روسیا پێنجشه‌ممه (16 ئایار) رایگه‌یاند كه ره‌شنوسی پڕۆژه‌بڕیارێكی پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه، تێیدا رێكخراوی چاودێریكردنی چه‌كه كیمیاییه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه تۆمه‌تبارده‌كات به سیاسیكردن، ئه‌مه‌ش پێشئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر چه‌كی كیمیایی له سوریا ده‌ستپێبكات، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
ره‌شنوسه‌كه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، كه تێیدا روسیا ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆی هه‌یه، تاكه دامه‌زراوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه كه ده‌توانێت رێوشوێن بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی پێشێلی به‌ڵێننامه‌ی كۆنگره‌ی چه‌كی كیمیایی ده‌كه‌ن.
رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چەکی کیمیایی ساڵی رابردوو رازیبوو به دانانی میكانیزمێك بۆ ئاشكراكردنی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه كیمیاییه‌كان، هه‌نگاوێك كه به‌تووندی له‌لایه‌ن روسیا و سوریاوه دژایهتیكرا.
دیپلۆماتكارانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان وتیان ئامانجی پێشنیاره‌كه‌ی روسیا سنوورداركردنی كاره‌كانی رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چەکی کیمیایی بووه له‌كاتێكدا لێكۆڵینه‌وه بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ن كه له پشت چه‌كه كیمیاییه بهكارهاتووهكانهوه بوون له سوریا.
دیپلۆماتكارێك، كه نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتی: "بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه كه روسیا هه‌وڵده‌دات كاره‌كانی رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چەکی کیمیایی سنوورداربكات."
دیارنییه ئاخۆ ره‌شنوسی پڕۆژهبڕیارهكه ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه. پڕۆژهبڕیارهكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێویستیان به نۆ ده‌نگ و به‌كارنه‌هێنانی هیچ ڤیتۆیهكه تا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه په‌سه‌ندبكرێت.
دیپلۆماتكاران وتیان پڕۆژهبڕیارهكه له‌لایه‌ن چینه‌وه پشتگیریده‌كرێت.
به‌ڕێوبه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ، لویس چاربۆنو وتی: "ئه‌مه له هه‌وڵێكی نائومێدانه ده‌چێت بۆ رێگریكردن له‌وه‌ی زیاتر پشتڕاستی ئه‌وه بكرێته‌وه كه حكومه‌تی سوریا، وه‌ك داعش، چه‌ندین جار چه‌كی كیمیایی به‌كارهێناوه و یاسای نێوده‌وڵه‌تی پێشێلكردووه."