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بکات.
وتی کۆمپانیای پەیوەندیگرتنی تەلەفۆنی ئێران "بە بێگومان دەچێتە بازاڕی سوریاوە بەهێزێکی زۆرهوه بۆ کێبڕکێ لەگەڵ دوو کۆمپانیاکەی دیکە کە ئێستا کاردەکەن".
وتیشی بە پێشکەشکردنی نرخی سەرنجڕاکێش، دەتوانێت بەخێرایی گەشەبکات.