2018-08-07

هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان 28 چه‌كداری داعش ده‌كوژن له‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا

لانیكه‌م 28 چه‌كداری "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) كوژران دووشه‌ممه‌ (6 ئاب) له‌ هێرشێكی ئاسمانییدا به‌ هه‌ماهه‌نگیی هاوپه‌یمانان و چه‌كدارانی پاڵپشتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.

رامی عه‌بدلوره‌حمان، سه‌رۆكی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، وتی كه‌ "لانیكه‌م 28 چه‌كداری داعش كوژران له‌ هێرشێكی ئاسمانی و زه‌مینیدا" له‌ پارێزگای دێره‌زوور.

ناوبراو وتی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له‌ هاوپه‌یمانییه‌كی چه‌كدارانی كورد و عه‌ره‌به‌، هێرشێكیان ئه‌نجامدا له‌ ناوچه‌ی بیر مه‌لیحی پارێزگاكه‌، كه‌ له‌سه‌ر سنووری عێراقه‌.

ناوبراو وتی خاكی ژێرده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ "مۆڵگه‌یه‌كی بچوك" له‌وكاته‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌سه‌ره‌تای ئایاردا دواهه‌مین قۆناغی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ئه‌نجامدا بۆ به‌ده‌رنانی چه‌كداران له‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا.

داعش، كه‌ پێشتر به‌شێكی سوریا و عێراقی كۆنترۆڵكردبوو، له‌ چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی جیاوازدا بۆردومانكراوه‌ و ئه‌مڕۆش كۆنترۆڵی كه‌متر له‌سه‌دا سێی سوریا ده‌كات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 Di icons no

0 كۆمێنت

* واتە ئەم خانەیە پێویستە
Captcha